بە نوێنەرایەتی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، هەریەک لە پ.ی.د.مراد امیر احمد ڕاگری کۆلێژی تەکنیکی تەندروستی و پزیشکی هەولێر و پ.ی.د.تیران جمیل پیرۆ ڕاگری پەیمانگەی تەکنیکی پزیشکی هەولێر و پ.ی.د.ڕەنج سیروان عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری گشتی سەنتەری توێژینەوە و پەرەپێدانی زانکۆمان بەشدارییان کرد لە وۆرکشۆپێکی زانستی کە بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی سەلامەتی لە زانکۆی جیهان بەڕێوەچوو.
لەو وۆرکشۆپەدا، کە ئەمڕۆ دووشەممە ڕێکەوتى (٧/٤/٢٠٢٥) بەئامادەبوونى دکتۆر سامان بەرزنجى وەزیرى تەندروستى حکومەتى هەرێمى کوردستان و، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و، دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر سەرۆکى دەستەى ئەمینداریەتى زانکۆکانى جیهان و، ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر و، ئەندامانى ئەنجومەنى زانکۆ و مامۆستایان و، ژمارەیەکى زۆر لە توێژەران و پسپۆڕان بەڕێوەچوو، لەسەرەتادا کورتە ڤیدیۆیەک لەبارەى زانکۆى جیهان-هەولێر نمایش کرا، پاشان مامۆستاى یاریدەدەر هەوری فاتح سامی داودی سەرۆکى بەشی شیکاری کیمیایی پزیشکی وتەیەکى پێشکەشکرد و تیایدا بەخێرهاتنى میوانەکانى کرد، پاشان باسى لە ناوەڕۆک و گرنگى وۆرکشۆپەکە کرد و، هیواى خواست ناوەڕۆکەکەى ڕەنگدانەوەى لەسەر بوارە جیاوازەکانى هەوا هەبێ.
پاشان بەرنامەى کارى وۆرکشۆپەکە دەستپێکرد، بۆ ئەوەش پسپۆڕان و توێژەرانى بوارەکە شەش بابەتیان پێشکەشکرد، بۆ ئەو مەبەستە پڕۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر ئازاد ڕەسوڵ مامۆستا لە زانکۆى سۆران و پسپۆڕی کەشوهەوا باسى لە کوالێتی هەوا و تەندروستی مرۆڤ و دەردانی گازی ژەهراوی و کەشوهەوا کرد، پاشان دکتۆر ئاجۆک ئۆنۆجێگو (Ajoke Onojeghuo) ڕاوێژکاری شیکاری جیۆفەزایی لە ڕێکخراوى یونیسێف لە کەنەدا بابەتێکى لەبارەى هۆکارەکانى پێویستى ڕەچاوکردنى کەشوهەوا پێشکەشکرد، بەدوایدا پڕۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر سەرکەوت مەجید خۆشناو بەرپرسی ئۆنکۆلۆژی نەخۆشخانەی پار باسى لە هۆکارەکانی مەترسی شێرپەنجە و ڕێگەکانى خۆپاراستن کرد.
لە بەشێکى دیکەى وۆرکشۆپەکەدا، پڕۆفیسۆر. دکتۆر بوشرە حسێن شناوە، مامۆستا لە زانکۆی جیهان-هەولێر بە ڕوونى باسى لە چۆنیەتى بەرزکردنەوەى بەرگری لەش کرد، هاوکات پڕۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر میرنا بوحەمدان پسپۆڕی مایکرۆبایۆلۆجی لە زانکۆی ئەمریکی لە بەیروت ناوەڕۆکى بابەتەکەى لەبارەى نەخۆشیەکانی سییەکان، گواستنەوە، خۆپاراستن و، کاریگەری لەسەر تەندروستی گشتی پێشکەشکرد، لە کۆتایشدا مامۆستاى یاریدەدەر هەوری فاتح سامی داودی سەرۆکى بەشی شیکاری کیمیایی پزیشکی لە زانکۆی جیهان-هەولێر بەشێوەیەکى زانستى باسى لە تەکنۆلۆژیا و دەرفەتەکان بۆ توێژینەوەکانى داهاتوو لە کوالیتی ژینگە کرد.
وۆرک شۆپەکە بە گفتوگۆی دەوڵەمەند کۆتایی هات، کە تیایدا ئامادەبووان تیشکیان خستە سەر پێویستی هاوکاری نێوان زانستەکان لە باشترکردنى کوالیتی هەوا و، ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە تەندروستییەکان لە سەرانسەری جیهان بۆ بونیادنانى داهاتوویەکی هیوابەخش و پاراستنی تەندروستی و، بەهێزکردنی سیستمی بەرگری و، فراوانکردنى توێژینەوەی ژینگەیی.