Category Archives: Uncategorized

سەرۆکی زانکۆ کۆلێژی تەکنیکی تەندروستی و پزیشکی هەولێر بەسەر دەکاتەوە

رۆژی پێنج شەممە رێکەوتی 15ـی دیسەمبەری 2022 سەرۆکی زانکۆ پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەردانی کۆلێژی تەکنیکی تەندروستی و پزیشکی هەولێری کرد و لەلایەن پ. ی. د. جودت جعفر خەتاب راگری کۆلێژ بەوەکالەت و یاریدەدەر راگر و سەرۆک بەشەکانەوە پێشوازیی لێکرا.

لەم سەردانەیدا سەرۆکی زانکۆ هۆڵەکانی تاقیکردنەوەکانی بەسەرکردەوە و لەنزیکەوە چاودێری چۆنییەتی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکانی کرد.

هەر لە درێژەی سەردانەکەیدا سەرۆکی زانکۆ بەیاوەری بەڕێوبەری سەنتەری توێژینەوەی زانکۆ و ی. راگری کۆلێژی تەکنیکی تەندروستی و پزیشکی هەولێر بەشداریان کرد لە تاوتوێکردنی ماستەرنامەی قوتابییەکی بەشی شیکاری نەخۆشییەکانی کۆلێژی تەکنیکی تەندروستی و پزیشکی هەولێر کە لە سەنتەری توێژینەوە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەڕێوەچوو.


زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر سیمپۆزیۆمی ئاڵنگارییەکانی بەکارهێنانی وزە ئەنجامدەدات

بە ئامادەبوونی پ.د.عەبدولفەتاح عەبدولرەزاق مەحمود، بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، راوێژکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا، نوێنەری نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، نوێنەری سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، ژمارەیەک لە میوانان و مامۆستایان و توێژەران، زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر سیمپۆزیۆمێکی لەژێر ناونیشانی (ئاڵنگارییەکانی بەکارهێنانی وزە لە هەرێمى کوردستان) ئەنجامدا.

لە سەرەتای سیمپۆزیۆمەکەدا، پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیرهەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەناوی خۆی و ئەنجوومەنی زانکۆوە بەخێرهاتنی ئامادەبووانی کرد و خۆشحاڵی خۆی نیشاندا کە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر وەک ناوەندێکی زانستی و مەعریفی بە ئاراستەی خزمەتکردنی زیاتری کۆمەڵگا هەنگاو دەنێت و بایەخ بە پرسە هەنووکەییەکان دەکات..

گوتیشی: “لەکاتێکدا جیهان هەنگاو دەنێت بە ئاراستەی بەکارهێنانی وزەی خاوێن ئەمەش لەپێناو پاراستنی ژینگە و خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوای جیهان، هەرێمی کوردستانیش لەم بوارەدا  هەنگاوی باشی ناوە. بایەخدانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەتایبەت لە بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر یەکێکە لەو هەنگاوانەی کە حکوومەت لەمبارەیەوە گرتوویەتیەبەر”.

سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر هەر لە گوتەکەیدا باسی هەردوو رووداوەکەی شاری سلێمانی و دهۆکی کرد و ئاماژەی بە هەنگاو و رێکارەکانی حکوومەت لەمبارەیەوەدا.

پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی راشیگەیاند “ئەمڕۆ ئێمە لێرە کۆبووینەتەوە تاوەکو باس لە ئاڵنگارییەکانی بەکارهێنانی وزە بەشێوەیەکی گشتی و گازی شل بەتایبەتی بکەین و خاڵ لەسەر پیتەکان دابنێین، بەشێوەی زانستیانە هەڵسەنگاندن بۆ بابەتەکان بکەین و راسپاردەکانی ئەم سیمپۆزیۆمە پێشکەش بە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکوومەت بکەین تاوەکو بکرێتە بەشێک لە بەرنامەی کاری چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم سیستەمە لە هەرێمی کوردستاندا. زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر خۆشحاڵە بەوەی زانستییانە ئەم هەنگاوە دەنێت و بە ئومێدی ئەوەین بتوانین لە رێگەی ئەم هەنگاوە زانستییەمانەوە سوود بە کۆمەڵگە بگەیەنین”.

هەر لە سیمپۆزیۆمەکەدا پ.د.عەبدولفەتاح عەبدولرەزاق مەحمود، بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە گوتەیەکدا سوپاسى زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێرى کرد بۆ ئەنجامدانى ئەم سیمپۆزیۆمە و بە هەنگاوی گرنگ و یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی زانکۆی زانی.

 بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى گوتى: “بەهۆى ئەم ڕوداوانەى لەماوەى ڕابردوو ڕویاندا بە تایبەت ڕووداوى ئاگرکەوتنەوە بەهۆى گازى شل کە کارەساتى گەورەى لێکەوتەوە، لەسەر پێشنیازى حکوومەتى هەرێمى کوردستان و وەک ئەرکى سەرەکى زانکۆکانى کوردستان کاردەکەین بۆ ئەنجامدانى بەدواداچوون و توێژینەوەى زانستى لەبارەى هۆکار و چارەسەرەکان”.

