بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆ سیمپۆزیۆمی (دیدگای داهاتوو، دەرمانسازی بۆ ساڵی 2050) ئەنجامدرا

ڕۆژی سێشەممە ١٥ی نیسانی ٢٠٢٥ لە هۆڵی کۆنفڕانسی کەمپی یەکی زانکۆ، بە ئامادەبوونی پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆ، کامەران سەڵاح باجگر و مەعروف عەزیزخان هەرکی، جێگرانی سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر و ژمارەیەك لە مامۆستایانی زانکۆ و بەرپرسان، بە سەرپەرشتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، پەیمانگای تەکنیکی پزیشکی هەولێر، سیمپۆزیۆمی (دیدگای داهاتوو، دەرمانسازی بۆ ساڵی 2050) رێکخست.

لە سەرەتای سیمپۆزیۆمەکەدا، پ.ی.د.تیران جەمیل پیرۆ راگری پەیمانگای تەکنیکی پزیشکی هەولێر بەناوی خۆی و ئەنجوومەنی پەیمانگاوە بەخێرهاتنی میوانانی کرد و باسی لە ئامانجی ئەنجامدانی ئەم سیمپۆزیۆمەکە کرد کە دەیانەوێت لە رێگەیەوە دیگای داهاتوو بخەنەڕوو.

دواتر پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر گوتارێکی پێشکەش کرد و لە دوای بەخێرهاتنی میوانان و دەستخۆشی لە رێکخەرانی سیمپۆزیۆمەکە رایگەیاند کە ئەوان وەک زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر هەمیشە جەخت لەوە دەکەنەوە کە زانکۆ کاری تەنها زانست و مەعریفە نییە، بەڵکو کارێکی دیکەی گرنگی زانکۆ بریتییە لە دۆزینەوەی بیرۆکە و دروستکردنی کەسایەتی داهێنەر و کاریگەر لەناو کۆمەڵگەدا و قسەکردنە لەسەر کێشەکانی کۆمەڵگا و چۆنییەتی دۆزینەوەی چارەسەریی بۆیان و ئەم کارەی ئەمڕۆیشی بە نموونە هێنایەوە.

سەرۆکی زانکۆ ئاشکرای کرد کە لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر زنجیرەیەک وۆرکشۆپیان بۆ مامۆستایان کردووەتەوە تاوەکو لەو رێگەیەوە مامۆستایان ئاشنا بکەن کە چۆن هانی قوتابیان بدەن بە کە ببنە کەسایەتی کاریگەر لەناو کۆمەڵگەدا.

لەبارەی گرنگی سیمپۆزیۆمەکەیشەوە، پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی رایگەیاند کە گرنگی ئەم سیمپۆزیۆمە لەوەدایە کە پێویستە زانکۆ دیدگای هەبێت بۆ داهاتوو، لەگەڵ ئەو پێشکەوتنانەی لە بواری دەرمانسازیدا هاتووەتە پێش، لێرە تاوتوێی دیدگای دەرمانسازی لە کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٥٠ دەکرێت و بۆ یەکەمجارە ئەم دیدگا و بۆچوونانە لەناو کەپسولێک هەڵدەگیرێت و لە ساڵی ٢٠٥٠ دەکرێتەوە.

دواتر لەلایەن هەریەک لە قسەکەری سەرەکی سیمپۆزیمەکە بەڕێز د. ئازاد نەجار بەڕێوەبەری دەزگای ( KII ) Kurdistan InnovationInstituteو م.طارق ويسى صادق یاریدەدەری ڕاگر پەیمانگەی تەکنیکی پزیشکی هەولێر و د. سەردار قادر عمر سەرۆکی بەشی دەرمانسازی لە پەیمانگەی تەکنیکی پزیشکی هەولێر لە سێ بابەتی جیادا باسیان لە رەوشی دەرمانسازی لە ئێستادا و پێشبینیان بۆ داهاتوو خستەڕوو.

لە کۆتاییدا لەلایەن ئامادەبووانەوە دیدگا و پێشبینی خۆیان بۆ ساڵی ٢٠٥٠ تۆمارکرد و دواتر لەلایەن لیژنەیەک لە پەیمانگای تەکنیکی پزیشکی لەناو کەپسولێکی تایبەت هەڵدەگیرێت و لە ساڵی ٢٠٥٠ کەپسولەکە دەکرێتەوە.