زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بە هاوکاری ڕێکخراوی COWATER کۆتایی بە خولێکی ڕاهێنان هێنا

ئەمرۆ چوارشەممە 25ی ئەیلوولی2024، بە ئامادەبونی پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، پ.ی.د. بۆتان مەجید ئاسنگەر یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا، بەشێک لە بەرێوەبەرانی سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر مەراسیمی کۆتایی هێنان بەخولێکی ڕاهێنان بۆ ستافی CDC زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر ئەنجام درا.

سەرەتای مەراسیمەکە سەرۆکی زانکۆ لە ووتارێکیدا سوپاس و دەستخۆشی خۆی ئاراستەی ڕێکخەران خوولەکە کرد، هیوای سەرکەوتن و سوود بینینی  بۆ بەشداربوانی خولەکە خواست، بەو ئامانجەی ئەم خولە بتوانێت گۆڕانکاری باش لە کۆلێژ و پەیمانگەکان لە بواری CDC بکات.

لە بەشێکیتری ووتارەکەی سەرۆکی زانکۆدا پالپشتی خۆی بۆ ئەم جۆرە خولانە دەربڕی و ئاماژەشی بەوە کرد ئەم خولانە ڕۆڵی گرینگیان دەبێت لە بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی زانکۆمان، بۆ ئەمساڵی خوێندنی 2024-2025 زانکۆمان چەندین بەشی نوێی کردۆتەوە بە ئامانجی خۆ گونجاندن لەگەڵ بازاری کاردا بۆئەوەی قوتابیانی ئەم بەشانە بتوانن  دوای دەرچوونیان هەلی کار لە بازارەکانی کوردستان بەدەستبێنن.


خولەکە بە هاوکاری ڕێکخراوی COWATER لە پڕۆژەی ازدهاراک لە لایەن یەکێتی ئەوروپا تەمویل کراوە، بەمەبەستی بەشداریکردنی ستافی سەنتەری گەشەپێدان بۆ کار لە گشت کۆلیژ و پەیمانگە تەکنیکیەکانی سەر بە زانکۆمان بەڕێوەچوو.

وۆرکشۆپەکە لەشاری هەولێر ماوەی سێ رۆژی خایاند، بە مەبەستی پەرەپێدانی تواناکانی بەشداربوان لە بواری گەشەکردنی کار، شیکردنەوەی ئەرکەکانی سەنتەر، پێکهاتە و چۆنیەتی ڕێکخستنی کارەکانی ستافی سەنتەر بۆ ئەوەی بتوانن بە باشترین شێوە کارو ئەرکەکانیان ئەنجام بدەن، بە ئامانجی ئەوەی دەرچووانی زانکۆ بتوانن جێگای خۆیان لە بازاری کار بکەنەوە.

ئەم وۆرک شۆپە بە سەکۆیەکی گرنگ دائەنرێت بۆ ئاڵوگۆری زانیاری و پەرەپێدانی ستراتیژیەکان بۆ بەرز کردنەوەی هەلی کارو گەشەپێدانی پیشەیی بۆ گەنجان لە ڕێگای هاوکاری و هەماهەنگی لەگەل کۆمپانیاو دامەزراوەکانی کەرتی تایبەت و کەرتی گشتی لە کوردستان.
لە کۆتایی خولەکەشدا سەرۆکی زانکۆ بروانامەی بەشداربوونی بەسەر بەشداربوانی خولەکە بەخشی و دووبارە هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن.