لە ڕێوڕەسمێکی شایستەدا ڕێز لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی خانەنشینکراوی زانکۆمان نرا

بە ئامادەبوونی پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و بەڕێز بڵند ئیسماعیل ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان و پ.ی.د.ژاڵە سەعید خەتات بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی توێژینەوە و پەرەپێدان لە وەزارەرتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆ و ژمارەیەک لە بەرپرسانی دیکەی حکوومی و حزبی، لە ڕێوەڕەسمێکی شایستەدا ڕێز لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی خانەنشینکراوی زانکۆمان نرا.

لە سەرەتای ڕێوڕەسمەکەدا، پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە وتەیەکدا دوای بەخێرهێنانی میوانان، گوتی: “ئەمڕۆ لێرە کۆبووینەتەوە بۆ رێزلێنان لەو مامۆستا و فەرمانبەرانەی کە دوای ساڵانێکی زۆر لە خزمەتکردن بەپێی بڕیارێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان خانەنشین بوون”.

سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر گوتیشی “خانەنشینبوون بە واتای کۆتاییهاتنی رێگاکان نییە، بەڵکو لێرەوە ژیانێکی نوێ دەست پێدەکات“ و ئومێدی خواست لێرەوە هەنگاوی نوێ بە ئاراستەی داهێنان و نوێگەری بنێن.

سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بە ئاماژەدان بە ڕۆڵی ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانی خانەنشینبوو لە بەرەپێشبردنی زانکۆ لە قۆناغە جیاجیاکاندا، رایگەیاند کە ئەوان هەرگیز دەست بەرداری توانا و لێهاتووییەکانیان نابن و لە داهاتوودا سوود لە ئەزموونی چەندین ساڵەی خزمەتیان وەردەگرن.

دواتر هەریەک لە پ.ی.د.کەوسەر عەزیز گەڵاڵی سەرۆکی پێشتووتری زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و پ.ی.د.ئازاد رەمەزان نوێنەری پێشووی مامۆستایانی زانکۆمان و پ.ی.د.بەهات حەسیب قەرەداخی و بەڕێز نزار هەزال سوڵتان بەناوی فەرمانبەرانی خانەنشیبوو، بە جیا وتەیان پێشکەش کرد و وێڕای سوپاسکردنی زانکۆ بۆ رێکخستنی ئەو ڕێوڕەسمە، هاوکات باسیان لە ئەزموون و کاری خۆیان و هاوکارانیان کرد لە کاری وەزیفدا بە گشتی و قۆناغی کارکردنیان لە زانکۆدا کرد.

دواتر لەلایەن ئامادەبووانەوە رێزلێنان بەسەر سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەرانی خانەنشینکراوی زانکۆدا دابەشکرا.

 

بۆ بینینی تەواوی وێنەکان، لێـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــرە بکە