Author Archives: sarmand hameed

سەرۆکی زانکۆ هۆڵەکانی تاقیکردنەوەی دیاریکردنی ئاست لە سەنتەری زمان بەسەر دەکاتەوە

پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەمەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە چۆنییەتی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکانی دیاریکردنی ئاستی زمانی ئینگلیزی، سەردانی سەنتەری زمانی کرد و لەلایەن پ.ی.د.رەنج سیروان عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری گشتی سەنتەری توێژینەوەی زانستی و پ.ی.د.سامان دزەیی بەڕێوەبەری سەنتەری زمان و ستافی سەنتەرەوە پێشوازیی لێکرا.

دواتر سەرۆکی زانکۆ هۆڵەکانی تاقیکردنەوەی دیاریکردنی ئاستی زمانی ئینگلیزی بەسەرکردەوە و لە نزیکەوە لە چۆنییەتی بەڕێوەچوونی پڕۆسەکەی پرسیی و گفتوگۆی لەگەڵ بەشداربووان کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن.

جێی ئاماژەیە، لە چەند رۆژی رابردوودا، پاڵپشت بە رێنماییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پڕۆسەی خۆتۆماکردن لە سەنتەری زمانی زانکۆمان بەسەرکەوتوویی بەڕێوەچوو و لە ئەمڕۆشەوە پڕۆسەی تاقیکردنەوەی دیاریکردنی ئاستی بەشداربووان دەستی پێکرد و لە دوای تەواوبوونی پڕۆسەکە، بەپێی ئاستی بەشداربووان خولەکان لە سەنتەری زمانی زانکۆمان دەست پێدەکات و لە دوای تەواوبوونی خول بەشداربووی سەرکەوتوو بڕوانامەی پێدەبەخشرێت.

ئەندامێکی ئەنجوومەنی زانکۆمان وەک قسەکەری سەرەکی بەشداریی لە کۆنفرانسێکی زانستیدا کرد

پ.ی.د.مراد امیر احمد ئەندامی ئەنجوومەنی زانکۆ و ڕاگری کۆلێژی تەکنیکی تەندروستی و پزیشکی هەولێر وەک قسەکەری سەرەکی بەشداریی لە کۆنفرانسی زانستی زانکۆی نۆڵج کرد لە هەولێر.

کۆنفڕانسەکە کە ئەمڕۆ دووشەممە رێکەوتی ١٤ نیسانی ٢٠٢٥ بە ئامادەبوونی پ.ی.د.بۆتان مەجید ئاسنگەر یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا بە نوێنەرایەتی سەرۆکی زانکۆ و سەرۆک و ئەندامانی ئەنجوومەنی و دەستەی ئەمیندارانی زانکۆی نۆڵج بەڕێوەچوو، تیایدا پ.ی.د.مراد امیر احمد بابەتێکی سەبارەت بە بەکارهێنانی لەیزەر لەبواری تەندروستی و پزیشکییەکان پێشکەش کرد کە چەندین پسپۆڕ و شارەزای ئەم بوارە تیایدا بەشداربوون.

لە کۆتاییدا بڕوانامەی تایبەتی زانکۆ لەلایەن پ.د.ئەحمەد ئەنوەر دزەیی سەرۆکی زانکۆی نۆڵج پێشکەش بە ڕاگری کۆلێژی تەکنیکی تەندروستی و پزیشکی هەولێر کرا.

کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەڕێوەچوو

رۆژی دووشەممە ١٤ـی نیسانی ٢٠٢٥، بە سەرۆکایەتی پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و بە ئامادەبوونی ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆ، کۆبوونەوەی ئاسایی ژمارە حەوتی ئەنجوومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بۆ ساڵی خوێندنی 2024-2025 بەڕێوەچوو.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پیرۆزبایی لە د.فه‌رهه‌نگ عەلی کرد به‌ بۆنه‌ی ده‌ست به‌كاربوونی وه‌ک نوێنه‌ری ماموستایانی زانکۆمان له‌ ئه‌نجوومه‌نی زانكۆ و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکی نوێی.

پاشان بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکە خرایە بەر باس و لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا باس لە‌خۆ ئاماده‌كردن بۆ كۆنفرانسی قوتابیانی زانکۆمان کرا كه‌ به‌م نزیكانه‌ ئه‌نجام ده‌درێت.

سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر جەختی  كرده‌وه‌ له‌ بایه‌خدان به‌ رۆژ و بۆنە نەتەوەیی و  نیشتمانییەکان بۆ ئاشنابوونی قوتابیه‌كان به‌ مێژووی گەلی كورد و پێویستە گشت بۆنە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان لە کۆلێژ و پەیمانگاکان یاد بکرێتەوە.

لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا جەخت لە خۆئامادەکردن بۆ تاقیكردنه‌وه‌ی فاینه‌ڵ لە گشت كۆلێژ و په‌یمانگه‌كانی سەربە زانکۆمان کرا و لەمبارەیەوە سەرۆکی زانکۆ راگرەکانی راسپارد کە لە هەموو روویەکەوە ئامادەکاریی تەواو بکەن بۆ ئەم بابەتە.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا، گفتۆگۆ لەسەر چەند بابەتێکی پەیوەندار بە کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا، کارگێری و دارایی و کاروباری قوتابیان و  سەنتەری توێژینەوەی زانستی کرا و دوای گفتوگۆکردن لەبارەیانەوە، لەلایەن ئەنجوومەنی زانکۆوە بڕیاری پێویستیان لەبارەوە درا.

 

سەرۆکی زانکۆ بەشداریی لە یەکەمین کۆنفرانسی سەرۆکایەتى شارەوانى هەولێر دەکات

پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەشداریی لە یەکەمین کۆنفرانسی سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر کرد کە ئەمڕۆ دووشەممە 2024.4.14، بە ئامادەبوونى ساسان عەونى، وەزیرى شارەوانى و د.پشتیوان سادق، وەزیرى ئەوقاف و کاروباری ئایینی و ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکى فەرمانگەى هەماهەنگى و بەدواداچوون و بریکارى وەزیرى شارەوانى و گەشتوگوزار و سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاى هەولێر و جێگرانى پارێزگار و نوێنەرى نووسینگەى سەرۆکوەزیرانى هەرێم و نوێنەرى سەرۆکى دیوانى ئەنجوومەنى وەزیران و قائیمقامى ناوەندى و ژمارەیەکى دیکە لە بەڕێوەبەرانى گشتیى و ڕاوێژکارانى وەزارەت و مامۆستایانی زانکۆ و ئەندازیاران و پسپۆڕان و شارەزایان، لە ژێرناونیشانى ” لە پێناو پەرەپیدانى بەردەوام بۆ شارى هەولێر ” دەستی پێکرد.

ئەم کۆنفرانسە کە بەهاوبەشی لەنێوان سەرۆکایەتى شارەوانى هەولێر و زانکۆى سەڵاحەدین، لە ژێرناونیشانى “لە پێناو پەرەپیدانى بەردەوام بۆ شارى هەولێر ” بەڕێوەچێت، ماوەى دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت، تێیدا ( 9 ) تەوەرى گرنگی تایبەت بە ( پڕۆژەکانى ڕیگا و بان و ڕیکخستنەوەى هاتووچۆ، نەخش و زەخرەفەى کوردى، ووزە نوێبووەکان و پیسبوونى هەوا، ڕووبەرى سەوزایی و مۆڵەت و ڕووپۆشى باڵەخانەکان، خۆڵ و خاشاک، کارگێڕى و کەمکردنەوەى ڕۆتین، ڕێکخستنەوەى تابلۆکان و لافاو، ڕوودان و ڕێگەگرتن لە ئاگرکەوتنەوە، سیستەمى ئاوەڕۆ ) لە لایەن پسپۆڕ و شارەزایان گفتوگۆى زانستى لەبارەوە دەکرێت.

لە ڕێورەسمى دەستپێکى  کۆنفرانسەکەدا وتاری هەریەک لە وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگاری هەولێر و سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەدین پێشكەش كران و باسیان لە گرنگی كۆنفرانسەكە بۆ شاری هەولێر كرد.

دواتر تەوەرکانی کۆنفراسەکە دەستی پێکرد کە بڕیارە لە ماوەی دوو رۆژدا تەوەرەکانی ئاماژەپێکراوی سەرەوە باس بکرێن.