Author Archives: Hallo Majed

بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆ هەڵمەتی دارچاندن لە کەمپی یەکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەڕێوەچوو

ئەمڕۆ پێنچ شەممە 4ی نیسانی 2024، بەئامادەبوونی بەڕێز پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆ و ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ و مامۆستایان و فەرمانبەران لەژێر دروشمی “پاراستنی ژینگە ئەرکێکی مرۆییە” لە پەیمانگای تەکنیکی کارگێری هەولێر چالاکی دارچاندن بەڕێوەچوو.

لە هەڵمەتەکەدا چەندین داری جۆراوجۆر بەمەبەستی زیاترکردنی سەوزایی تەندروست کردنی ژینگە و جوانتر کردنی و سیمای پەیمانگە و کوردستان چێندرا.

 

بەسەرپەرشتی سەرۆکی زانکۆ کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەڕێوەچوو

ئەمڕۆ چوارشەممە 3ی نیسانی 2024، بەسەرپەرشتی پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، کۆبوونەوەی ئاسایی ژمارە 6ی ئەنجومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بۆ ساڵی خوێندنی 2023-2024 کاتژمێر 10ی بەیانی لەسەرۆکایەتی زانکۆ بەڕێوەچوو.

کۆبوونەوەکە بەئامادەبوونی یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروبارەکانی کارگێڕی و دارایی، زانستی و خوێندنی باڵا و قوتابییان و بەشەناوخۆییەکان و ئەندامانی ئەنجومەن بەرێوەچوو و تێیدا چەند تەوەرێکی گرنگ گفتوگۆ و بڕیاریان لەبارەوە درا.

تەوەری یەکەم بریتی بوو لە کاروباری قوتابییان هەروەها ئەنجامدانی چوارهەمین کۆنفرانسی ساڵانەی قوتابییانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کە بڕیارە لەم نزیکانە بەڕێوەبچێت. هەروەها باسی (سەمەر سکوڵ) خوێندنی هاوینە بۆ قوتابییان بە میکانیزمێک ئەو قوتابییانەی کەوتوون کە بتوانن هاوین وانەکان بە شێوەیەکی چڕ وەرگرنەوە هەروەک لە سیستەمی بۆلۆنا پرۆسیس دا هەیە.

تەوەرەێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە کاروباری سەنتەری توێژینەوەی زانستی زانکۆمان و پێشنیار کرا کە ناوەکەی بگۆڕدرێت ولەمەودوا بە شێوەیەکی بەرفرانتر سەنتەری توێژینەوە کاراتر بکرێت.

بابەتی کۆنفرانساتی نێودەوڵەتی بە هاوبەشی لەگەڵ زانکۆ جیهانییەکانیش لە هەر پێنج کەرتە پسپۆڕییەکانی زانکۆمان (پزیشکی، کارگێڕی، ئەندازیاری، تەکنەلۆجی و کشتوکاڵی) تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆبوون.

 

سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر سەردانی کۆنسوڵگەری گشتی چین لە هەولێر دەکات

رۆژی پێنج شەممە 28ی ئاداری 2024، پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بە یاوەری پ.د . کیهان زرار غفور ڕاگری کۆلێژی تەکنەلوجی هەولێر و پ.ی .د. ڕەنج سیروان عەبدوڵا بەرێوەبەری گشتی سەنتەری توێژینەوەی زانستی، سەردانی کونسوڵگەری گشتی کۆماری چین-یان لە هەولێر کرد و لە لایەن بەڕێز لیو جون کونسولی گشتی چین و بەرپرسی بەشی سیاسی چن گۆوچینگ پێشوازییان لێکرا.

ئامانجی سەردانەکە، ناساندنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بوو بە کونسول و ستافی کونسولخانە، هەروەها گفتوگۆ کرا لەبارەی هەمەهانگی کردنی کونسولخانە لە دروستکردن و بەهێزکردنی پەیوەندی زانکۆمان لەگەڵ زانکۆکانی وڵاتی چین، لەهەمان کاتدا بەهێزکردنی پەیوەندییە کلتوری و زمانەوانییەکان، لەو کۆبوونەوەیەدا پێشنیارکرا کەوا هەندێک خولی تایبەت بەزمانی چینی بکرێتەوە جگە لەناساندنی کولتوری چینی بەکوردستان و کولتوری کوردستان بەچین.

کونسولی چین بەخۆشحاڵیەوە رەزامەند بوو لەسەر پێشنیارەکان و پاڵپشتی تەواوی خۆی دەربری بۆ زانکۆمان کەهەرچی کارێک لەرێگای ئەوانەوە بکرێت دەیکەن بۆ بەهێزکردنی پەیوەندی لەنێوان زانکۆمان و زانکۆکانی وڵاتەکەی، هەروەها بابەتەکانی دیکەی زانستی و هەندێک بابەتی تری وەک کۆمەکی دارایی و هاوکاری تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەبوون.

 

زانکۆی پۆلیتەکینیکی هەولێر دەرفەتێکی ناوازە بۆ قوتابییان رادەگەیەنێت بۆ خوێندنی سمیستەری زستانە لە زانکۆی بیلیفێڵدی ئەڵمانی

لە چوارچێوەی ستراتیژیەتی بە نێودەوڵەتیکردنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و درێژەدان بە چالاکییەکان و ئاڵوگۆڕی قوتابییان، بەڕێوبەرایەتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی زانکۆمان دەرفەتی خوێندنی سمیستەری زستانە لە زانکۆی بیلیفیڵد لە وڵاتی ئەڵمانیا بەپێی ئەو مەرجانەی خوارەوە دەڕەخسینێت.

مەرجەکان:

١- پێویستە پێشکەشکار قوتابی کۆلێژ لە قۆناغی دوو یان سێ بێت لە بەشەکانى (ئۆتۆمبێل، بازارگەرى، کارگێرى کار و ژمێریارى).  

۲ـ پێویستە قوتابی پێشکەشکارئاستى زمانی ئینگلیزی یان ئەڵمانى لە (B2) کەمتر نەبێت.

۳ـ دواکات بۆ پێشکەش کردن رۆژی چوار شەممە 14ی نیسانى 2024 دەبێت.

٤- پێویستە قوتابى نووسراوێکى پشتگیرى لە لایەن بەشى خۆى لە کۆلێژ بهێنێت کە ئاراستەى بەرێوەبەرایەتى پەیوەندییە نێو دەوڵەتیەکان لە سەرۆکایەتى زانکۆ بکرێت، تیایدا ئاماژە بە ناو و بەش و قۆناغ و ژمارەى مۆبایل و ئیمەیڵى قوتابى بکرێت و وێنەیەک لە پاسپۆرتى قوتابی لەگەڵ بێت.   

تێبینى:

* گشت خەرجیەکان لە ئەستۆى قوتابى دەبێت.

*دەبێت قوتابى رەصیدى هەبێت تاکو ڤیزا وەرگرێت.

*بۆ پێشکەشکردن سەردانی بەڕێوبەرایەتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بکەن لە سەرۆکایەتی زانکۆ.