پانێڵيک لەژێر ناونیشانی ”کاریگەرییەکانی توندوتیژی لەسەر خيزان” بەڕێوەچوو

بە ئامادەبوونی پ.د.ئازاد حسن قادر یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێری دارایی، زیبا تەها سکرتێری یەکێتی ئافرەتانی کوردستان و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکوومی و حزبی، لە سەرۆکایەتی زانکۆ پانێڵيک لەژێر ناونیشانی ”کاریگەرییەکانی توندوتیژی لەسەر خيزان” بەڕێوەچوو کە بەهاوبەشی لەنێوان زانکۆمان و یەکێتی ئافرەتانی کوردستان بەبۆنەی هەڵمەتی نیشتمانی ١٦ رۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان ئەنجامدرا.

سەرەتای پانێڵەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پيکرد.

پاشان وتاری بەخێرهاتن لەلایەن زیبا تەها، سکرتێری یەکێتی ئافرەتانی کوردستان خوێندرایەوە کە تیایدا وێڕای ئاماژەدان بە گرنگی کاری پێکەوەیی لەگەڵ زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر وەک یەکێک لە زانکۆ پيشەنگەکانی کوردستان، هاوکات باسی لە رۆڵی زانکۆ لە کەمکردنەوەی توندوتیژی لەنێو خێزان و کۆمەڵگەدا کرد.

سکرتێری یەکێتی ئافرەتانی کوردستان بە ئاماژەدان بە هەوڵ و هەنگاوەکانی رێکخراوەکەیان لە کەمکردنەوەی توندوتیژی و رایگەیاند، ئەنجامدانی ئەم پانێڵەش لەم چوارچيوەیەدایە.

دواتر پ.د.ئازاد حسن قادر، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێری و دارایی لە وتەیەکدا بەناوی سەرۆکایەتی زانکۆوە وێڕای بەخێرهێنانی میوانان و ئامادەبووان رایگەیاند، توندوتیژی وەک ھۆکارێک کاریگەری نەرینی لەسەر ژیانی خێزان و تاکەکانی ھەیە و دەبێتە سەرەتایەک بۆ ھەڵوەشاندنەوەی خێزان.

یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێری و دارایی بە سەرنج خستنە سەر هەنگاوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خيزانی، گوتی “زانکۆمان وەک دامەزراوەیەکی ئەکادیمی بایەخی تایبەتی بە پرسی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی داوە و ساڵانە ھاوتەریب لەگەڵ پلانی حکوومەت و ھەڵمەتی نیشتمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی چالاکی جۆراوجۆر ئەنجام دەدات”.

راشیگەیاند، ئەمساڵیش بە بۆنەی ھەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان، لە بەردەم کەمپی یەکی زانکۆمان وێنەیەکی سەر دیواریان نەخشێندرا کە بە شێوەیەکی سەمبولی گوزارشتی لە داکۆکیکردن لە مافی ئافرەتان و ئاماژەکردن بە پرسی بەرەنگاربوونەوەی ئەو دیاردەیە دەکرد.

پ.د.ئازاد حسن قادر لە کۆتاییدا خۆشحاڵی نیشاندا وەک زانکۆ بەشداریی ئەم چالاکییە دەبن و ھیوای خواست ناوەڕۆکی پانێڵەکان ببنە بەشێکی گرنگ لە کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی توندوتیژی لەسەر خێزان.

دواتر هەریەک لە چیمەن محەمەد، سە‌‌عد بەرزنجی و نوور یوسف جاف باسیان لە بابەتەکانیان کرد و دواتریش لەلایەن ئامادەبووانەوە چەند پرسیارێک ئاراستەی پانێڵیستەکان کران و وەڵام درانەوە.

لە کۆتاییدا قەڵغانی رێزلێنانی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان لەلایەن زیبا تەها پيشکەش بە زانکۆمان کرا و لەلایەن پ.د.ئازاد حسن قادر، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێری و دارایی قەڵغانەکە وەرگیرا.