لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر یادی ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردی کرایەوە

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢١ی نیسانی ٢٠٢٥، بەئامادەبوونی پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لەلایەن هەردوو بەشی تەکنیکی میدیا لە کۆلێژی تەکنیکی و پەیمانگای تەکنیکی لە ڕێوڕەسمێکدا یادی ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردی کرایەوە.

له‌ ڕێوڕەسمەکەدا کە ئازاد حەمەئەمین نه‌قیبی سه‌ندیكای ڕۆژنامه‌نووسانی كوردستان، ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆ، بەرپرسانی حزبی و سەرۆک بەش، مامۆستایان، فەرمانبەران و قوتابیانی زانکۆمان ئامادەی بوون، تیایدا چەند چالاکییەک ئەنجام درا.

دواتر پ.ی.د.سەرسام خلیل شوانی ڕاگری پەیمانگەی تەکنیکی کارگێڕی بەناوی هەردووبەشی تەکنیکی میدیا لە کۆلێژی تەکنیکی کارگێری و پەیمانگای تەکنیکی کارگێری لە وتەیەکدا بەخێرهاتنی میوانانی کرد و ئەم یادەی بە گرنگ وەسف کرد.

ڕاگری پەیمانگەی تەکنیکی کارگێڕی ئاماژەی بەوە کرد کە سەرۆکی زانکۆ هەمیشە بەپەرۆشە بۆ یادکردنەوەی بۆنە و یادە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان.

پاشان پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە وتارێکدا خۆشحاڵی خۆی و زانکۆی نیشاندا کە وەک زانکۆ یاد و بۆنە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان بەتایبەتی زیندوو کردنەوەی کولتوور و زمان و میراتی کوردی بەئەرکی سەرشانی خۆمان دەزانین.

 سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە زانکۆ ڕۆڵی سەرەکی ببینێت لە یادکردنەوەی یادی ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردی لەبەر ئەوەی ئەم یادە بەشێکە لە ناساندنی ناسنامەی نەتەوەییمان.

سەرۆکی زانکۆ ئاماژەی بەوەدا کە ڕۆژنامەگەری کوردی بەچەندین قۆناغی دژوار تێپەڕیوە بەڵام لە هەمووی گرنگتر دوای دروستبوونی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی یەکەم کابینەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕۆژنامەگەری کوردی هەنگاوی زۆر باش چووە پێش بەهۆی گرنگی پێدانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەم بوارە، لەهەموو ئەوانەش گرنگتر کردنەوەی بەشی ڕاگەیاندن بوو لەم زانکۆیە، کە چەندین دەرچووی ئەم بەشە لە جومگەکانی حکوومەت و میدیاکانی کوردستان وەکو ئەستێرەیەکی درەوشاوە دەبینرێن.

پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی لە کۆتاییدا دەستخۆشی لە رێکخەرانی ئەو یادە کردەوە و ئومێدی خواست هەمیشە پێشەنگ بن لە یادکردنەوەی بۆنە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان.

دواتر ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر وەک یەکێک لە دەرچووانی بەشی تەکنیکی میدیا له‌ وته‌یه‌كدا وێرای پیرۆزكردنی ئه‌م یاده‌ پر شكۆیه‌ له‌ ئه‌كادیمیست و كه‌ناله‌كان و رۆژنامه‌نووسانی كوردستان لە گێڕانەوەی ئەزموون کورتە باسێکی لەسەر سەردەمی بەشی تەکنیکی میدیای ئەوکات و ئێستا کرد کە جیاوازی زۆر لە ئامێر و تەکنییکەکان هەیە لەگەڵ سەردەمی ئێستا بەڵام لە ڕووی تیۆریەوە زۆر لە مامۆستاکانمان فێربووین ئەوان بۆ ئێمە وەک فێرگەیەک وابوون.

پارێزگاری هەولێر جه‌ختی كرده‌وه‌، رۆژنامه‌گه‌ری به‌رهه‌می ئازادیه‌ ته‌نانه‌ت بنه‌ماڵه‌ی بەدرخانییه‌كان بۆ بەردەوامیدان بە خەباتی نەتەوەیی، زیاتر ناساندنی مێژووی نەتەوەی كورد و خزمەتكردنی كولتوور و زمان و رۆشنبیری به‌گشتی په‌نایان برده‌ به‌ر ڕۆژنامەگەرییەوە، تاوه‌كو له‌وێوه‌ په‌یامی سیاسی خۆیان بگه‌ێنن و به‌رده‌وامی به‌ خه‌باتی كوردایه‌تی بده‌ن .

پارێزگاری هەولێر، دووپاتیكرده‌وه،‌ كه‌ ئێستا فه‌زایه‌كی ئازادی فراوان له‌ كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ كاری میدیای ته‌رخان كراوه‌ و پرۆسه‌ی به‌یاساییكردنی كاری میدیایی رۆژ به‌رۆژ هه‌نگاوی ئه‌رێنی ده‌هاوێژێت.

لە بەشێکی دیکەی چالاکییەکەدا، پێشانگایەکی بەرهەمی فۆتۆ و کاری رۆژنامەگەری و کاری دەستی مامۆستایان و قوتابیانی زانکۆمان کرایەوە کە تیایدا چەند تابلۆیەک نمایش کران و چاپ و بڵاوکراوەکانی زانکۆمان لەوانە گۆڤاری پۆلیتەکنیک مەگەزین خرایە بەر دیدی ئامادەبووانەوە.

لە کۆتاییدا قەڵغانی رێزلێنانی زانکۆمان بەخشرایە پارێزگاری هەولێر و ژمارەیەک لە مامۆستایانی خانەنشینی هەردوو بەشی تەکنیکی میدیا و چەند رۆژنامەنووس و میدیاکارێکی دەرچووی بەشەکانی تەکنیکی میدیا کە لە ئێستادا لە دامەزراوە میدیاییەکانی کوردستان کار دەکەن.