Author Archives: mohammed fathulla

ژمارەیەک قوتابیانی زانکۆمان بەشداریی دەکەن لە پێشبڕکێیەکی نێودەوڵەتیی لە بواری ژیری دەستکرد لە ئیتاڵیا

لە چوارچێوەی هەنگاوەکانی بەنێودەوڵەتیکردنی زانکۆ و هاندانی قوتابیان بۆ بەشدارییکردنیان لە چالاکییە زانستییەکان، سێ قوتابی قۆناغی چوارەمی بەشی ئەندازیاری سیستەمی زانیاری لە کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری ئیفۆرماتیک و کۆمپیوتەر بە پڕۆژەیەک بەشدارییان دەکەن لە شەشەمین پێشبڕکێی Cup Competition کە لەنێوان زانکۆکانی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی زانکۆکانی دەریای ناوەڕاست بەڕێوەچوو.

هەریەک لە قوتابیان (توانا ئە‌حمەد، ئارام ئیدریس و شاکار هۆشیار) بە سەرپەرشتی پ.د.شڤان کەمال ‌عەسکەر بە پڕۆژەک لەسەر گرینگی ژیری دەستکرد لە سەرجەم کایەکانی ژیان لەگەڵ قوتابیانی زانکۆکانی هەریەک لە وڵاتانی (‌عێراق، جەزائیر، میسر، مەغریب، لیبیا، تونس، لوبنان، فەڵەستین، یەمەن، سوڵتاننشینی ‌‌عومان، ئیسپانیا، ئەلبانیا، پرتوگال و ئیتاڵیا) بە شدارییان لە کێبڕکێیەکەدا کرد.

لە دوای هەڵسەنگاندن لەلایەن لیژنەی داوەرییەوە، لەنێو ٧٦ پڕۆژەی پێشکەشکراو ٢٧ یان پەسەندکران کە یەکێکیان پڕۆژەکەی قوتابیانی زانکۆمان بوو بۆ بەشدارییکردن لە پێشبڕکێی کۆتایی کە بڕیارە لە مانگی تەمووزی داهاتوو لە زانکۆی کەلابریا لە وڵاتی ئیتاڵیا بەڕێوەبچێت.

ئەم پڕۆژەیە لەلایەن دامەزراوەی راهێنانی ئەورووپی بە هەماهەنگی لەگەڵ یەکێتی زانکۆکانی دەریای ناوەڕاست پاڵپشتی دارایی دەکرێت.

 

 

سەرۆکی زانکۆ بەشداریی لە چالاکییەکدا کرد کە لە ژێر ناونیشانی “مستەفا بارزانی میراتێکی نەمر و مێژووییەکی زیندوو” بەڕێوەچوو

پ.د.ئیدریس محەمەد تاھیر ھەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر بەشداریی لە چالاکییەکدا  کرد کە بەبۆنەی ساڵیادی لە دایکبوونی پێشەوای کورد مستەفا بارزانی بە ئامادەبوونی بەڕێز سیداد بارزانی نوێنەری سەرۆک مەسعود بارزانی و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و بڵند ئیسماعیل بەرپرسی لقی دوو و بەرپرسی ناوچەی زانکۆ و ژمارەیەکی دیکە لە بەرپرسانی دیکەی حکوومی و حزبی، چالاکییەکی زانستی لە ژێر ناونیشانی “مستەفا بارزانی میراتێکی نەمر و مێژوویەکی زیندوو” بەڕێوەچوو.

لە چالاکییەکەدا جگە لە کردنەوەی پێشانگایەک، پانێڵێک لەژێر ناونیشانی “مستەفا بارزانی سەرکردەیەکی سنوور بەزێن” بەڕێوەچوو.

بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆ و سەرۆکی دەزگای ڕوانگە هەڵمەتی چاندنی نەمام لە کەمپی یەکی زانکۆمان بەڕێوەچوو

بە ئامادەبوونی پ.د.ئیدریس محەمەد تاھیر ھەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر و ئیدریس نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی دەزگای روانگە، و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆ و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەزگای روانگە و بەرپرسانی حزبی و مامۆستایان و فەرمانبەران و قوتابیانی زانکۆمان و رێکخراوەکانی بواری ژینگە، بەهەماهەنگی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و دەزگای روانگە هەڵمەتێکی نەمام چاندن لە کەمپی یەکی زانکۆمان بەڕێوەچوو.

