Category Archives: Uncategorized

سەرۆکی زانکۆ سەردانی هۆڵەکانی تاقیکردنەوەی هەردوو کولێژی تەکنیکی ئەندازیاری و کارگێڕی هەولێر دەکات

رۆژی یەکشەممە 11ـی دیسەمبەری 2022 سەرۆکی زانکۆ پ.د. ئیدریس محمدطاهر هەرکی بەیاوەری یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری قوتابیان، بەڕێوبەری تۆماری گشتی سەرۆکایەتی زانکۆ و هەردوو راگری کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری و کارگێڕی هەولێر، سەردانی هۆڵی تاقیکردنەوەکانی هەردوو کۆلێژی ناوبراویان کرد.

سەرۆکی زانکۆ و شاندی یاوەری سەردانی هۆڵی تاقیکردنەوەکانی سەرجەم بەشە زانستییەکانی هەردوو کۆلێژەکەیان کرد و لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی سمستەری یەکەم و هەروەها لە کێشە و گرفتەکانیان کۆڵییەوە و هیوای سەرکەوتنیان بۆ قوتابییان خواست.

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر.. کۆبوونەوەیەکی فراوان دەربارەی سیستەمی بەڕێوەبردنی ئەلیکترۆنی بەڕێوەچوو

رۆژی 5ـی کانونی یەکەمی 2022 لەهۆڵی بۆنەکانی سەرۆکایەتی زانکۆ، بەئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆ پ.د. ئیدریس محمدطاهر هەرکی و گشت بەڕێوبەرەکانی سەرۆکایەتی زانکۆ و سەرجەم بەڕێوبەرانی کارگێڕی لە کۆلێژ و پەیمانگەکانی سەربە زانکۆمان کۆبوونەوەیەکی فراوان دەربارەی سیستەمی بەڕێوەبردنی ئەلیکترۆنی لە زانکۆمان بەڕێوەچوو.

سەرەتای کۆبوونەوەکە سەرۆکی زانکۆ بەخێرهاتنی ئامادەبووانی کرد و بە گرنگییەوە باسی لە سیستەمەکە کرد و دەستخۆشی لەو کۆلێژ و پەیمانگایانە کرد کە چالاکن و کار بەسیستەمەکە دەکەن هەروەها ئەو کۆلێژ و پەیمانگایانەی کە بەهەر هۆکارێک چالاک نەبوون راسپارد کە لەمەودوا پێویستە کار بە سیستەمەکە بکەن بۆ راییکردنی کاروبارە کارگێڕییەکانی دامەزراوەکانیان.

هەروەها سەرۆکی زانکۆ پاڵپشتی تەواوی خۆی بۆ ئامادەبووان دەربڕی بە دابینکردنی هەر پێداویستیەک کە بۆ کارکردن بەسیستەمەکە پێویستە.

دواتر لە لایەن بەڕێوبەری کارگێڕی سەرۆکایەتی زانکۆ م. سەرمەند بەرزنجی کۆمەڵێک تێبینی و پێشنیار خرانەڕوو بۆ کەمکردنەوەی رۆتینی کارگێڕی لە سەرۆکایەتی زانکۆ، کۆلێژ و پەیمانگەکان، بەمەبەستی زووتر راییکردنی کاروبار و مامەڵەی سەردانیکەرانی زانکۆ.

پاشان بەرپرسی سیستەمی ئەلیکترۆنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر ئەندازیار محسین علی بە داتای ورد کەموکوڕییەکانی خستەروو هەروەها روونکردنەوەی پێویستی بە ئامادەبووان دا لە چۆنیەتی کارکردن بە سیستەمەکە و چۆنیەتی ئەنجامدانی کارەکان بەباشترین شێوە.

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و (یو. تی. ئێچ)ـی ئەڵمانی خولێکی راهێنان بەڕێوەدەبەن

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆی (یو. تی. ئێچ)ـی ئەڵمانی خولێکی زانستی لە ژێر ناونیشانی تاقیگەی بنەڕەتی ئەلیکترۆنی بەڕێوەبرد کە ماوەی یەک هەفتە بەردەوام بوو.

