یاداشتی لێکتێگەیشتن لەنێوان زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆی تەکنیکی فوڕاتی ناوەڕاست واژۆ کرا

پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پێشوازی لە شاندێکی زانکۆی تەکنیکی فوڕاتی ناوەڕاست بە سەرۆکایەتی پ.د.حەسەن کازم لەتیف زوبەیدی، سەرۆکی زانکۆکە کرد.

لە سەرەتای دیدارەکەدا کە یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بۆ کاروباری کارگێری و دارایی و کاروباری قوتابیان و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆ و بەڕێوەربەرانی زانکۆ ئامادەی بوون، پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی بەناوی خۆی و زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێرەوە بەخێرهاتنی شاندی میوانی کرد و کورتەیەکی لەبارەی دیدی و ستراتیژییەتی زانکۆ بۆ شاندی میوان خستەڕوو.

هەر لە دیدارەکەدا باس لە گرنگی و پێویستی هەماهەنگی لەنێوان زانکۆکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بە ئامانجی بەرەوپێشبردنی ئاستی زانکۆکان، کرایەوە.

پاشان لە دوو کورتە ڤیدیۆکەدا، هەردوو زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆی تەکنیکی فوڕاتی ناوەڕاست بە بەشداربووانی کۆبوونەوەکە ناسێندرا.

لە کۆتاییدا یاداشتی لێکتێگەیشتن لەنێوان زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆی تەکنیکی فوڕاتی ناوەڕاست لەلایەن پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر و پ.د.حەسەن کازم لەتیف زوبەیدی واژۆ کرا.