Daily Archives: تشرینی یه‌كه‌م 14, 2024

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر سیمینارێک لەژێر ناونیشانی “ڕۆڵی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەرەوپێشبردنی تەکنەلۆجیای زانیاری” ڕێکدەخات

ئەمڕۆ دوو شەممە 14ی تشرینی یەکەمی 2024 لەسەر راسپاردەی پ.د.ئیدریس محەمەد تاھیر ھەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر، زانکۆمان میوانداری د.ئازاد نەجاڕ داهێنەر و شارەزای بواری تەکنەلۆجیای کرد، بۆ پێشکەشکردنی سیمینارێک لەژێر ناونیشانی ڕۆڵی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەرەوپێشبردنی تەکنەلۆجیای زانیاری.

سیمینارەکە لە هۆڵی سەنتەری رۆشنبیری زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری قوتابیان و بەشەناوخۆییەکان، ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆ، مامۆستایان و قوتابیانی زانکۆمان و چەندین میوان بەڕێوەچوو.

د.ئازاد نەجار لە سیمینارەکەیدا باسی لە گرینگی تەکنەلۆجیا لە هەموو بوارە جیاوازەکاندا کرد، پێشخستنی تەکنەلۆجیا لە هەرێمی کوردستان گەراندەوە بۆ پەیوەندییەکی هاوبەش لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و زانکۆکان و بازاری کاردا، بۆ زیادکردنی بەرهەم و کەمکردنەوەی خەرجییەکان، ئەمەیشی وەک هۆکارێک بۆ بەرەوپێشبردنی هەرێمی کوردستان و برەو دان بە تواناکانی دەرچوانی زانکۆکانی کوردستان و دەسکەوتنی هەڵی کار لە بازارەکان گەڕاندەوە.

جگە لەوەش باسی لە دامەزراوەی (Kurdistan Innovation Institute ) و پلان و پڕۆژەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد، پشتگیری تەواوی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ خاوەن بیرۆکەکان لە پێشخستنی تەکنەلۆجیا لە بوارە جیاوازەکان دوپاتکردەوە، ستراتیژی کارکردنی خستە ڕوو.

لە بەشێکی تری سیمینارەکەیدا ڕۆڵی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لە گرنگیدان بە بواری تەکنەلۆجیا و ڕۆڵی خودی سەرۆکی حکوومەت رێزدار مەسرور بارزانی لە دامەزراندنی دامەزراوەی داهێنانی کوردستان نیشاندا ، هەروەها ڕۆڵی زانکۆ لەو دامەزراوەیەدا بەشێکی تری سیمینارەکە بوو.

دواتر باسی ئەزموونی خۆی لە وڵاتی سوید کرد،ئاماژەی بە داهاتووی کوردستان کرد کە هیچی کەمتر نابێت لە وڵاتێکی وەک سوید.

لە کۆتایی سیمینارەکەدا بە وڵامدانەوەی چەند پرسیارێکی میوانان و دووپاتکردنەوەی پشگیری تەواوی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پێشخستنی تەکنەلۆجیا لە هەرێمی کوردستان گەیاند، دواتر سوپاسی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێری کرد بۆ ئەم میوانداریە و گرنگیدانی سەرۆکی زانکۆ بۆ ئەم بابەتە بەرز نرخاند.

پاشان سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێڕ باسی لە گرینگی دامەزراوەی (Kurdistan Innovation Institute ) کرد، کە چۆن بیرۆکەکان سوودیان لێ دەبیندرێت بۆ کاری داهێنەرانە،و زانکۆی بەشوێنی ئەم بیرۆکە داهێنەرانە نیشاندا، دواتر پشگیری و هاوکاری زانکۆ بۆ بەجێگەیاندنی کارەکانی ئەم دامەزراوەیە ڕاگەیاند و سوپاس و دەست خۆشی خۆی لە د. ئازاد نەجاڕ کرد بۆ پێشکەشکردنی سیمینارەکەی.