بە ئامادەبوونی پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆ و ژمارەیەک لە بەرپرسانی دیکەی حکوومی و حزبی، لە ڕێوەڕەسمێکی شایستەدا یادی رۆژی جیهانیی زمانی دایک کرایەوە.
بەم بۆنەیەوە لە هۆڵی کۆنفرانسەکانی سەرۆکایەتی زانکۆ، سیمپۆزیۆمێک بە ناونیشانی (زمانی دایک لە نێوان توانستی ئەکادیمی و ئاسۆی ڕۆشنبیریدا) ئەنجامدرا.
لە سەرەتای سیمپۆزیۆمەکەدا، پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە گوتەیەکدا وێڕای بەخێرهێنانی میوانان و بەشداربووانی سیمپۆزیۆمەکە، گوتی: “خۆشحاڵین کە ئەمڕۆ لێرە پێکەوە یادی رۆژی جیهانیی زمانی دایک دەکەینەوە”.
گوتیشی” لە دوای چەندین لێکۆڵینەوەی زانستی، بەپێی بڕیاريکی یونیسکۆ، رۆژی ٢١ی شوبات وەک رۆژی جیهانی دیاری کرا”.
سەرۆکی زانکۆ ئاماژەی بە گرنگی و بایەخدان بە فێربوونی زمانی دایک کرد و رایگەیاند کە فێربوونی زمانی دایک دەبێتە هۆی فێربوون و بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی زیاتر.
سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر راشیگەیاند کە بەپێی توێژینەوەیەک کە لەسەر ئاستی ٥٠٠ زانکۆی ئاست بەرز لە ٣٥ وڵاتی جیاوازدا ئەنجام دراوە، دەرکەوتووە کە ئەو قوتابیانەی لەو زانکۆیانەدا بە زمانی دایک دەخوێنن، لەو وڵاتانەن کە لە ئاستێکی بەرزی ئابووری و پیشەسازیدان، بە تایبەتیش لە هەردوو وڵاتی ئەڵمانیا و ژاپۆن کە لە ئێستادا لە پيشەنگی وڵاتاندان لە بواری ئابووری و پیشەسازیی کە هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە خوێندن لەو وڵاتانە بە زمانی دایکە.
پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە گرنگی فێربوونی زمانی دیکە لەگەڵ زمانی دایک کرد.
سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد کە گەلی کوردستان لە رابردوودا قوربانی زۆری داوە لە پێناو پاراستنی زمانی کوردی کە بەهۆی کوردبوونەوە رێگری کراوە لە خوێندن و نووسین بە زمانی دایک، بۆیە پێویستە لەم قۆناغەشدا بایەخی زیاتر بە فێربوونی زمانی دایک بدەین”.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی باسی لە هەنگاوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بایەخدان بە زمانی دایک و زمانی پێکهاتەکانی دیکە و رایگەیاند، خەباتی گەلی کوردستان لە مێژوودا بۆ پاراستنی شکۆ و شوناس و سەرەوەییەکانی وڵاتەکەمان بووە.
سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر جەختی لە پێویستی هەنگاونانی زانکۆکان بۆ پاراستنی زیاتری زمانی دایک
دواتر هەریەک لە بەڕێزان پ.د.سەباح ڕەشید قادر مامۆستا بەشی زمانی کوردی /کۆلێژی زمان لە زانکۆی سەڵاحەددین و پ.د.پەخشان صابر حمد بەشی زمانی کوردی / فاکەڵتی ئاداب لە زانکۆی سۆران و د.بازیان یونس محي الدین یاریدەدری راگری کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری هەولێر لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە سێ بابەتی جیادا باسیان لە گرنگی زمانی دایک کرد و سیمپۆزیۆمەکەش لەلایەن پ.ی.د.دلێر احمد محمد سەرۆکی بەشی تەکنیکی میدیا لە کۆلێژی تەکنیکی کارگێری لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەڕێوەبرا.
لە کۆتاییدا لەلایەن پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بڕوانامەی رێزلێنان بەخشرایە پانێڵیست و بەڕێوەبەری سیمپۆزیۆمەکە.

























