Author Archives: sarmand hameed

ئەندامێکی ئەنجوومەنی زانکۆمان وەک قسەکەری سەرەکی بەشداریی لە کۆنفرانسێکی زانستیدا کرد

پ.ی.د.مراد امیر احمد ئەندامی ئەنجوومەنی زانکۆ و ڕاگری کۆلێژی تەکنیکی تەندروستی و پزیشکی هەولێر وەک قسەکەری سەرەکی بەشداریی لە کۆنفرانسی زانستی زانکۆی نۆڵج کرد لە هەولێر.

کۆنفڕانسەکە کە ئەمڕۆ دووشەممە رێکەوتی ١٤ نیسانی ٢٠٢٥ بە ئامادەبوونی پ.ی.د.بۆتان مەجید ئاسنگەر یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا بە نوێنەرایەتی سەرۆکی زانکۆ و سەرۆک و ئەندامانی ئەنجوومەنی و دەستەی ئەمیندارانی زانکۆی نۆڵج بەڕێوەچوو، تیایدا پ.ی.د.مراد امیر احمد بابەتێکی سەبارەت بە بەکارهێنانی لەیزەر لەبواری تەندروستی و پزیشکییەکان پێشکەش کرد کە چەندین پسپۆڕ و شارەزای ئەم بوارە تیایدا بەشداربوون.

لە کۆتاییدا بڕوانامەی تایبەتی زانکۆ لەلایەن پ.د.ئەحمەد ئەنوەر دزەیی سەرۆکی زانکۆی نۆڵج پێشکەش بە ڕاگری کۆلێژی تەکنیکی تەندروستی و پزیشکی هەولێر کرا.

کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەڕێوەچوو

رۆژی دووشەممە ١٤ـی نیسانی ٢٠٢٥، بە سەرۆکایەتی پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و بە ئامادەبوونی ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆ، کۆبوونەوەی ئاسایی ژمارە حەوتی ئەنجوومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بۆ ساڵی خوێندنی 2024-2025 بەڕێوەچوو.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پیرۆزبایی لە د.فه‌رهه‌نگ عەلی کرد به‌ بۆنه‌ی ده‌ست به‌كاربوونی وه‌ک نوێنه‌ری ماموستایانی زانکۆمان له‌ ئه‌نجوومه‌نی زانكۆ و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکی نوێی.

پاشان بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکە خرایە بەر باس و لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا باس لە‌خۆ ئاماده‌كردن بۆ كۆنفرانسی قوتابیانی زانکۆمان کرا كه‌ به‌م نزیكانه‌ ئه‌نجام ده‌درێت.

سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر جەختی  كرده‌وه‌ له‌ بایه‌خدان به‌ رۆژ و بۆنە نەتەوەیی و  نیشتمانییەکان بۆ ئاشنابوونی قوتابیه‌كان به‌ مێژووی گەلی كورد و پێویستە گشت بۆنە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان لە کۆلێژ و پەیمانگاکان یاد بکرێتەوە.

لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا جەخت لە خۆئامادەکردن بۆ تاقیكردنه‌وه‌ی فاینه‌ڵ لە گشت كۆلێژ و په‌یمانگه‌كانی سەربە زانکۆمان کرا و لەمبارەیەوە سەرۆکی زانکۆ راگرەکانی راسپارد کە لە هەموو روویەکەوە ئامادەکاریی تەواو بکەن بۆ ئەم بابەتە.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا، گفتۆگۆ لەسەر چەند بابەتێکی پەیوەندار بە کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا، کارگێری و دارایی و کاروباری قوتابیان و  سەنتەری توێژینەوەی زانستی کرا و دوای گفتوگۆکردن لەبارەیانەوە، لەلایەن ئەنجوومەنی زانکۆوە بڕیاری پێویستیان لەبارەوە درا.

 

سەرۆکی زانکۆ بەشداریی لە یەکەمین کۆنفرانسی سەرۆکایەتى شارەوانى هەولێر دەکات

پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەشداریی لە یەکەمین کۆنفرانسی سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر کرد کە ئەمڕۆ دووشەممە 2024.4.14، بە ئامادەبوونى ساسان عەونى، وەزیرى شارەوانى و د.پشتیوان سادق، وەزیرى ئەوقاف و کاروباری ئایینی و ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکى فەرمانگەى هەماهەنگى و بەدواداچوون و بریکارى وەزیرى شارەوانى و گەشتوگوزار و سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاى هەولێر و جێگرانى پارێزگار و نوێنەرى نووسینگەى سەرۆکوەزیرانى هەرێم و نوێنەرى سەرۆکى دیوانى ئەنجوومەنى وەزیران و قائیمقامى ناوەندى و ژمارەیەکى دیکە لە بەڕێوەبەرانى گشتیى و ڕاوێژکارانى وەزارەت و مامۆستایانی زانکۆ و ئەندازیاران و پسپۆڕان و شارەزایان، لە ژێرناونیشانى ” لە پێناو پەرەپیدانى بەردەوام بۆ شارى هەولێر ” دەستی پێکرد.

