Blog

یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی بەشداری یەکەمین کۆبوونەوەی دەستپێکی پرۆژەی کامپ پڵەس دەکات لە فەرەنسا

دوای ئەوەی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر وەک تاکە زانکۆ لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق، فەندێکی بەدەست هێنا لە چوارچێوەی پرۆگرامی نێودەوڵەتی (ئیراسموس پڵەس) کە لە لایەن یەکێتی ئەوروپاوە پاڵپشتی دارایی دەکرێت، یەکەمین کۆبوونەوەی دەستپێکی پرۆژەی کامپ پڵەس لە رۆژانی 10 و 11ـی شوباتی 2022 بەرێوەچوو بە ئامادەبوونی سەرجەم هاوبەشەکان لە پرۆژەکە، نوێنەرانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر ی. سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی د. نجیب تۆما، د. عبدالله عمر یاسین رووبەروو لە فەرەنسا هەروەها بەڕێوەبەری ئۆفیسی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان د. رەنج سیروان، د. سەلار عثمان بەشێوەی ئۆنلاین بەشداربوون.

لە کۆبوونەوەکەدا پلانی پوخت دانرا بۆ ماوەی سێ ساڵ لە ساڵی 2021 تاکو 2024 کە خۆی دەبینێتەوە لە بەهێزکردنی توناکانی ئاوارە و پەنابەرەکان بۆ تێکەڵ بوونەوەیان لەگەڵ کۆمەڵگە و بەهێزکردنی کەسایەتییان بۆ ئەوەی لە داهاتوودا چانسی بەدەستخستنی هەلی کاریان زیاتر بێت.

هەروەها لە کۆبوونەوەکاندا جەخت کرایەوە لەسەر دروست کردنی وێبسایتی تایبەت بە پرۆژەکە و بەردەوامیدان بە کۆبوونەوەکان بە شێوەی مانگانە بۆ بەدواداچوونی بەرێوەچوونی پرۆژەکە و دەستنیشانکردنی بەرێوبەری پرۆژەکە لە لایەن هەر هاوبەشێکەوە.

هەروەها بریارە خولی راهێنانی راهێنەرەکان (تی ئۆ تی) لە وڵاتی ئیتاڵیا بەرێوەبچن(لە داهاتوودا بریار لەسەر شێوازی بەرێوەچوونیان دەدرێت کە بە شێوەی ئۆنلاین دەبێت یاخود راستەوخۆ) بەبەشداری 15 ستاف لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و دامەزراوەکانی وڵاتی ئیتاڵیا و یۆنان بۆ هەریەکێکیان 5 راهێنەر و لە داهاتوودا دەبن بە راهێنەر و لە کامپەکان دەست بەکار دەبن

لە کاتی بەرێوەچوونی پرۆژەکە هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت لە ناوخۆ و هەروەها لە دەرەوەش یەکێتی ئەوروپا لە کۆتایی پرۆژەکە هەڵسەنگاندنی بۆ دەکات

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و رێکخراوی ئای ئۆ ئێم وۆرکشۆپێک بۆ قوتابیان رادەگەیەنن

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بە هاوبەشی لەگەڵ رێکخراوی ئای ئۆ ئێمی تایبەت بە کۆچبەران وۆرکشۆپێکی دوو رۆژەی تایبەت بە پەرەپێدان بۆ قوتابیانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر دەکاتەوە.

وۆرکشۆپەکە لە رۆژانی 22 و 23ـی شوبات لە هۆڵی بۆنەکانی سەرۆکایەتی زانکۆ کاتژمێر 10ـی بەیانی تاکو 12ـی نیوەڕۆ بە بەشداری 120 قوتابی بەرێوەدەچێت، کە تیایدا بەشداربووان ئاشنا دەکرێن بە گرنگی و پێویستی ئاشتی کۆمەڵایەتی و گرنگیدان بە کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت و چۆنیەتی هەڵسوکەوت کردن لەگەڵیان، هەروەها دوای کۆتایی هاتن بە وۆرکشۆپەکە بڕوانامەی بەشداربوون دەبەخشرێتە قوتابیان.

ئەم وۆرکشۆپە لە چوارچێوەی چالاکییەکانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێرە لەگەڵ رێکخراوە ناحکومی و نیودەوڵەتییەکان و مەبەست لێی دروست کردنی پەیوەندیە لە نێوان زانکۆ و کۆمەڵگە.

