Category Archives: سەرۆکایەتی زانکۆ

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر وۆرکشۆپێک بۆ قوتابییانی وەرگیراو لە خوێندنی باڵا(ماستەر و دکتۆرا) رێکدەخات

رۆژی چوارشەمە 18ـی ئۆکتۆبەری 2023، بەئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، پ.ی.د.نەجیب توما یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی، لەهۆلی کۆنفرانس لەسەرۆکایەتی زانکۆ وۆرکشۆپێکی تابیەت بە قوتابیانی وەرگیراوی خوێندنی باڵا  ماستەر و دکتۆرا بەرێوەچوو.

لە سەرەتای وۆکشۆپەکەدا سەرۆکی زانکۆ وتەیەکی پێشکەش کرد  کە تیایدا بەخێرهاتنی قوتابییانی وەرگیراو لە خوێندنی باڵا کرد و گووتی: “نازانم چۆن پێخۆشحاڵی خۆم دەربڕم بۆ ئەو ژمارە زۆرەی مامۆستایان و کارمەندانی زانکۆمان کە ئەمڕۆ لێرە کۆبووینەتەوە بۆ ئەوەی بەشداری بکەین لەم وۆرکشۆپە کە چەند سیمنارێک لەخۆی دەگرێت لەبارەی توێژینەوەی زانستی کە سوودێکی زۆری هەیە لە کاتی خوێندنەکەتاندا.

سەرەتا دەمەوێت بەناوی خۆم و بەناوی ئەنجومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێرەوە پیرۆزباییەکی گەرم لەیەکە یەکەی‌ ئێوەی بەڕێز‌ دەکەین، یەکێک لە ئامانجەکانم ئەوەبوو کە بتوانین زۆرترین دەرفەت بۆ کارمەندانی زانکۆمان برەخسێنین بۆ ئەوەی ژمارەیەکی زیاتر لە مامۆستایان و کارمەندانی زانکۆمان دەرفەتی خوێندنیان بۆ برەخسێت بۆ وەرگرتنی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا، لەبەر ئەوەی هەستمان دەکرد کە زانکۆمان زیاتر پێویستی بەمامۆستا هەیە کە خاوەن بڕوانامەی ماستەرو دکتۆرابن، سوپاس بۆ خوا توانیمان ئەو دەرفەتە بڕەخسێنین بۆیە ئەمڕۆ زۆر دڵخۆشم کە دەبینم ژمارەیەکی زۆر لەکارمەند و مامۆستای ئێمە کە زیاترە لە 200 کارمەند و مامۆستا داوای مۆڵەتی خوێندنیان کردووە بەمەبەستی درێژەدان بەخوێندن و بەدەسهێنانی بڕوانامەی بەرزتر.

تا ئەمڕۆ بەردەوامین و بەردەوامیش دەبین کە ژمارەی وەرگێراوان ژمارەیەکی یەکجار زۆرە، ئومێد دەکەین کە لە دوو تا سێ ساڵی داهاتوودا ژمارەی مامۆستایانمان بگاتە 1000 مامۆستا، بۆ زانیاری بەڕێزتان ئێمە تاوەکو ئێستا  نزیکەی 700 مامۆستامان هەیە و لە هەوڵ دەدەین لە دوو ساڵی داهاتوو بتوانین ئەو ژمارەیە بەرز بکەینەوە بۆ 1000 مامۆستا، ئەمەش هەنگاوێکی زۆر زۆرباشە، نزیکەی 16000 قوتابیمان هەیە کە ژمارەیەکی یەکجار زۆرە و ساڵانە لەزیاد بوونە، بۆیە ئێمە زۆر پێویستمان بەمامۆستا هەیە، هەر لەبەر ئەوەشە کە پێخۆشحاڵ بووین لەگەڵ ئێوە کۆبووینەوە تا دڵخۆشی خۆمان ڕابگەیەنین پێتان و پیرۆزبایتان لێ بکەین، وە ئومێدی سەرکەوتنتان بۆ بخوازین لەخوێندن.

ئومێد دەکەین زۆر بەجدی زۆر بەتواناوە دەست بەخوێندن بکەن، سوود لەو بڕوانامانە وەربگرن کە بەدەستی دەهێنن، ئێمە وەکو زانکۆ هاوکار دەبین و پشتگیریتان دەکەین، بەڵام پێویستە ئێوەش پشتگیری خۆتان بکەن، بەبڕوانامەیەکی وا بێنەوە سەرکار کەشانازیتان پێوە بکەین دووبارە، زۆر‌ گرنگە مەبەستتان تەنها بەدەستهێنانی بڕوانامە نەبێت و لەگیرفانتان دایبنێن، بەڵکو مەبەستتان بێت زانیاری زیاتر بەدەست بهێنن بۆئەوەی مامۆستایەکی باشتربن، تا بتوانن خزمەتێکی باشتر و چاکتری زانکۆ بەتایبەتی و کوردستان بەگشتی بکەن.

دووبارە پیرۆزتان بێت، ئومێدەوام لەم وۆرک شۆپ و سیمینارانەی ئەمڕۆ کە تایبەتە بە قوتابیانی خوێندنی باڵا لەو ماوەی دوو ساڵە هاوکارتان بێت تاکو توێژینەوەکانتان زیاتر بایەخ دارتربێت، هەروەها بتوانن توێژینەوەکانتان بڵاوبکەنەوە، ئەمانە هەمووی گرنگن سەبارەت بە قوتابیانی خوێندنی باڵا، ئومێدەوارین ئەو چالاکیەی ئەمڕۆ وانەیەک بێت بتوانن سوودی زیاتری لێوەربگرن ، دووبارە زۆر بەخێربێن، سەرکەوتووبن”.

