پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر بەشداری لە کۆنگرەی یەکێتی زانکۆکانی عەرەبی کرد کە لە رۆژانی ٢٣-٢٤ی نیسانی ٢٠٢٥ لە زانکۆی نێودەوڵەتی کوێت لە وڵاتی کوێت بەڕێوەچوو.
سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرۆکی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بەشداریی لە کارەکانی کردنەوەی ٥٧ هەمین خولی کۆنگرەی گشتیی یەکێتی زانکۆکانی عەرەبی کرد کە لە زانکۆی نێودەوڵەتی کوێت لە وڵاتی کوێت دەستی بەکارەکانی کرد.
لە پەراوێزی کارەکانی کۆنگرەکەدا کە بە ئامادەبوونی ژمارەیەک وەزیر و سەرۆکی زانکۆکانی ئەندام لە یەکێتییەکە بەڕێوەچوو، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر و سەرۆکی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بەناوی هەرێمی کوردستانەوە زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەشداربووانی کۆنگرەکە ئەنجامدا.
لەو دیدارانەدا شاندی کوردستان لەبارەی پەرەپێدان بە پەیوەندی و هەماهەنگیی نێوان زانکۆکان ئاڵوگۆڕی بیروبۆچوونەکانیان کرد.
لە لایەکی دیکەوە پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر لەگەڵ پ.د.بەرەکات عەوەز ئەلهدەیبان سەرۆکی دەستەی ئەمیندارانی زانکۆی نێودەوڵەتی کوێت کۆبووەوە و لەمیانیدا باس لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو زانکۆ لە بوارەکانی زانستی و کارگێری کرا، هەروەها باس لە رەخساندنی دەرفەتی مەشق و راهێنانی قوتابیان لەنێوان هەردوو زانکۆ کرا و لەمبارەیەوە بڕیاردرا کە بۆ ئەمساڵ ژمارەیەک قوتابی زانکۆی نێودەوڵەتی کوێت بۆ مەشقی هاوینە سەردانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بکەن.
لە میانی کارەکانی کۆنگرەکەدا لە چوارچێوەی چەند پانێڵێکدا بابەتەکانی پەیوەندار بە پرۆسەی خوێندن لە زانکۆکان تاوتوێی کرا، لەوانە بابەتی پۆلێنبەندی و رانکینگی زانکۆکان، هەماهەنگی نێوان یەکێتی زانکۆکانی عەرەبی و متمانە AACSB، فێربوونی دیجیتاڵی و چەند بابەتێکی دیکەی پەیوەندار بە خوێندنی بەرایی و خوێندنی باڵا لە زانکۆکان تاوتوێ کرا.
جێی ئاماژەیە، زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر وەک یەکێک لە زانکۆکانی ئەندام لە یەکێتی زانکۆکانی عەرەبی ساڵانە بە فەرمی بانگهێشتی کۆنگرەی یەکێتییەکە دەکرێت کە هەر خولێکی لەلایەن زانکۆیەکی ئەندام لە یەکێتییەکە لە وڵاتێک میوانداریی دەکرێت.