شاندێکی زانکۆمان بەشداریی لە راگەیاندنی پڕۆژەی بەرزکردنەوەی توانای دامەزراندنی دەرچووان و بە نێودەوڵەتیکردنی زانکۆکان دەکات

شاندێکی زانکۆمان بە سەرۆکایەتی پ.ی.د.بۆتان مەجید ئەحمەد یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا و پ.ی.د.رەنج سیروان عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری گشتی سەنتەری توێژینەوەی زانستی و پ.ی.د.هەتاو کەریم بەڕێوەبەری سەنتەری پەرەپێدانی کار و پ.ی.د.عەبدوڵڵا عومەر یاسین بەڕێوەبەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و ژمارەیەک لە ستافی زانکۆمان بەشدارییان لە وۆرکشۆپی دەستپێکردن و ڕاگەیاندنی پڕۆژەی (RISE) کرد کە بۆ بەرزکردنەوەی توانای دامەزراندنی دەرچووانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و بە نێودەوڵەتیکردنی زانکۆکان جێبەجێدەکرێت.

پڕۆژەی (RISE) بە بەشداری هاوبەشە سەرەکییەکانی پڕۆژەکە کە پێکهاتوون لە حەوت زانکۆ لە هەرێمی کوردستان (زانکۆی دهۆک، زانکۆی گەرمیان، زانکۆی زاخۆ، زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی، زانکۆی پۆلیتەکنیکی دهۆک، زانکۆی ئاکرێ بۆ زانستە کرداریەکان) و دوو زانکۆی ئەوڕووپی (زانکۆی مۆرسیا لە ئیسپانیا و زانکۆی UNINT لە ئیتاڵیا) جێبەجێ دەکرێت.

ئەم پڕۆژەیە لە لایەن یەکێتی ئەوڕووپا پشتگیری دەکرێت و لەلایەن  UNIMEDی ئیتاڵی هەماهەنگی دەکرێت، مەبەست لە ئەنجامدانی وۆرکشۆپەکە بریتی بوو لە خستنەڕوی مەبەست و ئامانجەکانی پڕۆژەکە کە تایبەتە بە بەرزکردنەوەی توانای دامەزراندنی دەرچووانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و بە نێودەوڵەتیکردنی زانکۆکان، هەر لە پڕۆژەکە باس لە پلان و قۆناغەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە کراو هەروەها گفتوگۆ لەسەر ئالنگاریەکانی بەردەم پڕۆژەکە و چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەیان و دۆزینەوەی ڕێگا چارەسەر کرا.

سەرۆکی دەزگای سەرپەرشتی و دڵنیایی جۆری لە سەرەتای دەستپێکردنی وۆرکشۆپەکەدا وتەیەکی بە نوێنەرایەتی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پێشکەش کرد، دوایی پیڕۆزباییکردن لە هاوبەشە سەرەکییەکانی پڕۆژەکە و یەکێتی ئەوڕووپا بە بۆنەی دەسپێکردنی پڕۆژەکە و هەروەها دووپاتکردنەوەی پاڵپشتی وەزارەتی خوێندنی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پڕۆژەکە، گوتی: پڕۆژەی (RISE) بە یەکێک لە پڕۆژە گرنگەکان دادەنرێت کە دەکەوێتە ڕێڕەوی بەهێزکردنی پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان و هاوکارییە زانستیەکانی زانکۆکانی ئەوڕوپا بۆ زانکۆکانی هەرێمی کوردستان کە کاریگەری ئەرێنی لە سەر سیستەمی خوێندنی باڵا و بەرەوپێشبردنی تواناکانی دەرچوانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستانی دەبێت بە ئاراستەی زیادکردنی کارامەیی دەرچوان بەشێوەیەک ببن بە جێی متمانەی خاوەن کارەکان لە بازاڕی کاری هەرێمی کوردستاندا و هەروەها لە ڕووی کارسازیەوە بەرەوپێش بچن و بتوانن کاری خۆیان هەبێت.

گوتیشى: ئەم پڕۆژەیە کاریگەری بەهێزی دەبێت لە ڕووی بە نێودەوڵەتیکردنی زانکۆکانمان و پەرەپێدانی ئاستی هاوکاریە زانستیەکانی نێوان زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و زانکۆکانی ئەوروپا، کە ئەمەش دەکەوێتە چوارچێوەی هەوڵەکانی وەزارەتمان بۆ بەرەوپێشبردنی سیستەمی خوێندنی باڵا و پەرەپێدانی پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکانی زانکۆکانمان.