Category Archives: سەرۆکایەتی زانکۆ

نوێنەری سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەشداری لە رێوڕەسمی کردنەوەی کۆنفرانسێکی زانستی زانکۆی تیشک دەکات

ئەمڕۆ ڕۆژی دووشەممە 22ی نیسانی 2024، بەنوێنەرایەتی پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر،‎ پ.د. کیهان زرار غفور، ڕاگری کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر بەشداری کرد لەڕێوڕەسمی کردنەوەی كۆنفرانسێکی زانستی نێودەوڵەتیی زانکۆی نێودەوڵەتی تیشک لەژێر ناونیشانی(21st International Multi-Conference on Systems, Signals & Devices (SSD’2024)).

ئەو ڕێوڕەسمە لەلایەن زانکۆی نێودەوڵەتی تیشک بەهەماهەنگی لەگەڵ (زانکۆی سفاکس – تونس، زانکۆی فیلادلفیا – ئوردن، زانکۆی چیمنیتز بۆ تەکنەلۆجیا – ئەڵمانیا و زانکۆی لایپزیگ بۆ زانستە کردارییەکان – ئەڵمانیا) ڕێکخرابوو.

بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆ یادی 126 ساڵەی رۆژنامەگەری کوردی لە سەنتەری رۆشنبیری زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێڕ بەرز ڕاگیرا

ئەمڕۆ دووشەمە22ی نیسانی 2024، لەیادی 126 ساڵەی ڕۆژنامەگەری کوردی، هەردوو بەشی تەکنیکی میدیا لە کۆلێژی تەکنیکی کارگێری هەولێر و پەیمانگەی تەکنیکی کارگێری هەولێری سەر بە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، کەرنەڤاڵێکی تایبەت بەو بۆنەیەوە سازکرا، کە چەند چالاکییەکی جۆراوجۆری لەخۆ گرتبوو.

ئەم کەرنەڤاڵە تایبەتە بە ئامادەبوونی پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، یاریدەدەرانی بۆ کاروباری زانستی و کاروباری قوتابیان و ڕاگرانی کۆلێژ و پەیمانگەکان و مامۆستا هەژار عوسمان بەرپرسی لێژنەی ناوچەی ئاسۆ و ژمارەیەکی زۆر لەمامۆستایان و فەرمانبەران و قوتابیان و میوانان بەرێوەچوو.

سەرەتا م.شاکر رضا سەرۆک بەشی تەکنیکی میدیا لە پەیمانگەی تەکنیکی کارگێری هەولێر بەناوی سەرۆکی زانکۆ بەخێرهاتنی گشت میوانانی کرد، بەگرنگیەوە باسی لە پاڵپشتییە بەردەوامەکانی سەرۆکی زانکۆ پ.د.ئیدریس کرد و سوپاسی بەڕێزیانی کرد کەهەمیشە هاوکارە بۆ بەرەو پێشچوونی زانست و هاوکاری کردنی قوتابیان و ئامادەبوونی لەم یادە نیشتیمانی و نەتەوەییانە دەرخەری ئەو راستییەن، دواتر باسی مێژوو و گرنگی ئەو ڕۆژە و دەرکردنی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی کرد و تیشکی خستە سەر کارو چالاکییەکانی یادەکە، و گووتی جێگای دەستخۆشیە، کە سەرجەم چالاکییەکان بەرهەمی بیر و دەستی قوتابیانی هەردوو بەشی تەکنیکی میدیان لەپەیمانگە و کۆلێژی تەکنیکی کارگێری هەولێر .

هەر لەو رێوڕەسمەدا کێکی یادی 126 ساڵەی ڕۆژنامەگەری کوردی شکێندرا، و چەندین چالاکی بەڕێوەچوون وەک: پێشانگای وێنەکانی قوتابیان، پێشانگای ڕۆژنامە چاپکراوەکانی قوتابیانی بەشی تەکنیکی میدیا لە پەیمانگا و کۆلێژی تەکنیکی کارگێڕی، نمایشکردن و دابەشکردنی ژمارە 4ی گۆڤاری پۆلیتەکنیک مەگەزین، نمایشکردنی تابلۆ کێشراوە دەستییەکانی قوتابیانی پەیمانگە، دەسپێکی بەشی دووەم بریتی بوو لەچوونە ناو هۆڵی سەنتەری رۆشبیری و پێشکەشکردنی وتاری بەخێرهاتن، دواتر نمایشکردنی کورتە ڤیدیۆی قوتابیانی کۆلێژی  تەکنیکی کارگێری، سازکردنی کۆرێکی میوزیک و شیعری بۆ شاعیری لاو و ناسراو کاوە حوسێن بەهاوبەشی و بەرێوەبردنی پ.ی.د.سیروان ئەنوەر مەجید.

