بڕوانامە بەسەر قوتابیانی بەشداربووی خولی هۆشیاری ژینگە دابەش کرا

ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ ی نیسانی ٢٠٢٥  لە هۆلی کۆنگرەکان لە کەمپی یەکی زانکۆمان، لە ڕێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی ئەندازیار عبدالرحمن صدیق سەرۆکی پێشووی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە، پ.د.ئازاد حسن قادر یاریدەدەری سەرۆکی  زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بۆ کاروباری کارگێڕی و دارایی و پ.د.فەرهاد عەلی مستەفا یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سەلاحەددین بۆ کاروباری قوتابیان و خوێندن، ژمارەیەک لە مامۆستایان، فەرمانبەران و قوتابیان، بڕوانامە بەسەر بەشداربووانی خولی هۆشیاری ژینگە کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی و سەلامەتی لە هەردوو زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆی سەڵاحەددین بە هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوی ئاڤیاری هۆشیاری ژینگە لە ژێر ناونیشانی روڵی قوتابی لە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا  بەسەر (٦٤) قوتابی هەردوو زانکۆکە دابەش کرا.

لە سەرەتادا، ئاسۆ شکاک سەرۆکی رێکخراوی ئاڤیاری هۆشیاری ژینگە وتەیەکی پێشکەش کرد و لە دوای بەخێرهێنانی میوانان، و سوپاسکردنی هەردوو زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆی سەڵاحەددین، هاوکات باسی لە گرنگی کردنەوەی ئەم جۆرە خولانە بۆ قوتابیانی زانکۆ و رەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر پاراستنی ژینگە کردەوە.

پاشان ئەندازیار عبدالرحمن صدیق سەرۆکی پێشووی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە  بابەتێکی لە ژێر ناونیشانی رۆڵی قوتابی لە پاراستنی ژینگەدا بۆ ئامادەبووان پێشکەش کرد.

 لە کۆتاییدا لەلایەن ئامادەبووانەوە بڕوانامە بەسەر بەشداربووانی خولەکە دابەش کرا.