Author Archives: Hallo Majed

سەرۆکی زانکۆ پێشوازی لە ژمارەیەک قوتابی کۆلێژی ئەندازیاری زانکۆی فەڵەستین کرد

رۆژی سێ شەممە 11ـی تەمووزی 2023، پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، پێشوازی لە ژمارەیەک قوتابی کۆلێژی ئەندازیاری زانکۆی پۆلیتەکنیکی فەڵەستین کرد کە بە مەبەستی ئەنجامدانی مەشقی هاوینە هاتوونەتە زانکۆمان.

لە دیدارەکەدا هەریەکە لە یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کارباری قوتابیان و بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی زانکۆ و بەڕێوەبەری کارگێڕی ئامادە بوون، دوای بەخێرهاتنی قوتابییەکان سەرۆکی زانکۆ کورتە باسێکی دەربارەی مێژووی پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی نێوان پێکهاتە نەتەوە و ئایینیەکانی کوردستان بۆ قوتابییانی میوان کرد، و ئاماژەی بە پەیوەندی لە مێژینەی نێوان گەل فەڵەستین و هەرێمی کوردستان کرد و کە لە مێژووی ئەو کارەساتانەی بەسەر هەردووگەلدا هاتووە، هاوخەمیان بۆ یەکتر دەربڕیوە.

لە لای خۆیانەوە قوتابییانی میوان خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بە ئەنجامدانی مەشقی هاوینە لە کوردستان و زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و رەخساندنی دەرفەتی لەم جۆرەیان بە گرنگ و پێویست زانی بۆ زیاتر ئاشنابوون بە کوولتوری یەکتری، لە کۆتاییدا سەرۆکی زانکۆ هیوای خواست ئاسوودە بن لە کوردستانی پێکەوە ژیان داوای کرد دوای مەشقەکان دەتوانن سەردانی ئەو شوێنانە بکەن کە کە بەشێکن لە مێژووی کوردستان و تێکەڵ بە خەڵکی ئەم هەرێمە ببن.

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر وۆرکشۆپێک دەربارەی کارەکانی گۆڤاری زانستی رێکخست

لە ژێر چاودێری پ. د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر رۆژی دووشەممە 10ـی حوزەیرانی 2023، زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر وۆرکشۆپێکی دەربارەی (کاری ئیدیتەرەکانی گۆڤار) بۆ پ. د. فاضل إسماعیل بەڕێوەبەری گۆڤاری الباهر – زانکۆی الکفیل/ نجف لە سەرۆکایەتی زانکۆ رێکخست.

لە وۆرکشۆپەکەدا کە هەریەکە لە بەڕێوبەرانی گۆڤاری زانستی زانکۆمان پ.  ی. د. کاروان وسمان و بەڕێوبەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و ئەندامانی لێژنەی گۆڤاری زانکۆمان ئامادەیبوون، د. فاضل بەشێوەیەکی ورد باسی وردەکاریەکانی کاری ئیدیتەرەکان و گرنگی سیستەمی دیجیتاڵ کۆمۆنس لە گۆڤاری بۆ ئامادەبووان کرد و چەند بابەتێکی دیکەی گرنگی دەربارەی کارەکانی گۆڤار.

شیاوی باسە د. فاضل کە هاوکات راگری کۆلیژە لە زانکۆی الکفیل لە شاری نەجەف، شارەزاییەکی زۆری لەسەر گۆڤارە زانستیەکان هەیە و لە ماوەی مانەوەیدا جگە لەم وۆرکشۆپە کە تەنها بۆ ئیدیترەکان بوو، بڕیارە وۆرکشۆپێکی دیکە لەسەر گۆڤاری زانستی و دیجتاڵ کۆمۆن و چۆنیەتی پێشکەش کردنی توێژینەوە بۆ مامۆستایانی زانکۆمان لە کۆلێژی تەکنیکی شەقڵاوە ئەنجام بدات.

 

سەرۆکی زانکۆ پێشوازی لە ژمارەیەک قوتابی کرد کە بەمەبەستی ئەنجامدانی مەشقی هاوینە دەچنە سەڵتەنەتی عمان

ئەمڕۆ پێنج شەممە 6ـی تەمموزی 2023 پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پێشوازی کرد لە چوار قوتابی زانکۆمان کە بڕیارە سبەی بە مەبەستی ئەنجامدانی مەشقی هاوینە لە زانکۆی (نەزوە) بچنە سەڵتەنەتی عمان.

لە دیدارەکەدا کە یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری قوتابیان و بەڕێوەبەری پەیوەندیيە نێودەوڵەتییەکانی زانکۆ تیایدا ئامادەیبوون، سەرۆکی زانکۆ تیشکی خستە سەر گرنگی مەشقی هاوینەی قوتابیانی زانکۆمان لە دەرەوەی ووڵات.

باسی لەوەش کرد گرنگی ئەم جۆرە مەشقانە بۆ قوتابیان لەوەدایە هەم شارەزای کەلتورێکی تر دەبن هەم ئەزموونی زانستی ئەو وڵاتانە دەبینن هەمیش کەلتوری نەتەوەکەی خۆی نیشانی دەرەوە دەدات.

لە کۆتاییدا هیوای سەرکەوتن و سەلامەتی بۆ هەر چوار قوتابیەکە خواست.

 

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و وەزارەتی تەندروستی جەخت لە پێویستی هەماهەنگی نێوانیان دەکەن

پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و د.سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان جەخت لە پێویستی هەماهەنگی نێوانیان دەکەنەوە.

رۆژی چوارشەممە ٥ی تەمووزی ٢٠٢٣، پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەردانی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستانی کرد و لەلایەن د.سامان بەرزنجی پێشوازی لێکرا.

لە دیدارەکەدا کە پ.ی.د.نەجیب توما بتو، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و پ.ی.ئومێد ئەرشەد حەوێزی راگری پەیمانگای تەکنیکی پزیشکی هەولێر و یاریدەدەری راگری کۆلێژی تەکنیکی تەندروستی و پزیشکی و بەڕێوەبەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و بەڕێوەبەری سەنتەری گەشەپێدان بۆ کار و ژمارەیەک لە سەرۆک بەشەکانی زانکۆمان ئامادەی بوون، ، وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان وێڕای بەخێڕهێنانی سەرۆکی زانکۆ و شاندی یاوەری، هاوکات خۆشحاڵی خۆی بە دیدارەکە دەربڕی.

لای خۆیەوە، پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر سوپاسی د.سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ پێشوازییکردن و دیداری نێوانیان بە گرنگ وەسف کرد.

هەر لە میانی دیدارەکەدا باس لە پێویستی هەماهەنگی نێوان بەشە پزیشکی و تەندروستییەکانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و دامەزراوە تەندروستییەکانی سەربە وەزارەتی تەندروستی کرا.