زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بۆ یەکەم جار تەکنەلۆجیا و ژیری دەستکرد دەخاتە بەر دەستی قوتابییانی پەیمانگای تەکنیکی پزیشکی

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بۆیەکەم جار تەکنەلۆجیا و ژیری دەستکردی خستە بەر دەستی قوتابییانی پەیمانگای تەکنیکی پزیشکی بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی سەردەمیانە و بە تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو لە رێگەی ئامێری زیرەکەوە وانەکانیان بخوێنن.

ڕۆژی پێنجشەممە بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆ و یاریدەدارانی و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و بەرپرسانی حکوومی و حزبی، ئامێرێکی تەکنەلۆجی لەسەر شێوەی مرۆڤ خستە خزمەتی قوتابیانی  پەیمانگەی تەکنیکی پزیشکی هەولێر.

ئامێرەکە کە بۆ یەکەمجارە لەسەر ئاستی زانکۆ حکوومی و تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەکاردەهێندرێت، هاوشێوەی مرۆڤە و وەک نەخۆش مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و قوتابیان لەبری ئەو وانە کردارییەکانیان لە نەخۆشخانەکان بخوێنن، دەکرێت لەسەر ئامێرە بیخوێنن و هاوشێوەی مرۆڤی نەخۆش بەشێوەی ژیری دەستکرد و تەکنەلۆجیا مامەڵەی لەگەڵ بکەن.

سەرۆکایەتی زانکۆ لەگەڵ هەنگاوەکانی بۆ بنیاتنانی ژێرخانی زانکۆ و هاوتەریب لەگەڵ نۆژەنکردنەوە و دروستکردنی هۆل و تاقیگەی نوێ لەسەر ئاستی گشت کۆلێژ و پەیمانگاکان، هاوکات ئامێر و تەکنۆلۆجیای سەردەم دابین دەکات دوای ئەوەی ساڵی رابردوو لەسەر داهات زانکۆ و دابینکردنی خەرجی لە رێگەی وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە چەندەها ئامێر و مایکرۆسکۆب و کۆمپیوتەر دابینکران  بۆ ئەم ساڵیش لە بەرنامە و ستراجییەتی کاردا هەیە کە چەندین ئامێر و تەکنەلۆجیای نوێ دابین بکات.