ئەم کۆنفرانسە کە بەهاوبەشی لەنێوان سەرۆکایەتى شارەوانى هەولێر و زانکۆى سەڵاحەدین، لە ژێرناونیشانى “لە پێناو پەرەپیدانى بەردەوام بۆ شارى هەولێر ” بەڕێوەچێت، ماوەى دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت، تێیدا ( 9 ) تەوەرى گرنگی تایبەت بە ( پڕۆژەکانى ڕیگا و بان و ڕیکخستنەوەى هاتووچۆ، نەخش و زەخرەفەى کوردى، ووزە نوێبووەکان و پیسبوونى هەوا، ڕووبەرى سەوزایی و مۆڵەت و ڕووپۆشى باڵەخانەکان، خۆڵ و خاشاک، کارگێڕى و کەمکردنەوەى ڕۆتین، ڕێکخستنەوەى تابلۆکان و لافاو، ڕوودان و ڕێگەگرتن لە ئاگرکەوتنەوە، سیستەمى ئاوەڕۆ ) لە لایەن پسپۆڕ و شارەزایان گفتوگۆى زانستى لەبارەوە دەکرێت.

لە ڕێورەسمى دەستپێکى  کۆنفرانسەکەدا وتاری هەریەک لە وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگاری هەولێر و سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەدین پێشكەش كران و باسیان لە گرنگی كۆنفرانسەكە بۆ شاری هەولێر كرد.

دواتر تەوەرکانی کۆنفراسەکە دەستی پێکرد کە بڕیارە لە ماوەی دوو رۆژدا تەوەرەکانی ئاماژەپێکراوی سەرەوە باس بکرێن.

 

لە سیمپۆزیۆمی نێودەوڵەتی گۆڕانی کەشوهەوا پێشنیار کرا قەزای مێرگەسۆر بکرێتە پایتەختی ژینگە پارێزی لە هەرێمی کوردستان

ڕۆژی یەکشەممە 13ـی نیسانی 2025، لە پێشوازی 16ـی نیسان ڕۆژی ژینگەی کوردستان، کۆلێژی تەکنیکی سۆران بە هاوبەشی فەرمانگەی ژینگەی سۆران، سیمپۆزیۆمی نێودەوڵەتی ڕۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفڕانسی نێودەوڵەتی گۆڕانی کەشوهەوا و دەرئەنجامی (Cop29) لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە هۆڵی کۆنفڕانسی کۆلێژی تەکنیکی سۆران سازکرا.

لە سیمپۆزیۆمەکەدا، پ.ی.د.سیروان لەتیف حاجی ڕاگری کۆلێژی تەکنیکی سۆران و هەژار ماهر بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی سۆران، بەرپرسانی حکوومی و حزبی و مامۆستایان و قوتابییانی کۆلێژەکەمان ئامادەیبوون.

لە دەستپێکی سیمپۆزیۆمەکەدا ڕاگری کۆلێژی تەکنیکی سۆران لە وتەیەکدا بەگەرمی بەخێرهاتنی میوانەکانی کرد و سوپاسی ڕاگرایەتی کۆلێژی تەکنیکی سۆران و فەرمانگەی ژینگەی سۆرانی کرد بۆ ئەنجادانی ئەم سیمپۆزیۆمە، نـاوبـراو لە درێژەی ووتارەکەیـدا تەئکید لە هاوکاری و  هەماهەنگی سەرجەم دام و دەزگایەکان کردوە لە پاراستنی ژینگە و مانەوەی سروشتی کوردستان بەشێوەیەکی تەندروست و جوان، هەروەها تیشکی خستە سەر گرینگی و  ڕۆڵی مامۆستایانی زانکۆ لە هۆشیاکردنەوە و  بەرەوپێش چوونی تاکەکانی کۆمەڵگا لەڕێگەی ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی و چالاکی جۆراوجۆر بۆ زیاتر ئاشنابوونی نەوەکانی داهاتوو بە کەلتووری ژینگە دۆستی .

هەروەها لە سیمپۆزیۆمەکەدا دوو سیمینار و دوو پانێڵ بەڕێوەچوون کە تیایدا ڕۆڵی هەرێمی کوردستان لە کۆنفڕانسی نێودەوڵەتی گۆڕانی کەشوهەوا (COP29) و چارەسەرەکانی بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا خرایە ڕوو.

لە کۆتایی سیمپۆزیۆمەکەدا قەڵغانی ڕێزلێنان بەخشرایە غەفور ئەحمەد مەلاسوار قائیمقامی قەزای مێرگەسۆر و لیوا حەسەن حالی فەرماندەی بەتالیۆنی ژینگەپارێزی بارزان و بەنووسراوی فەرمیش پێشنیار بەرزکرایەوە بۆ سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە، بۆ ئەوەی قەزای مێرگەسۆر وەکو پایتەختی ژینگەی کوردستان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان بناسێنرێت، ئەمەش لەبەرامبەر هەوڵەکانی ئەو سنوورە بۆ پاراستنی ژینگە و پارێزگاری سەدان ساڵە و بوونی ناوچەی سروشتی بارزان و کەلتووری پاراستنی ژینگە و پارێزگاریکردن لێی، هەروەها لە هەمان کاتدا سوپاس و پێزانینی کۆلێژی تەکنیکی سۆران و فەرمانگەی ژینگەی ئیدارەی سۆران، ئاراستەی قسەکەرانی سیمپۆزیۆمەکە کرا.