ئەمڕۆ دووشەممە، 27/1/2025، بە ئامادەبوونی پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، بەیاوەری پ.ی.د. بۆتان مەجید ئاسنگەر، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا، و پ.ی.د. ڕەنج سیروان، بەڕێوەبەری گشتی سەنتەری توێژینەوەی زانستی، وۆرکشۆپێک لەسەر کاندید و سەرکردایەتی بۆ مامۆستایان و سەرۆک بەشەکانی سەرجەم کۆلێژەکانی سەر بە زانکۆمان ئەنجامدرا.
لە سەرەتای وۆرکشۆپەکەدا، سەرۆکی زانکۆ وتارێکی پێشکەش کرد و دوای بەخێرهێنانی میوانان، ئاماژەی بەوەدا کە ماوەیەکە لەگەڵ پێشکەشکارانی وۆرک شۆپەکە لە پەیوەندیدان و پێکەوە کاردەکەن، ئەمجارە بەشێوەیەکی جیاواز ویستوومانە سوودێکی زیاتر لە بواری سەرکردایەتی و بەڕێوەبردن وەربگرن.
هەروەها سەرۆکی زانکۆ جەختی لەوە کردەوە کە ئەم وۆرکشۆپە نەک تەنیا بۆ مامۆستایان بەڵکو ئەمجارە ویستوویانە ئەنجوومەنی کۆلێژ و پەیمانگاکان و ئەنجوومەنی زانکۆش بەشداربن، بەتایبەتیش سەرۆک بەشەکان کە ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە گۆڕانکاری لە ناو زانکۆکاندا، چونکە ئەوان پردی پەیوەندین لە نێوان قوتابیان و مامۆستایان.
لە کۆتاییدا، هیوای خواست کە ئامادەبووان سوود لە ئەزموونی دکتۆرە سالی و مستەر ڕیک وەربگرن کە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە هاتوون و وۆرکشۆپەکە بەڕێوەدەبن.
وۆرکشۆپەکە لەلایەن دکتۆرە سالی و مستەر ڕیکەوە پێشکەش کرا، کە بە شێوەیەکی زانستی باسیان لە چەمکەکانی سەرکردایەتی کاریگەر، چۆنیەتی هەڵسەنگاندن و پەرەپێدانی توانای بەڕێوەبردن کرد.
ئامانج لە سازدانی ئەم وۆرکشۆپە، بەرزکردنەوەی ئاستی توانای سەرکردایەتی مامۆستایان و سەرۆک بەشەکانە، هەنگاوێکی گرنگە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی زانکۆی پۆلیتەکنیک بۆ و بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی و پێشخستنی کەرتی خوێندن.




