بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆ فێستیڤاڵی ڕۆژی پەیمانگەی تەکنیکی پزیشکی هەولێر بەڕێوەچوو

ڕۆژی پێنجشەممە ١٠ نیسانی ٢٠٢٥ بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆ و یاریدەدارانی و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و بەرپرسی لێژنەی ناوچەی ئاسۆ – زانکۆ و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکوومی و حزبی، لە پەیمانگەی تەکنیکی پزیشکی هەولێر فێستیڤاڵی ڕۆژی پەیمانگە بەڕيوەچوو.

لەدەستپيكدا چالاکییەکەدا، پ.ی.د.تیران جەمیل ڕاگری پەیمانگەی تەکنیکی پزیشکی هەولێر  لە وەتەیەکدا بەخێرهاتنی میوانەکانی کرد، و تیشکی خستە سەر فێستیڤاڵی ڕۆژی پەیمانگە، وەکو چاڵاکییەکی زانستی و هونەری و کولتووری بە هاوکاری قوتابیان و مامۆستایانی هەر هەشت بەشەکەی پەیمانگە و بەتایبەتی فەرمانبەران ئەنجام دەدرێت.

ڕاگری پەیمانگەی تەکنیکی پزیشکی هەولێر سوپاسی سەرجەم کۆمپانیا بەشداربووەکانی فێستیڤاڵەکەی کرد کە هاوکار و هەماهەنگ بوون لە پێدانی زانیاری لەسەر کارەکانیان و ڕەخساندنی هەلی کار بۆ قوتابیانی پەیمانگەکە بەتایبەتی و سەرجەم قوتابیانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بە گشتی.

دواتر بەڕێز پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە وتەیەکدا لە دوای بەخێرهێنانی میوانەکان، سوپاس ڕاگرایەتی پەیمانگەی کرد کە بە جوانترین شێوە فێستیڤاڵەکەیان ڕێکخستوەو، ئومێدی بەردەوامی ئەم جۆرە چاڵاکیانە خواست لەسەرجەم کۆليژو پەیمانگەکاندا.

سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر ئاماژەی بەوەدا کە خودی خۆی و ئەنجوومەنی زانکۆ بە بایەخەوە دەڕوانینە چاڵاکییە زانستییەکانی کۆلێژ و پەیمانگەکانمان، بەتایبەتی پەیمانگەی تەکنیکی پزیشکی بە یەکێک لە گرنگترین پەیمانگە و کۆلێژ تەکنیکییەکان دەزانن، چونکە ئەم پەیمانگەیە و تەواوی کۆلێژ و پەیمانگەکانی دیکە ساڵانە زۆرترین کادیرو دەرچووی بەشەکانیان لە بازاڕی کار هەلی کاریان بۆ دەڕخسێ، بەتایبەتی پەیمانگەی تەکنیکی پزیشکی کە دەرچووەکانی لە نەخۆشخانەکانی کەرتی گشتی و تایبەت خزمەت بە هاووڵاتییان دەکەن.

لە کۆتاییدا سەرۆکی زانکۆ ئاماژە بەوەدا کە وەک زانکۆ ئامێرێکی پێشکەوتوویان پێشکەش بە پەیمانگەی تەکنیکی پزیشکی کردووە کە یەکەمجارە لەسەر ئاستی زانکۆ حکوومییەکان ئەم ئامێرە پێشکەوتووە کاری پێدەکرێت و تەواوی ئامادەیی نیشاندا بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی بەشە پزیشکیەکان و سەرجەم بەشەکانی دیکە.

پاشان سەرۆکی زانکۆ و ئامادەبووان بەشەکانی فێستیڤاڵەکەیان بەسەرکردەوە و دەستخۆشیان لە رێکخەرانی فێستیڤاڵەکە کرد و هیوای سەرکەوتنیان بۆ بەشداربووان خواست.