شیاوی باسە ساڵانە بەشی تەکنیکی میدیا لە هەردوو پەیمانگە و کۆلێژی تەکنیکی کارگێڕی هەولێر ئەم یادە بەبەرزی رادەگرن و چەندین چالاکی ئەم بۆنەیەوە ئەنجام دەدەن کە سەرجەمیان لە لایەن قوتابییانی هەردوو بەشەکە ئامادە و پێشکەش دەکرێن.

 

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆی نێودەوڵەتی تیشک بە هەماهەنگی هەفتەی داهێنان و نوێگەری وۆرکشۆپێکی نێودەوڵەتی رێکدەخەن

رۆژی یەکشەممە 21ی نیسانی 2024، بە ئامادەبوونی پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و د. سوڵتان ئەبو عەڕابی سەرۆکی زانکۆی نێودەوڵەتی تیشک و پ.ی.د. بۆتان مەجید ئاسنگەر یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی، وۆرکشۆپێکی نێودەوڵەتی لە بارەی داهێنان و نوێگەری بە هەماهەنگی بەشی کارگێری کار لە هەردوو زانکۆکە و هەفتەی نوێگەری لە جیهان بەڕێوەچوو.

وۆرکشۆپەکە لە دوو بەشی سەرەکی پێک هاتبوو بەشی یەکەم، پانێڵێک بوو لەسەر داهنان و نوێگەری و (چارەسەرکردنی کێشەکان)، بەشی دووەمیش بەشێکی تایبەت بوو لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکان بە شێوەی تیم بە شێوەی تیم لەنێوان مامۆستایان و قوتابییانی هەردوو زانکۆکە.

لە وتەیەکدا سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر سوپاسی سەرۆکی زانکۆی تیشک و رێکخەرانی ئیڤێنتەکە و هەفتەی نوێگەری کرد و رایگەیاند، ” بەرێزان خۆشحاڵین ئەمڕۆ لە چالاکییەکی دیکەی هاوبەش لەنێوان زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆی نێودەوڵەتی تیشک بە هاوکاری هەفتەی داهێنان و نوێگەری لە جیهاندا بەشدارین ئەویش ئەنجامدانی ئەم وۆرکشۆپەیە، بەڕێزان بابەتی داهێنان و نوێگەری بابەتێکە پەیوەندی بە هەموو تاکە کەسێکەوە هەیە، داهێنان و نوێگەری پەیوەست نییە بە بۆماوەیی، یان کەسێک لە زگماکەوە نابێتە داهێنەر لەبەر ئەوەی باوکیشی داهێنەر بووە یان بنەماڵەکەی دانێنەر بوو نەخێر، بەڵکو داهێنان و نوێگەری بەڕای ئێمەی پەروەردەکار وەکو بابەتێکی پەروەردەیی وایە پێویستە قوتابییان و گەنجان ئەوەی بتوانن ببنە تاکێکی داهێنەر پەروەردە بکرێن و هاوکاری بکرێن.

بۆیە ئێمە لەو رووانگەیەوە تەماشای ئەم وۆرکشۆپە دەکەین وە ئەم جۆرە چالاکییانە زۆر پێویستن بۆ گەنجان بۆ ئەوەی بتوانن ببنە داهێنەر و نوێگەری بکەن. هەتا لە خوێندن لەناو پڕۆژەدا قوتابی دەتوانێت داهێنەربێت و دەتوانێت نوێگەری بکات، بەهەمان شێوە زۆر پێویستە مامۆستا بتوانێ لە ناو پۆلدا داهێنان بکات و نوێگەری بەکاربهێنێت تاکو بتوانێت هانی ئەو قوتابییانە کە توانای داهێنانیان هەیە و هاوکارییان بکات و هەلیان پێ بدات و فێریان بکات پەروەردەیان بکات بۆ ئەوەی ببێتە کەسێکی داهێنەر.

