بۆردی ڕاوێژکاری دەرەکی بۆ پلانی ستراتیژی پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر کۆدەبێتەوە

بۆردی ڕاوێژکاری دەرەکی بۆ پلانی ستراتیژی پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر کۆدەبێتەوە

رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ٥ی ئەیلولی ٢٠٢٤، بە ئامادەبوونی د.طالب محەمەد شەریف راگری پەیمانگە یەکەمین کۆبوونەوەی “بۆردی ڕاوێژکاری دەرەکی” بە بەشداری حەوت پرۆفیسۆری بەڕێز، بەڕێوەچوو کە تیایدا گفتوگۆی چڕوپڕ کرا سەبارەت بە پێداویستییە گرنگەکانی کۆمەڵگە و چۆنیەتی پەرەپێدانی پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر.

لە کۆبوونەوەکەدا چەند تەوەرێکی سەرەکی باسکران و یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە بریتی بوو لە دەستنیشانکردنی بۆشاییەکان لە بواری ئەکادیمی و ژێرخانی پەیمانگاکە.

بۆردەکە پێیوایە هەرچەندە پەیمانگای تەکنیکی مێگەسۆر لە زۆر بواردا سەرکەوتوو بووە، بەڵام پێویستییەکی ڕوون هەیە بۆ فراوانکردنی بازنەی ئەکادیمی. بە تایبەتی تیشک خرایە سەر دامەزراندنی بەش و کۆلێژی نوێ کە خزمەت بە دەڤەرەکە و هەموو کوردستان بکات. هەروەها گرنگی دان بە بنیاتنانی ژێرخانی بەهێز، چونکە بناغەیەکی تۆکمە بۆ گەشەسەندنی داهاتوو پێویستە.

هەروەها ئەندامانی بۆردەکە هاوڕابوون لەسەر پەرەپێدانی دامەزراوەکە بەشێوەیەک نەک تەنها پێشخستنی باشی ئەکادیمی بەڵکو وەک سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ گەشەپێدانی ناوچەیی بە تایبەتی سەبارەت بە بەشداریکردنی کۆمەڵگە لە بواری داهێنانی پەروەردەیی.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا زەمینەی دانانی پلانێکی ستراتیژی گشتگیرتر داڕێژرا و بڕیاردرا کۆبوونەوەکانی بۆردەکە بەردەوامییان هەبێت.

بۆردی ڕاوێژکاری دەرەکی پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر پێکهاتووە لە ژمارەیەک ئەکادیمیست و کەسانی شارەزا کە کار بۆ دانانی پلانی ستراتیژی پەیمانگای تەکنیکی مێرگەسۆر و خوێندنی باڵا لە دەڤەری بارزان دەکەن و لە داهاتوویەکی نزیکدا گۆڕانکاری بەرچاو لە شێواز و جۆری کارکردن و پەرەپێدانی دامەزراوە ئەکادیمییەکانی دەڤەرەکە ئەنجام دەدەن.