Daily Archives: كانونی یه‌كه‌م 1, 2024

بە ئامادەبوونی ڕێزدار “نێچیرڤان بارزانی” سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دیداری زەڵمی لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو

ئەمڕۆ یەکشەممە 1ـی کانوونی یەکەمی 2024 پ.د.ئیدریس محەمەد تاھیر ھەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر لەگەڵ بەشێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ بەشداریان لە دیداری زەڵمی کرد.

دیداری زەڵمی لە هەولێر بەڕێوەچوو و لە دیدارەکەدا دۆکیۆمێنتارییەک لەسەر ژیانی د. مستەفا زەڵمی نمایش کرا. سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەوێ گوتی، ”پابەندین بە درێژەدان بە رێگەی د. مستەفا زەڵمی و بەهێزکردنی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و پاراستنی مافی مرۆڤ”.

بەر لە کۆچی دوایی، ناوبانگی د. مستەفا زەڵمی لە هەرێمی کوردستان و عێراق تێپەڕیبوو، بە جۆرێک کە ساڵی 2013 لە لایەن ئەحمەد تەیب، شێخی ئەزهەر، لە قاهیرەی پایتەختی میسر، خەڵات کرا. 

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، گوتاری بنەماڵەی د. مستەفا زەڵمی، لە لایەن کوڕەکەی، مەسعود مستەفا زەڵمی خوێندرایەوە.

 

مستەفا ئیبراھیم محەممەد ئەمین، ناسراو بە د. مستەفا زەڵمی، له ‌ساڵی 1924 له‌ گوندی زەڵمی ناوچەی هەورامان لەدایک بووە. زیاتر له‌ 50 كتێب و 40 توێژینەوەی لەبارەی شەرع و یاسا نووسیوه‌ و یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی جیهانی ئیسلام بوو. 4ـی حوزەیرانی 2016 لە هەولێر کۆچی دوایی کرد.

 

سەرۆکی زانکۆ پێشوازیی لە شاندێکی رێکخراوی ZFD ئەڵمانی دەکات

ئەمڕۆ یەکشەممە 1ـی کانوونی یەکەمی 2024 پ.د.ئیدریس محەمەدتاھیر ھەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر پێشوازیی لە شاندێکی رێکخراوی ZFD ئەڵمانی کرد کە پێکھاتبوو لە رەیف جانک بەڕێوەبەری کاروباری وڵاتان لە رێکخراوی ZFD لە عێراق و ئیلینا ئیمیک بەڕێوەبەری پڕۆژەکان و کەریم سابت سەرۆکی پڕۆگرامەکان و سەیوان ئیبراھیم راوێژکاری ئەمنی لە رێکخراوی ناوبراو.

لە سەرەتای دیدارەکەدا کە پ.ی.د.بۆتان مەجید ئاسنگەر یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی، پ.ی.د.یوسف مستەفا رەسوڵ یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری قوتابیان، پ.ی.د.عەبدوڵڵا عومەر یاسین بەڕێوەبەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، م.بەھزاد حلمی بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی زانکۆ و سەرمەند حەمید بەڕێوەبەری کارگێری و خۆیەتی ئامادەی بوون، سەرۆکی زانکۆ بەخێرھاتنی شاندی میوانی کرد و کورتەیەکی لەبارەی زانکۆ و پێکھاتەکەی بۆ خستنەڕوو.

دواتر شاندی میوانی ئامانجی سەردانەکەیان باس کرد کە بریتی بوو لە دروستکردنی ھەماھەنگی لەنێوان رێکخراوی ZFD ئەڵمانی و زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر بەمەبەستی کردنەوەی خولی تایبەت بە مامۆستایان، فەرمانبەران و قوتابیانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر لەبواری ئاشتەوایی و بەرەنگاربوونەوەی جەنگ و کاریگەرییە نەرێنییەکانی.

لای خۆیەوە سەرۆکی زانکۆ خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە دەستنیشانی کردنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر لەلایەن رێکخراوی ZFD ئەڵمانی بۆ ئەنجامدانی کاری ھاوبەش و پێکەوەیی و رایگەیاند، زانکۆمان بە خۆشحاڵییەوە پێشوازیی لەو ھەنگاوەی رێکخراوی ZFD دەکات و ئامانجی زانکۆمان ئەوەیە کە جگە لە بواری پەروەردە و فێرکردن، ھاوکات لە بواری جیاجیادا خزمەت بە کۆمەڵگا بکات.

لە کۆتاییدا ھەردوولا رێککەوتن لەسەر دەستپێکردنی ھەنگاوی کردەیی بۆ جێبەجێکردنی ئەم بەرنامەیە لە ئایندەیەکی نزیکدا.