Author Archives: Hallo Majed

سەرۆکی زانکۆی‌ پۆلیتەکنیکی هەولێر بەشداری دیدارێکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر دەکات

ئەمڕۆ دووشەممە 27ی ئایاری 2024، شاندێکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بە سەرۆکایەتی پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، بەشداری کرد لە دیدارێكی تایبەت بە خستنەرووی بیرۆکە و داهێنانەکان کە لە لایەن ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێرەوە رێکخرابوو.

شاندی زانکۆ پێکهاتبوون لە هەر یەکە لە پ.ی.د. موحسین شەریف ڕاگری کۆلێژی تەکنیکی کارگێری هەولێر، پ.ی.د. ڕەنج سیروان عەبدوڵا بەرێوەبەری گشتی سەنتەری توێژینەوەی زانستی، پ.ی.د.عەفان عوسمان حوسێن ئەمینداری ئەنجومەنی زانکۆ و پ.ی.د. هێمن کاکەخان عولا مامۆستا لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر.

لە دیدارەکەدا سیمینارێک لە لایەن د.عیماد بالەک سەبارەت بە یەکەم کارگەی کۆکردنەوەی ئۆتۆمبێلی کارەبایی لەعێراق و هەرێمی کوردستان پێشکەش کرا.

لە میانی بەشداریکردنێکدا سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، پێشنیاری کرد لەسەرپەرشتیارانی ئەو پڕۆژەیە پشت بەزانکۆکان ببەستن بەتایبەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کە تاکە زانکۆیە لە سەر ئاستی هەرێمی کوردستان بەشی تەکنیکی ئۆتۆمبێلی هەیە و دەرچووی هەیە و دەتوانن بەگوێرەی پێداویستی ئەوان قوتابی پڕ زانیاری بکەن بۆیان.

د.عیماد بالەک لەوەڵامی تێبینیەکی د.ئیدریس گوتی: بەڕێز د.ئیدریس زۆر خۆشحاڵم بۆ تێبینیە بەسوودەکەت، ئێمە وەکو کارگە و کۆمپانیا ئامانجمانە سوود لەتوانای گەنجانی کورد و قوتابیانی شارەزا وەربگرین، پێخۆشحاڵم لەو بوارە هەماهەنگی هەبێت لەنێوانمان وەک ئێمە و زانکۆتان، خۆشحاڵم پەیوەندیمان هەبێت و لەکاتی دامەزراندنی کارگەکەمان سوود لەتواناکانیان وەربگرین.

جێگای باسە ئینستیتیوتی داهێنان و نوێگەری کوردستان بەهاوبەشی لەگەڵ ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر لەگەڵ بازرگانانی هەولێر بۆ ئەوە بوو کە پێکەوە هاوکاری یەکتربن بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان، تا سودێکی باشی هەبێت بۆ بازرگانان، ئامانج لێی پێکەوە بەستنەوەی حکومەت و وەبەرهێنەر و زانکۆکانە بەخاوەن بیرۆکە و پێشخستنی تەکنەلۆجیا و داهێنەران لە هەرێمی کوردستان.

 

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کۆتایی بە خولی نۆیەمی پێداگۆجی دەهێنێت

ڕۆژی سێ شەممە 21ی ئایاری 2024، بە ئامادەبوونی پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، پ.ی.د. ژاڵە سعید خطاط بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى توێژینەوە و پەرەپێدان لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، د.ئەندام بەرپرسی پێداگۆجی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا، یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ و بەڕێوبەری گشتی سەنتەری توێژینەوەی زانستی، لە رێوڕەسمێکدا کۆتایی بە خولی نۆیەمی پێداگۆجی هات و بڕوانامە بەسەر بەشداربووانی خولەکە دابەشکرا.

سەرەتا سەرۆکی زانکۆ وتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا وێرای بەخێرهێنان لە میوانان، پیرۆزبایی لە دەرچووانی خولەکە کرد و تیشکی خستە سەر گرنگی ئەو خولە و گوتی: “بەڕێزان دەرچووانی خۆشەویستی خولی نۆیەمی پێداگۆجی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر دەمەوێت سەرەتا پیرۆزباییەکی گەرمتان ئاراستە دەکەم بەبۆنەی دەرچوونتان لەو خولە، پیرۆزتان بێت، بەتەواوکردنی ئەو خولە دەچیتە دوا قۆناغ بۆ وەرگرتنی ناوێکی تازەو پیرۆز ئەویش ناوی مامۆستایە بەتایبەتی ناوی مامۆستای زانکۆ کە ناوێکی بەرزو پیرۆزە نەک تەنها لەکۆمەڵگای ئێمە بەڵکو لەناو هەموو کۆمەڵگاکانی جیهانیش، ئەگەر سەیربکەین لەویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا سەرۆکەکانی ئەو وڵاتە دوای چوار یاخود هەشت ساڵ کە سەرۆکی بەهێزترن وڵاتە لەجیهاندا، بەدوای کارێکدا دەگەڕێت، زۆربەی هەرە زۆریان پیشەیەک دەدۆزنەوە کەمۆستاییە و دەبنە مامۆستای زانکۆ، لەزۆربەی وڵاتانی تریش، هەتا لەئێران سەرۆکی پێشوو ئەحمەدی نەژاد گووتی: دەمەوێت لەزانکۆ دانەبرێم و وانەیەکم هەبێت لە زانکۆ و مامۆستایەتی بکەم، وەک گوتم مامۆستایەتی پیشەو کارێکی پیرۆزو کارێکی گرنگە، ئومێد دەکەین ئێوەی ئازیز سەرکەتووبن لەبەدەسهێنانی ئەو نازناوە.”

