ئەمڕۆ چوار شەممە رێکەوتی 23ـی تشرینی یەکەمی 2024 لەژێر چاودێری پ.د.ئیدریس محەمەد تاھیر ھەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر،بە ئامادەبوونی پ.د.ئازاد حەسەن قادر، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بۆ کاروباری کارگێری و دارایی، پ.ی.د. یوسف مستەفا رەسول یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری قوتابییان و بەشەناوەخۆییەکان، پ.ی.د.ئیدریس هادی ساڵح سەرۆكی دەستەی ئەمیندارنی زانكۆی نێودەوڵەتیی تیشك، بەشێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و ژمارەیەک لە میوانان، مەراسیمی کردنەوەی دەیەمین کۆنفڕانسی ساڵانەى نێودەوڵەتى ئەندازیاری شارستانی و زانیاری کۆمپیوتەرلە نێوان زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆی نێودەوڵەتیی تیشک بەرێوەچوو.
دوای گوێگرتن لە سروودی نیشتمانی عێراق و سرودی نیشتمانی کوردستان یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پ.د.ئازاد حەسەن قادر وتارێکی پێشکەش کرد و وتی: “میوانە بەڕێزەکان، زۆر خۆشحاڵم بە ئامادەبوونتان لە مەراسیمی دەیەمین کۆنفڕانسی ساڵانەى نێودەوڵەتى ئەندازیاری لە لایەن زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆی نێودەوڵەتی تیشک ئەنجام دەدرێت.
بەڕێزان یەکێک لە ھێڵە گشتییەکانی ستراتیژییەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر گرنگیدانی تایبەتە بە توێژینەوەی زانستی و توێژەران لە رێگەی ئەنجامدانی چەندین کۆنفرانس و سیمپۆزیۆم و ۆرۆکشۆپ بۆ زیاتر ئاشنابوونیان بە پێکھاتەی زانکۆمان.
ئامادەبووانی بەڕێز لە ئێستادا زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر پێکھاتووە لە حەوت کۆلێژ و شەش پەیمانگەی تەکنیکی کە پسپۆڕی و بوارەکانی تەندروستی و پزیشکی، ئەندازیاری، کشتوکاڵی و کارگێری کە ھەردوو بڕوانامەی بکالۆریۆس و دبلۆمی تەکنیکی بە دەرچووانی دەبەخشێت، ھەروەھا لە ئاستی خوێندنی باڵا قوتابیانی دبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا درێژە بەخوێندن دەدەن لە زانکۆماندا، زانکۆمان بە توانا و لێھاتوویی نزیکەی 800 مامۆستا لە ھەڵگرانی بڕوانامەی باڵا لە پسپۆڕی جیاواز و نزیکەی دوو هەزار فەرمانبەر خزمەت بە زیاتر لە 17 ھەزار قوتابی دەکەن.
لە کۆتاییدا دەستخۆشی لە سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی باڵا و لیژنەی زانستی و لیژنەی ئامادەکاریی کۆنفرانس دەکەم و ھیوادارم دەرەنجامەکانی کۆنفرانسەکە ببێتە ھەنگاوێک بۆ خزمەتکردنی زیاتری زانکۆمان و بەرەوپێشبردنی رەوتی زانست و ئاوەدانی لە کوردستان، دووبارە ھەموولایەکتان بەخێربێن.
شیاوی باسە ئەم کۆنفرانسە بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت لە رۆژانی 23 و 24/10/2024، زیاتر لە 130 توێژەرانی دامەزراوە و رێکخراوی ئەکادیمی و زانکۆکانى (11) وڵاتى جیاوازی جیهان وەک وڵاتانی ( مصر، پاکستان، فیلیپین، ئوردن، ئەلمانیا ، سوید، استرالیا ، تونس، عیراق، سوریا ، ئەمریکا) بەشدارن، بە پێشکەش کردنی (82) توێژینەوەى زانستى لە بوارە جیاکانى ئەندازیارى کە گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت و دوای هەڵسەنگاندن لە گۆڤارە ناوخۆیی و جیهانییەکان بڵاو دەکرێنەوە.















