بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، وۆرکشۆپێک لەبارەی کردارەکانی کەشوهەوا لەبەر رۆشنایی کۆنفرانسی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا – COP29 بەڕێوەچوو.
لە سەرەتای وۆرکشۆپەکەدا، کە راوێژکارانی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان و یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆ و رێکخراوەکانی بواری ژینگە و مامۆستایانی زانکۆ ئامادەی بوون، پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی لە وتارێکدا دوای بەخێرهێنانی میوان، هاوکات باسی لە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا کرد وەک بابەتێکی سەردەم و رووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵنگارییانەی کە دەبنە هۆی پیسبوونی ژینگە بەپێویست زانی.
دواتر پ.د.سیروان بابان وەزیری پێشووی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و سەرۆکی ئەنجوومەنی راوێژکارانی سەرۆکایەتی هەرێم و راوێژکاری زانستی سەرۆکی هەرێم لە بابەتێکدا باسی لە هۆکارەکانی پیسبوونی ژینگە و ئەو هەنگاو و رێککارانەی کە دەبنە هۆی کەمبوونەوەی زیان و مەترسییەکانی کرد.
پاشان د.شارا کەمال راوێژکاری سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆکی بەشی تەکنەلۆجیای پیتڕۆڵ لە کۆلێژی تەکنەلۆجی کە یەکێک بوو لە بەشداربووانی COP29 باسی لە کارەکانی کۆنفرانسەکە و ئەو بڕیار و راسپاردانەی لە میانیدا دران باس کرد.
دواتر لە پانێڵێکدا هەریەک لە م.هەڤاڵ ئەحمەد بەڕێوەبەری فەرمانگەی گۆڕانی کەشوهەوا لە دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە و سەلمان کەریم سەرۆکی بەشی لێکۆڵینەوە و داڕشتن لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی سەرچاوەکانی ئاو لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و موهەنەد ئەیوب لێپرسراوی بەشی کەمکردنەوە و خۆگونجاندن لە فەرمانگەی گۆڕانی کەشوهەوا لە دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە و عەلی سەعید بەڕێوەبەری زانیاری پەیوەندەییەکان لە ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆ، بەجیا باسیان لە هەنگاوەکانی دامەزراوەکانیان بۆ کەمکردنەوەی کارییگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا کرد.
پاشان لەلایەن ئامادەبووانەوە بە چەند پرسیارێک بابەتەکان دەوڵەمەندترکران و لەلایەن پانێڵیستەکانەوە وەڵامدرانەوە.
لە کۆتاییدا لەلایەن پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی رێزلێنانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پێشکەش بە پانێڵیستەکان کرا.