زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و دامەزراوەی Vision Education جەخت لە پێویستی هەماهەنگیی نێوانیان دەکەنەوە

شاندێکی زانکۆمان بە سەرۆکایەتی پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر سەردانی دامەزراوەی Vision Educationی کرد و لەلایەن زەینەب خەلیل جێگری بەڕێوەبەری رێگەپێدراوی دامەزراوەکەوە پێشوازیی لێکرا.

لە سەرەتاى دیدارەکەدا، کە پ.ی.د.بۆتان مجید احمد یاڕیدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا، پ.ی.د.مراد امیر احمد ڕاگری کۆلێژی تەکنیکی تەندروستی و پزیشکی، پ.ی.د.عبدالله عمر یاسین بەڕێوەبەری پەیوەندییە نێودەڵەتییەکان و سرمند حمید نصرالدین بەڕێوەبەری کارگێری و خۆیەتی و ستافی دامەزراوەکە ئامادەی بوون، سەرۆکی دامەزراوەی Vision Education وێڕای بەخێرهاتن و خۆشحاڵی دەربڕین بە سەردانی شاندی زانکۆ، هاوکات کورتەیەکی لەبارەی دامەزراوەکە و ئامانجەکانی خستەڕوو.

لای خۆیەوە، پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر سوپاسی سەرۆک و ستافی دامەزراوەی Vision Education ی کرد بۆ پێشوازییکردنیان، کورتەیەکی لەسەر زانکۆ و کۆلێژ و پەیمانگاکانی و دیدگا و بەرنامەی زانکۆ بۆ بەرەپێشبردنی ئاستی زانستی و گونجاندنی پڕۆگرامانی خوێندن تیایدا لەگەڵ بازاڕی کار باسکرد.

هەر لە دیدارەکەدا جەخت لە پێویستی هەماهەنگی نێوان هەردوولا کرایەوە و لەمبارەیەوە هاوڕابوون لەسەر بەردەوامی پەیوەندییەکان بە ئامانجی واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن و کاری هاوبەش لە داهاتوودا.