سەرۆکی زانکۆ پێشوازیی لە بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وڵامدانەوەی قەیرانەکانی پارێزگای هەولێر کرد

پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پێشوازی ئەندازیار ناز جەلال بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وڵامدانەوەی قەیرانەکانی پارێزگای هەولێر و سەحەر تالیب، نوێنەری سەنتەری نێودەوڵەتی بۆ پەرەپێدانی سیاسەتی کۆچ (ICMPD) لە هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە ستافەکەیان کرد.

لە سەرەتای دیدارەکەدا کە پ.د.ئازاد حسن قادر یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێری و دارایی و پ.ی.د.بۆتان مەجید ئەحمەد یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا و پ.ی.د.سەرسام خەلیل شوانی راگری پەیمانگای تەکنیکی کارگێری هەولێر  و پ.ی.د.هەتاو کەریم بەڕێوەبەری سەنتەری پەرەپێدانی کار و پ.ی.د.عەبدوڵڵا عومەر یاسین، بەڕێوەبەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و م.بەهزاد حلمی حسێن بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی زانکۆ و سەرمەند حەمید نەسرەدین بەڕێوەبەری کارگێری و خۆیەتی ئامادەی بوون، پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی وێڕای بەخێرهێنان، خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وڵامدانەوەی قەیرانەکانی پارێزگای هەولێر و نوێنەری سەنتەری نێودەوڵەتی بۆ پەرەپێدانی سیاسەتی کۆچ (ICMPD) لە هەرێمی کوردستان بۆ زانکۆمان دەربڕی.

لای خۆیانەوە شاندی میوان سوپاسی سەرۆکی زانکۆیان کرد بۆ رەخساندنی ئەم دەرفەتە و بەجیا کورتەیەکیان لەبارەی کار و چالاکییەکانیان خستەڕوو و رایانگەیاند کە ئامانجی سەردانەکەیان دروستکردنی هەماهەنگییە بۆ ئەنجامدانی زنجیرەیەک سیمینار لەسەر ئاستی کۆلێژ و پەیمانگاکانی زانکۆمان بۆ هۆشیارکردنەوەی قوتابیان لە زیان و مەترسییەکانی کۆچی نایاسایی و هاندانی قوتابیان بۆ بەشداریکردن لە خولی تایبەت بە چۆنییەتی ئامادەکردنی سیڤی و دۆزینەوەی هەلی کار کە بڕیارە بە هاوبەشی بۆ قوتابیانمان بکرێتەوە تاوەکو قوتابیان لەدوای دەرچوونیان ببنە خاوەنی کاری خۆیان، هەروەها داوایان کرد کە سوود لە ئەزموون و شارەزایی مامۆستایانی زانکۆمان وەربگرن لەمبارەیەوە.

لای خۆیەوە سەرۆکی زانکۆ پشتیوانی خۆی بۆ بیرۆکە و دەستپێشخەرییەکەیان دووپات کردەوە و رایگەیاند کە ئەرکی زانکۆ تەنها مەعریفە و پێگەیاندنی قوتابیان نییە، بەڵکو دەبێت زانکۆ بەشێک بێت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی کۆمەڵگە و کارەکانیشی رەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر کۆمەڵگە هەبێت.

راشیگەیاند کە پێشتریش وەک زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لەوا بوارانەدا کاریان کردووە لەوانەش ساڵی رابردوو پڕۆژەکیان بۆ خزمەتکردنی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان لە رێگەی کردنەوەی خولی تایبەت بە فێربوونی زمان تاوەکو ببێتە پاڵپشتییەک بۆ تواناکانیان ئەنجامدا.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە کاری خۆبەخشی و گرنگی کاری خۆبەخشی و چەندین تەوەری دیکە کرا و لەمبارەیەوە هەردوولا باسیان لە پێویستی هەماهەنگیی و لێکنزیکبوونەوەی زیاتر کرا.

هاوکات باس لەوەشکرا کار بکرێت بۆ ئامادەکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن لەنێوان هەردوولا تاوەکو سەرجەم بیرۆکە و پێشنیارەکان لەنێویدا جێگیربکرێت و بکرێتە بنەمای کاری داهاتوو.