Category Archives: سەرۆکایەتی زانکۆ

سەرۆکی زانکۆ یاریگایەکی تۆپی پێی بچووککراوە لە کەمپی دووی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر دەکاتەوە

رۆژی سێ شەممە 14ـی نۆڤەمبەری 2023، بەئامادەبوونی پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی، کارگێڕی و قوتابییان، مامۆستا هەژار عوسمان بەرپرسی لێژنەی ناوچەی ئاسۆ، خاتوو شیرین خالید بەرپرسی لێژنەی ناوچەی ئایندە و راگری هەردوو کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری و کارگێڕی هەولێر و ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستایان و قوتابییان، لە رێوڕەسمێکی شایستەدا، بەڕێوبەرایەتی چالاکییەکانی سەرۆکایەتی زانکۆ یاریگایەکی تۆپی پێی بچووککراوە لە نێو کامپی دووی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کردەوە.

ئەم یاریگایە لە پێناو زیاتر خزمەتکردنی قوتابییان و دروستکردنی کەشێکی گونجاو بۆیان بنیات نراوە و خەرجی دروستکردنەکەشی لەسەر داهاتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێرە و لەژێر سەرپەرشتی بەڕێوبەرایەتی چالاکییەکانی سەرۆکایەتی زانکۆ دەبێت، کە قوتابییان و مامۆستایانی کۆلێژی تەکنیکی کارگێری هەولێر و کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری هەولێر سوودمەند دەبن.

جێگای ئاماژەیە یاریگای کەمپی یەکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر ماوەی چەند ساڵێکە کراوەتەوە لە پەیمانگەی تەکنیکی کارگێری هەولێر، ئەو یاریگایە وەرزشیەش بۆ قوتابیان و مامۆستایانی پەیمانگەی ناوبراوە، هاوکات یاریگای سێیەمیش لە قۆناغی جێبەجێکردندایە.

دوای مەراسیمی کردنەوەی یاریگایەکە، یارییەکی دۆستانە لە نێوان قوتابییانی هەردوو کۆلێژ بەرێوەچوو، یەکەم تۆپی یاریگا لە نێوان هەردوو ڕاگری کۆلێژی تەکنیکی کارگێری هەولێر و کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری هەولێر جولێنرا.

سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر نازناوی زانستی پرۆفیسۆری بە “پ.ی.د. وەلاء جەودەت جاف” بەخشی

ڕۆژی پێنچ شەممە 9ـی نۆڤەمبەری 2023، پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر نازناوی زانستی پرۆفیسۆری بەخشییە پرۆفیسۆری یاریدەدەر د.ولاء جودت علی جاف مامۆستا لە کۆلێژی تەکنیکی کارگێری هەولێر.

لە مەراسیمەکەدا کە هەریەکە لە پ.ی.د. نەجیب توما بتو یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی . پ.ی.د. یوسف مستەفا ڕەسوڵ یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری قوتابیان، د.ئازاد ڕاگری کۆلێژی تەکنیکی کارگێری هەولێر، پ.ی.د.سەرسام خەلیل بەرێوەبەری تۆماری گشتی ئامادەیبوون، د,. ئیدریس هەرکی سەرۆکی زانکۆ، خۆشحاڵی خۆی بە پلەبەرزکرنەوەی ئەندامانی دەستەی وانەوتنەوەی زانکۆمان دەربری و گوتی: زۆر پێخۆشحاڵم بەهۆی پلە بەرزکردنەوەی ئەندامان و مامۆستایانمان بۆ گۆرینی ناونیشانیان بۆ پلەی پرۆفیسۆر کە ئەوەش کۆڵەکەیەکی گرنگی بەرزکردنەوەی ئاستی زانکۆمانە، و پشتگیری تەواوی هەموو ئەندامان دەکەم کە پرۆفیسۆری یاریدەدەرن بۆ ئەوەی بگەن بەئاستی بەرزتر تاخزمەتی زیاترو باشتر بکەن، دڵخۆشم کە ئێستا رێژەیەکی بەرچاو لە مامۆستایانمان پلەی پرۆفیسۆریان وەرگرتووە کە بەر دەست بەکاربوونم وەک سەرۆکی زانکۆ رێژەکە زۆر کەمتر بوو لەوەی ئێستا هەیە، دڵنیاتان دەکەمەوە لەم کارە باشانە بەردەوام بین بۆ خزمەتی زانکۆ و ئەندامان و قوتابیانمان.

دواتر یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی، پیرۆزبایی گەرمی ئاراستەکرد و هیوای بەرداوامی بۆ خزمەتی زانست و قوتابیان

لای خۆشیەوە پ.د.ولاء زۆر سوپاسی سەرۆکی زانکۆ و ئامادەبووانی کرد و هیوای سەلامەتی بۆ هەمووان خواست و زۆر دڵخۆش بوو بە ڕێزلێنان و پلە بەرزکردنەوەکەی و بەڵێنی دا بە هەموو توانای خۆی کار بۆ پێشخستنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بکات.

 

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و کونسوڵخانەی شانشینی ئوردون لە هەولێر جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانیان دەکەنەوە

رۆژی سێ شەممە 7ـی نۆڤەمبەری 2023، پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بە یاوەری یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی پ.ی.د. نەجیب توما بتو و د. ولاء جودت علی جاف مامۆستا لە کۆلێژی تەکنیکی کارگێری هەولێر سەردانی کۆنسوڵخانەی ئوردونیان کرد لەشاری هەولێر و لە لایەن بەڕێز فؤاد المجالي کونسولی شانشینی ئوردونەوە پێشوازییان لێکرا.

سەردانەکە بەمەبەستی دروستکردنی پەیوەندی و هەماهەنگی و هاوکاری بوو لە نێوان زانکۆمان و زانکۆکانی شانشینی ئوردون بە هەماهەنگی کونسولخانەی ناوبراو، تاکو لە ڕێگەیەوە چالاکی زانستی هاوبەش لە نێوان زانکۆکان ئەنجام بدرێت وەک کۆنفرانسی زانستی و ئاڵوگۆری  قوتابیانی زانکۆمان و قوتابیانی زانکۆکانی ئوردونی.

لە کۆبوونەوەکەدا لێکتێگەیشتنی تەواو هەبوو لە نێوان هەردوولا بۆ دروستکردنی ئەو پەیوەندی و هەماهەنگییانە بۆ سوود وەرگرتن لە توانا و ئەزموونی یەکتری.

سەرۆکی زانکۆ پێشوازی لە شاندێکی دەستەی گشتی رێکخراوی پشتیوانی پێشمەرگەی کوردستان دەکات

ڕۆژی سێ شەممە 7ـی نۆڤەمبەری 2023، پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پێشوازی لە شاندێکی دەستەی گشتی ڕێکخراوی پشتیوانی پێشمەرگەی کوردستان کرد.

لە دیدارێکدا جەخت کرایەوە لەسەر پتەوکردنی پەیوەندی و هاوکاری و هەماهەنگی نێوان زانکۆمان و دەستەکە بۆ زیاتر خزمەتکردنی پێشمەرگە و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان.

لای خۆیەوە سەرۆکی زانکۆ پ.د.ئیدریس هەرکی باسی رۆڵی بەرچاوی پێشمەرگە لە پاراستنی کوردستان کرد و ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ هەر هاوکاری و خزمەتێک کە دۆخی پێشمەرگە باشتر بکات.

لە کۆتاییدا شاندی میوان لۆگۆی ڕێکخراوەکەیان پێشکەش بەسەرۆک زانکۆ کرد و خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بە سەردانەکەیان.