بە ئامادەبوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و تەیب کەژۆ، بەڕێوەبەرى گەشەپێدانى پیشەسازیی هەولێر و ژمارەیەکى دیکە لە پسپۆڕ و شارەزا و مامۆستایانی زانکۆ و قوتابیان، بەڕێوەبەرایەتی گەشەپێدانى پیشەسازى هەولێر بە هەماهەنگى کۆلێژی تەکنەلۆجی و زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، پیشانگایەکى تایبەت بە نمایشی بەرهەمی کارگە پیشەسازییە خۆماڵییەکان کرایەوە و سیمپۆزیۆمێکی لەژێر ناونیشانى (داهێنانی پیشەسازی بۆ بەردەوام بوون) ئەنجامدا.
لە سەرەتاى سیمپۆزیۆمەکەدا، لەلایەن ئامادەبووانەوە پیشانگایەکى تایبەت بە هەلى کار و بەربوومى خۆراکى و کەلوپەل و پێداویستى پزیشکى و ئۆتۆمبێل و پیشەسازى بە بەشداری چەندین کۆمپانیای ناوخۆیی و خۆماڵى کرایەوە، پاشان لە لایەن مامۆستایانی زانکۆ و پسپۆڕان، پرسى گەشەپێدانى پیشەسازى و پرۆسەى پەرەپێدان و باشترکردنى ژێرخانى پیشەسازیی و بەرهەمهێنان و هاندانى وەبەرهێنان لە کەرتى پیشەسازییدا لە هەرێمى کوردستان و دابینکردنى پاڵپشتی و فراوانکردنى چالاکییەکانى ئەم کەرتە بە ئامانجی هاندان و دروستکردنى هەلى کار تاوتوێکرا. هەروەها تیشک خرایەسەر ئەوەی بایەخدان بە کەرتى پیشەسازى کە شادەمارى ئابوورییە، دەبێتە هۆى پێشکەوتنى وڵات.
جێگەی باسە، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەردەوام جەخت لە گەشەپێدانى کەرتى پیشەسازى کردووەتەوە، کە یەکێکە لە کەرتە سەرەکییەکان و بە گرنگیەوە لێى دەڕوانێت، لە ماوەى ساڵانى ڕابردووشدا سەرەڕای ئاستەنگ و کێشە سیاسى و ئابوورییەکان کە ڕووبەڕووى هەرێم بوونەتەوە، بەڵام کەرتى پیشەسازیى گەشەى زۆرى بەخۆیەوە بینیوە.
لە چوارچێوەیشدا و هاوتەریب لەگەڵ پلانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بایەخی تایبەتی بەم کەرتە داوە و بەردەوام چالاکی جۆراوجۆری لەم بوارەدا ئەنجامداوە.