ئیدریس نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی دەزگای روانگە دەستخۆشی لە پ.د.ئیدریس محەمەد تاھیر ھەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر بۆ کارەکانی لە بەرەوپێشبردنی زانکۆ و بەڕێزەوە ستایشی هەوڵەکانی کرد بۆ بنیاتنانی ژێرخان و بەرەوپێشبردنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و رایگەیاند، کارەکانتان بۆ ئێمە و هەمووان مایەی دڵخۆشی و دەستخۆشییە.

لای خۆیەوە، پ.د.ئیدریس محەمەد تاھیر ھەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر سوپاسی ئیدریس نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی دەزگای روانگەی کرد بۆ هەماهەنگی بەردەوام و دیاریکردنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بۆ ئەنجامدانی هەڵمەتی چاندنی نەمام بە ئامانجی زیاتکردنی رێژەی سەوزایی لە ناو کەمپەسی یەکی زانکۆمان.

جێی ئاماژەیە، پێشتریش بە مەبەستی ژینگەپارێزی و زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی لە کەمپەسەکانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، هەڵمەتی چاندنی نەمام ئەنجامدرا و لە داهاتووشدا هەڵمەتەکە بە سوپاسەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوی ئاڤیاری هۆشیاری ژینگە بەردەوام دەبێت.

 

کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەڕێوەچوو

رۆژی چوارشەممە ١٢ـی ئاداری ٢٠٢٥، بە سەرۆکایەتی پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و بە ئامادەبوونی ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆ، کۆبوونەوەی ئاسایی ژمارە شەشی ئەنجوومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بۆ ساڵی خوێندنی 2024-2025 بەڕێوەچوو.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر دوای بەخێرهێنان، پیرۆزبابی هاتنی مانگی رەمەزانی لە ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆ کرد و هیوای خواست مانگی رەمەزان مانگی خێر و خۆشی بێت بۆ هەمووان.

پاشان بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکە خرایە بەر باس و لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا باس لە بەسەرکەوتوویی پەیڕەوکردنی ساڵنامەی خوێندن لە زانکۆمان کرا کە بەشێوەیەکی زانستی داڕێژرابوو بەجۆرێک کە قوتابیان پابەندی تەواوەتی دەوامکردن بوون و لە ئێستادا قوتابیان تاقیکردنەوەکانی میتێرم ئەنجام دەدەن، بۆ ئەمەش سەرۆکی زانکۆ دەستخۆشی لە راگرەکان کرد کە بە وردی چاودێری جێبەجێکردنی ساڵنامەکە و دەوامی قوتابیان و بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکان دەکەن.

لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا لەلایەن پ.ی.د.رەنج سیروان عەبدوڵڵا بەڕێوەبەی گشتی سەنتەری توێژینەوەی زانستی بە وردی و بە داتا و زانیاریی باسی لە ریزبەندی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کرد لەسەر ئاستی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و لەسەر ئاستی جیهانیش کرد لەگەڵ ئەو رێککار و میکانیزمانەی کە بۆ پڕۆسەی رانکینگ و ریزبەندی زانکۆکان پەیڕەو دەکرێت، بۆ ئامادەبووان خستەڕوو.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا میوانداریی ئاکۆ جعفر محمود بەڕێوەبەری دارایی زانکۆمان کرا  و بە تێرتەسەلی باسی بابەتەکانی پەیوەندار بە کاروباری دارایی بۆ ئەنجوومەنی زانکۆ خستەڕوو.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا، گفتۆگۆ لەسەر چەند بابەتێکی پەیوەندار بە کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا، کارگێری و دارایی و کاروباری قوتابیان و  سەنتەری توێژینەوەی زانستی کرا و دوای گفتوگۆکردن لەبارەیانەوە، لەلایەن ئەنجوومەنی زانکۆوە بڕیاری پێویستیان لەبارەوە درا.