لەبارەی ئەوەی چۆن دەبیتە مامۆستایەکی سەرکەوتوو سەرۆکی زانکۆ گوتی، “بۆ ئەوەی ببیتە مامۆستایەکی سەرکەوتوو، دەبێت خۆشەویستیت بۆ پیشەکەت هەبێت، ئەگەر دەتەوێت سەرکەوتووبیت دەبێت پیشەکەت خۆشبوێت، وەکو مامۆستایەکی سەرکەوتوو ئەگەر دەتەوێت سەرکەوتووبیت پێش هەمووشت بیر لەوە بکەوە کەعەشقی پیشەی مامۆستایی بیت، ئینجا دەتوانی مامۆستایەکی سەرکەوتووبی، ئەگەر ئەو کارەت کرد بەدڵنیاییەوە ڕێز لە دەوروپشتت دەگریت، ڕێز لەو هۆڵە دەگریت کەدەچیە ناوی، ڕێز لەو پێداویستیانە دەگریت کەلەناو هۆلی خوێندنن، هەروەها ڕێز لەو قوتابیانە دەگریت لەوێ دانیشتوون لەگەڵ ئەو هاوکارانەی لەگەڵتن لەپیشەکەت، هەموو ئەوانەت لەلا گرنگ و بەنرخن، فەرمانگەکەت لەلا بەنرخ دەبێت، هەموو ئەوانە پەیوەستن بەوەی کەتۆ پیشەی مامۆستایت خۆشبوێ، ئومێد دەکەین ئێوە سەرکەوتووبن و ببنە مامۆستایەکی سەرکەوتوو لەناو زانکۆکانی کوردستان و بتوانن زیاتر خزمەتی ئەو گەنجانە بکەن کەدێنە ناو زانکۆ بۆ ئەوەی ئەوانیش بتوانن لەناو کۆمەڵگادا هەریەکەو بەپێی پسپۆری خۆی شوێنی خۆیان بگرن.

لە کۆتایی رێوڕەسمەکەدا بڕوانامەی دەرچوون بەخشرایە مامۆستایانی بەشداربووی خولی نۆیەمی پێداگۆجی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر.

شایەنی باسە بەشداربووانی خولی نۆیەم پێداگۆجی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پێکهاتبوون لە 71 قوتابی کە بە سەرپەرشتی ژمارەیەک مامۆستا لە ناوەوە و دەرەوەی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بۆ ماوەی شەش مانگ سەرپەرشتی وتنەوەی وانەکانی خولەکەیان کرد.

نوێنەری زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە بەغدا بەشداری لە کۆنگرەی تایبەت بە کوالیتی خوێندنی پیشەیی دەکات

رۆژی دوو شەممە 20ی ئایاری 2024، بە نوێنەرایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە شاری بەغدا بەشداری کرد لە کۆنگرەی (الجودة في تعزيز التعليم المهني – الدروس المستفادة من تجربة المدارس المهنية التابعة لوزارة التربية).

کۆنگرەکە لە چوارچیوەی پرۆژەی (TVET2) بەڕێوەدەچێت و لە لایەن رێکخراوی یونسکۆ بۆ وەزارەتی پەروەردی فیدراڵ و هەرێم لە شاری بەغدا رێکخرابوو. تیایدا باس لە رۆلی پرۆسەی دلنیایی جۆری لە خوێندنی پیشەی کرا.

شایانی باسە هەر یەکە لە نوێنەری وەزارەتەکانی خوێندنی باڵا و پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەی کۆنگرەکە بوون.

دوو مامۆستای زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەشداری خولێکی راهێنان دەکەن لە وڵاتی چین

دوو مامۆستای زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر/ کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر بەشداری خولێکی راهێنان دەکەن لە وڵاتی چین، کە تایبەتە بە وزەی نوێبووەوە و کاریگەرییەکانی کاربۆن بۆ ماوەی دوو هەفتە بەردەوام بوو.

خولەکە لە ژێر ناونیشانی (Seminar on Green Energy and the Management of Meeting Carbon Peaking and Carbon Neutrality Goals) لە شاری (China-Chingdu) بە بەشداری هەریەکە لە مامۆستایان د. یوسف طه مەعرووف و مامۆستا فەرهاد حەمەدئەمین یوسف لە ماوەی نێوان 9ی ئایارتاکو 22ی ئایاری 2024 بەردەوام دەبێت.

لە خولەکەدا نوێترین پێشهاتەکانی بواری وزەی پاک و کاریگەرییەکانی لەسەر ژینگەی جیهان بۆ بەشداربووان روونکرایەوە هەروەها لایەنێکی دیکەی خولەکە تایبەت بوو بە کاریگەرییەکانی کاربۆن.