خولەکە لەلایەن رێکخراوی (دی.ئەی.ئەی.دی)ـەوە سپۆنسەر کرابوو، و ماوەی هەفتەیەکی خایاند لە رێکەوتی  27/11/2022 تا 1/12/2022، بەبەشداری ستافی ئەکادیمی هەریەک لە کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر، کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری زانکۆمان و سێ ستافی بەشی فیزیا لە کۆلێژی پەروەردەی زانکۆی سەڵاحەددین.

دوای کۆتایی هاتنی خولەکە رۆژی دووشەممە رێکەوتی 5ـی کانونی یەکەمی 2022 سەرۆکی زانکۆ پ.د. ئیدریس محمدطاهر هەرکی لە سەرۆکایەتی زانکۆ پێشوازی لە سەرپەرشتیار و مامۆستایان و بەشداربووانی خولەکە کرد و بڕوانامەی بەشداریکردن و رێزلێنانی پێ بەخشین.

سەرۆکی زانکۆ بەشداری لە رێوڕەسمی خستنە بواری جێبەجێکردنی (بۆردی راوێژکاری لە نێوان ئەکادیمیا و کەرتی تایبەت) دەکات

رۆژی چوارشەممە رێکەوتی 30ـی نۆڤەمبەری 2022 سەرۆکی زانکۆ پ.د. ئیدریس محمدطاهر هەرکی بەشداریکرد لە رێوڕەسمی خستنە بواری جێبەجێکردنی بۆردی راوێژکاری لە نێوان ئەکادیمیا و کەرتی تایبەت کە لە لایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییەوە راگەیەندرا.

رێوڕەسمەکە بەئامادەبونى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ژمارەیەک لە سەرۆک زانکۆکانى کوردستان و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرانى گشتى و بەشدارى نوێنەرى ژمارەیەکى بەرچاو لە کۆمپانیاکانى هەرێمى کوردستان یەکەمین کۆبونەوەی ڕاوێژکاری لە نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵا و کەرتی تایبەت و کەرتی پیشەسازی بەڕێوەچوو.

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستى لە وتەیەکدا ڕایگەیاند: ئەم هەنگاوە سەرەتای شۆڕشێکی نوێیە لە ڕیفۆرمی خوێندن و پەرەپێدانی هێزی کار و توانا مرۆییەکان، گرنگە هەموو هاوبەشەکانمان لە پەرلەمان و حکومەت و کەرتی تایبەت و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و ڕۆشنبیران پشتیوان و هەماهەنگمان بن.

مەبەست لە دامەزراندنى بۆردی ئەکادیمیاو کەرتى تایبەت و پیشەسازی بۆ دروستکردنى هەماهەنگییە لە نێوان زانکۆکان و ناوەندەکانى خوێندن لەگەڵ کەرتى تایبەت و کەرتى پیشەسازى کوردستان، کە زانکۆ پۆلیتەکنیکییەکان رۆڵێکی گرنگیان دەبێت تیایدا بەو پێیەی کە ئەم زانکۆیانە لەئێستادا وەڵامدەرەوەی بازاڕی کارن.

ئەرکی بۆردەکە ڕوپێوی کردنی بەردەوامە بۆ پێداویستییەکانی بازاڕی کار و گۆڕانکارى کردنە لە ناوەرۆکى پرۆگرامى خوێندن و کردنەوەی بەش و پرۆگرامی نوێی پەیوەندیدار لەگەڵ بازاری کار ، هەروەها پێداچونەوە دەکات بۆ ئەو بەشانەى کە لە زانکۆکان داخوازییان لەسەر نەماوە و گۆڕینیان بە بەشى دیکەى پەیوەندیدار بە ئاراستەی گەشەکردنی ئابوری وڵات.

ئامانجێکی دیکە لە پرۆژەکە وەرگرتنی ڕاو سەرنج و تێڕوانینەکانی کەرتی تایبەت و پیشەسازییە لەبارەى هەماهەنگی زیاتر بۆ ئامادەکردنی هێزی کاری کوردستان لەبەر ڕۆشنایی پێداویستییەکانی بازاڕی کار و ئاراستەی گەشەکردنی ئابوری هەرێمی کوردستان. بۆ ئەوەی خوێندن لە زانکۆکان ڕەنگدانەوەی پێداویستییەکانى بازاڕى کارو ئاراستەی گەشەکردنى ئابوری بێت و گەنجانی وڵاتەکەمان بۆ ئەو سکیڵ و کارامەییانە ئامادەبکرێن کە پێویستن بۆ بازاڕى کار.