هەروەک گوتیشى: “ئەرکى زانکۆکانمان تەنها بەخشینى بڕوانامە نیە، بەڵکو ئەرکێکى گرنگى دیکەى زانکۆکانى کوردستان وەک ناوەندێکى گرنگى ئەکادیمى بریتیە لە ئەنجامدانى توێژینەوەى زانستى لەبارەى کێشەو گرفتەکانى کۆمەڵگە. بۆیە دەرەنجامەکانى ئەم سیمپۆزیۆمە دەبێتە هۆکارێک بۆ چارەسەر و هۆکارەکان”.

پاشان هەریەک لە پ.ی.د.رەنج سیروان عەبدوڵڵا، پ.د.بەکر فەرنگی، پ.ی.د.عەبدولخالق محەمەد قادر و د.هاوڕێ غازی حوسێن لە چوار بابەتی جیاوازدا باسیان لە ئاڵنگارییەکانی رووبەڕووبوونەوەی وزە لە هەرێمی کوردستان، بەکارهێنانی وزەی نوێبووەوە و جێبەجێکردنی لامەرکەزییەتی وزە، کوالێتی لە سیستەمی گازدا لەگەڵ ستراتیژییەتی کەمکردنەوەی رووداوەکانی سیستەمی گاز لە هەرێمی کوردستان، کرد.

دوای پێشکەشکردنی بابەتەکان و گفتوگۆکردن لەلایەن ئامادەبووانەوە، بڕوانامە بەسەر قسەکەرەکاندا دابەشکرا.

سەرۆکی زانکۆ ئامادەی کۆبوونەوەی وەزارەتی خوێندنی باڵا له‌گەڵ سه‌رۆكی دەستەى متمانه ‌به‌خشین و دڵنیایی جۆری ئوردن بوو

پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر ئامادەی پێشوازیی و کۆبوونەوەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوو لەگەڵ شاندێکی فراوانى وەزارەتى پەروەردەو خوێندنى باڵاى وڵاتى ئوردن.

ئەمڕۆ سێشەمە ڕێکەوتى (2022/12/13) د.ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پێشوازى کرد لە شاندێکی وەزارەتی پەروەردە و خوێندنى باڵای وڵاتى ئوردن، کە پێکهاتبون لە د. ظافر الصرایرە سەرۆکى دەستەى متمانە بەخشین لە دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا و دڵنیایى جۆرى و ژمارەیەک سەرۆک زانکۆ و ئەمیندار و ئەندامانى دیکەی ئەنجوومەنى خوێندنى باڵاى ئەو وڵاتە.

لە کۆبوونەوەیەکدا کە بریکارى وەزارەت و ژمارەیەک لە سەرۆکی زانکۆکانی کوردستان و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرە گشتییەکان ئامادەیبون، گفتوگۆ لەبارەى چەند بابەتێکى گرنگ کرا لەوانە ئاڵوگۆڕی خوێندکاران و قوتابیان و ئەزموونە هاوبەشەکان، هاوکاری و کارکردن بۆ چڕکردنەوەی پەرەپێدانی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان لە بوارە جیا جیاکاندا.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە پەرەپێدان بە پەیوەندییەکان لەنێوان زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و زانکۆکانی ئوردن بەتایبەتی باس لە ئەنجامدانی دیدار و کۆنفرانسی زانستی لەنێوان زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆی یەرمووک لە ئوردن کرا.

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر سیمنارێک بۆ قوتابیانی قۆناغی یەکەمی کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری هەولێر رێکدەخات

رۆژی یەکشەممە رێکەوتی 11ـی دیسەمبەری 2022 زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر سیمینارێکی بۆ قوتابیانی قۆناغی یەکەمی کۆلێژی ئەندازیاری لە ژێر ناونیشانی (زانکۆ سێکتەرێکە بۆ هاوسەنگی تاکەکەسی و گۆڕان بەرەو داهاتوویەکی گەشتر) رێکخست کە لە لایەن مامۆستا (ئاڤان حیدر فرحان) مامۆستا لە کۆلێژی پەروەردەی زانکۆی سەڵاحەددین پێشکەشکرا.

سیمنارەکە بە ئامادەبوونی یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری قوتابیان پ.ی.د. یوسف مصطفى رسول، راگری کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری پ.د. ئەیاد زەکی، بەڕێوبەری تۆماری گشتی سەرۆکایەتی زانکۆ د. سەرسام خلیل عمر، بەڕێوبەری دڵنیایی جۆری سەرۆکایەتی زانکۆ مامۆستا کەمال محمد عبدالله و ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستایان لە هۆڵی کتێبخانەی کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری هەولێر بەڕێوەچوو.

لەمیانەی سیمنارەکەدا مامۆستا ئاڤان چۆنیەتی هەڵسوکەوت کردنی قوتابیان لە کۆلێژ، ئاشنا بوون بە ژینگەی زانکۆ، چۆنیەتی مامەڵکردنی قوتابیان لەگەڵ مامۆستایان و هاوڕێیانیان، بەکارهێنانی تاقیگە و کەل وپەلی کۆلێژەکان لەگەڵ چەند بابەتێکی دیکەی پەیوەست بە ژیانی قوتابی بۆ ئامادەبووان روونکردەوە، دواتر دەرگای گفتوگۆ کرایەوە و قوتابیان پرسیارەکانیان ئاراستە کرد و وەڵامدرانەوە.

بڕیارە ئەم سیمنارە بەردەوامی هەبێت و لە گشت کۆلێژ و پەیمانگەکانی سەر بەزانکۆمان پێشکەش بکرێت تاکو زۆرترین قوتابی لێی سودمەند بن.