لێرەدا دەستخۆشی لەو بەڕێزانە دەکەین کە لەگەڵمان هاوکارن، هەفتەی داهێنان و نوێگەری مامۆستا زانیار و مامۆستا عەبدولسەلام مەدەنی کە لەو بوارە زۆر کاریان کردووە پێشتریش ئێمە لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لەسەر ئەو بوارە پانێڵمان کردووە بۆ مامۆستایانمان لەبەر ئەوەی ئێمە زۆر بە گرنگییەوە تەماشای ئەو بابەتە دەکەین، و بابەتێکی گرنگە هیوادارین ئێوە ئەمڕۆ بتوانن سوود لەم وۆرکشۆپە وەربگرن و ببێتە پێشەکیەک بۆ قوتابی و بۆ مامۆستاش کە بتوانن لەمەودوا کار لەسەر ئەم بابەتە بکەن دووبارە زۆر سوپاس بۆ ئامادەبوونتان.”

وۆرکشۆپەکە بە هاوبەشی لە لایەن بەشی کارگێڕی کار لە هەردوو زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆی نێودەوڵەتی تیشک بە هەماهەنگی هەفتەی جیهانی داهێنان بەڕێوەچوو ، کە لەلایەن بەشی کارگێڕی کاری زانکۆی نێودەوڵەتی تیشک میوانداری کرا.

بەشی یەکەمی پانێڵەکە مامۆستا عەبدولسەلام مەدەنی و مامۆستا زانیار جەبار و خاتوو هێدی کامەلا وەک پانێلیست و د. عەبدوڵڵا وەک مۆدەریتەر لەسەر داهێنان و نوێگەری و پێشەنگی کار و داهێنان و نوێگەری لە زانکۆ و داهێنان و نوێگەری لە بزنس و ژینگەی کار ئەو بابەتانە گفتوگۆیان لە بارەوە کرا. و بە پرسیاری ئامادەبووان پانێڵەکە دەوڵەمەندتر کرا.

بەشی دووەمی وۆرکشۆپەکە پێکهاتبوو لە بەشێکی تایبەت بە کارکردن بە تیم بۆ چارسەرکردنی کێشەکان هەندێک سیناریۆیان بەکار هێنا وەک سیستەینەبڵ دیڤیلۆپمێنت گۆڵس (SGDeS) وەکو تیم وە کۆمەڵێک سیناریۆ هەبوو بە گرووپ مامۆستای زانکۆ لەگەڵ قوتابییان پێکەوە کاریان کرد لەسەر دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو و پێشکەشکردنی چارەسەری داهێنەرانە بۆ ئەو کێشانە.

لە کۆتاییشدا بڕوانامە بەخشرایە سەرجەم بەشداربووانی وۆرکشۆپە نێودەوڵەتییەکە.

مامۆستایەکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر سەرۆکایەتی شاندێک دەکات بۆ کۆماری چینی میلی

مامۆستایەکی پەیمانگەی تەکنیکی پزیشکی هەولێر سەرۆکایەتی شادنێک دەکات بۆ بەشداریکردن لە خولێک بەناونیشانی “بنیاتنانی تواناکان لە باشترکردنی بژێوی ژیان و کەمکردنەوەی هەژاری” کە لە لایەن کونسوڵخانەی گشتی کۆماری چین لە هەولێر و وەزارەتی بازرگانی ئەو وڵاتەوە ڕێکخراوە.

ئەم خولە  لەلایەن ناوەندی نێودەوڵەتی هاوکاری ئابووری چینی لە شاری فوجیان (IECC) جێبەجێ دەکرێت، لەمەراسیمی کردنەوەی خولەکەشدا د. طارق ویسی صادق مامۆستا لە پەیمانگای تەکنیکی پزیشکی هەولێر، تابلۆی شاری هەولێر پێشکەش بە  (Huang An) بەرپرسی ناوەندەکە کرد.

شیاوی باسە شاندەکە پێکهاتوون لە ژمارەیەک بازرگان کە لە لایەن یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی کوردستان-لقی هەولێر سەردانەکەیان بۆ رێکخراوە و بەشدارییان لە چەندین کۆڕو سمینار کردووە، و سەردانی چەندین ناوەندی ئەکادیمی و بازرگانی و گوندی کشتوکاڵی و ناوەندی مێژووی و کارگەی پێشکەوتووی ئەو شارەیان کردووە.

ئەمڕۆش دیداریان لەگەڵ بەڕێزان جێگری پارێزگاری شاری ئیلۆنگ (Zhang Long) وە سەرۆکی زانکۆی (Sichuan Zhangside exclusive leader academy) ئەنجامدا و پلاکێتی تایبەت بە زانکۆیان پێشکەش بە سەرۆکی زانکۆ کرد، هەروەها ئەوانیش دیاریان پێشکەش بە شاندەکە کرد.