قوتابیان لێــــــرە کرتە بکەن بۆ خۆتۆمارکردن

کۆبونەوەی ھاوبەشی نێوان زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر و زانکۆی پۆلیتەکنیکی دھۆک بەرێوەچوو

رۆژی پێنج شەممە رێکەوتی 10ـی شوباتی 2022 بەئـامادەبونی هەردوو سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پ.ی.د. کاوە عبدالکریم شێروانی و سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی دھۆک پ.ی.د ئـاری عادل عبدالقادر لە کۆلێژی تەکنیکی شەقڵاوە کۆبونەوەیەکی ھاوبەش لە نێوان هەردوو زانکۆ بەرێوەچوو.

لە کۆبوونەوەکەدا کە ژمارەیەک لە ئـەندامانی ئــەنجومەن و بەرێوبەرانی هەردوو سەرۆکایەتی زانکۆ ئامادەیبوون، گفتوگۆ کرا دەربارەی کۆمەڵێک بابەت وەک هەماهەنگی و لێکتێگەیشتنی زیاتر لە نێوان هەردوولا، بۆ ئەو مەبەستەش بریاردرا کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی زانستە مرۆیی و کۆمەڵایەتیەکان بە هاوبەشی ئەنجام بدرێت

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر دیدارێک بۆ هونەرمەندی گەورەی کوردستان مەزهەری خالقی رێکدەخات

رۆژی سێ شەممە رێکەوتی 8ـی شوباتی 2022 لەچوارچێوەی دیداری هەفتانەی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، بە ئامادەبوونی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی د. ئارام محمد قادر، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان د. هێمن هەورامی، بریکاری وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی د. عبدالفتاح عبدالرزاق و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ و بەرپرسانی حزبی و حکومی و هونەرمەند و شاعیر و مامۆستا و قوتابی، بەڕێوبەرایەتی چالاکییە دەرەکییەکان لە هۆڵی بۆنەکانی سەرۆکایەتی زانکۆ دیدارێکی بۆ هونەرمەند و گۆرانی بێژی گەورەی کورد مامۆستا مەزهەری خالقی رێکخست لەژێر ناونیشانی (گرنگی و بایەخی هونەر لە پاراستن و پەرەپێدانی کەلتوری کورد دا).

لە دەستپێکی دیدارەکەدا مامۆستا مەزهەری خالقی باسی لە ژیان و دەستکردن بە کاری هونەری خۆی کرد هەروەها باسی چەند لایەنێکی ژیان و بەرهەمە هونەرییەکانی کرد کە خۆی لە نزیکەی 200 بەرهەمی تۆمارکراو دەبینێتەوە، هەروەها باسی کارکردنی لە بواری راگەیاندن لە رادیۆی تاران کرد، دواتر باسی لە سەرەتای دامەزراندنی ئینستیتیوتی کەلەپووری کورد کرد کە لە شاری سلێمانی لە ساڵی 2003 دایمەزراندووە.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا مامۆستا مەزهەر باسی لە گرنگی هونەر و بەتایبەتی گۆرانی کرد بۆ ناسینی گەلان و بە شوناسی میللەتی وەسف کرد و وتی “کاتێک گەلان زمانی خۆیان لێ زەوت دەکرێت گۆرانی جێگەی زمان دەگرێتەوە و لە رێگەیەوە هەموو شتێک دەتوانێ بڵێت وە ئەم کەلتورە دەوڵەمەندەی ئێمە بەهۆی ئەو هەستانە بووە کە لە رۆحی مرۆڤی کورددا ماوە بەو هەموو ئەدەبیاتە بەو هەموو میلۆدییە دەری بڕیوە و بووە بە شوناسێک بۆ ئێمە، بەراستی هەرچی مە هەرچی باس بکەم دڵۆپێکە لە دەریایەک”.

لە کۆتاییشدا دەرگای گفتوگۆ بەڕووی ئامادەبوواندا کرایەوە و پرسیارەکانیان ئاراستە کرد و لە لایەن مامۆستا مەزهەرەوە بە وردی وەڵام درانەوە.

دواتر سەرۆکی زانکۆ پ.ی.د. کاوە شێروانی پلاکێتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێری بەخشییە مامۆستا مەزهەر و هەروەها سوپاسی بەرێزیانی کرد بۆ ئەنجامدانی دیدارەکە