دواتر دەستکرا بە بابەتەکانی وۆرکشۆپەکە کە لە لایەن هەریەک لە پ.د. ئەحمەد محەمەد ئەدهەم و پ.ی.د. ڕەنج سیروان عەبدوڵڵا دوو سیمیناری بەسوود و بۆ وەرگیراوانی ماستەرو دکتۆرا پێشکەش کرد.

پاشان دەرگای گفتوگۆ بۆ ئامادەبووان کرایەوە و راو سەرنجەکانیان ئاراستە کرد و وەڵام درانەوە.

 

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کۆتایی هێنا بە خولێکی راهێنانی تایبەت بە دەرچووان

لەژێر چاودێری و ئامادەبوونی  پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر رۆژی سێ شەممە 17ـی ئۆکتۆبەری 2023، لە کۆلێژی تەکنیکی تەندروستی و پزیشکی هەولێر کۆتایی هات بە خولێکی راهێنان کە بۆ بەرزتر کردنەوەی توانا و لێهاتووییەکانی دەرچووانی کۆلێژی ناوبراو رێکخرابوو.

لە مەراسیمەکەدا کە هەریەکە لە راگری کۆلێژ و یاریدەدەری راگر و ژمارەیەک مامۆستا ئامادەیبوون، سەرۆکی زانکۆ وتەیەکی پێشەکەش کرد و تیایدا دەستخۆشی لە کۆلێژی تەکنیکی تەندروستی و پزیشکی هەولێر کرد بۆ ئەنجامدانی ئەم جۆرە خولانە بۆ دەرچووان کە مەبەست لێی بەرزترکردنەوەی توانا و لێهاتووییەکانی دەرچووانە، هەروەها بە گرنگییەوە باسی لە بوونی پەیوەندی لە نێوان دەرچووانی زانکۆ کرد لەگەڵ بەشەکانیان و کردنەوەی خول و راهێنانی لەم جۆرە بۆ بەرزکردنەوەی ئاست و توانستیان و یارمەتیدانیان بۆئەوەی لە داهاتوودا بە ئاسانی کاریان دەستبکەوێت لە بازاڕی کاردا.

خولەکە بۆ ماوەی 10 رۆژ بەردەوام بوو کە تیایدا بەشێوەیەکی چڕوپڕ بابەتەکانی تایبەت بە لێهاتوویی و نوێترین پێشکەوتنەکان لەسەرجەم بوارەکان بۆ دەرچووانی زانکۆ روونکرایەوە و ئەو تیشکخرایە سەر ئەو بابەتانەی کە وا دەکات ئاسان هەلی کار بەدەست بهێنن.

لە کۆتایی مەراسیمەکەشدا بڕوانامە بەخشرایە بەشداربووانی خولەکە.

 

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر وۆرکشۆپێک لە بارەی هەفتەی جیهانی بینایی رێک دەخات

رۆژی سێ شەممە 17ـی ئۆکتۆبەری 2023، لەهۆڵی کۆنگرەکان لەسەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەئامادەبوونی بەڕێز پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆ، پ.ی .م.ئومێد ئەرشەد حوێزی ڕاگری پەیمانگەی تەکنیکی پزیشکی هەولێر، ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستایان و قوتابیانی پەیمانگەی تەکنیکی پزیشکی هەولێر وۆرک شۆپێکی تەندروستی لەژێر ناوی (هەفتە و ڕۆژی بینایی جیهانی ، پاراستنی بینایی ، پاراستنی تەندروستی مڕۆڤە) بەرێوەچوو.

لە دەستپێکدا پ.د.ئیدریس سەرۆکی زانکۆ وتەیەکی پێشکەش و تیایدا بەخێرهاتنی مامۆستایان و قوتابیانی کرد و گوتی : پێخۆشحاڵین ئەمڕۆ بۆ جارێکی تر پەیمانگەی تەکنیکی پزیشکی هەولێر لەبەرنامەیەکی ترو لەبۆنەیەکی تردا ، بەبۆنەی هەفتەی بینایی دووبارە کۆی کردینەوە بۆ ئەوەی لەبەرنامەیەکی تردا کە پەیوەستە بە بابەتی بینایی مرۆڤ پێشکەش بکەن، دەستخۆشیان لێ دەکەم چونکە جاری یەکەم نییە لەچەند بابەتێک لەم هۆڵە کۆمان دەکەنەوە بۆ ئەو یاد و ڕۆژانەی کە پەیوەستن بەتەندروستی و ژیانی مڕۆڤەوە، هەفتەی بینایی یەکێکە لەو ڕۆژانە کەلەجیهاندا گرنگی پێدەدرێت ، لای هەموومان ئاشکرایە کەبینایی چاو سەبارەت بەمڕۆڤ چ گرنگیەکی تایبەتی هەیە.

بەڕێزان لەبەشی پشکنینی چاو هەردەم بەردەوام بوونە لەبابەتی پێشکەشکردنی سیمینارو وۆرک شۆپ ، جێگای دەسخۆشییە ، بەشەکانی تریش لەپەیمانگا دیارە کاری وایان ئەنجامداوە ، لەڕاستیدا پەیمانگەی تەکنیکی پزیشکی پێویستە زیاتر گرنگی بەو بابەتانە بدات نەک تەنها بۆ قوتابیان  و مامۆستایان و کارمەندانی زانکۆ بەڵکو پێویستە بچینە ناو کۆمەڵگاو لەگەڵ کۆمەڵگاش تێکەڵاوی هەبێت، بۆ ئەوەی ئەو زانست و زانیارییەی هەیە پێشکەشی کۆمەڵگاشی بکەین ، کۆمەڵگاش بەبەردەوامی پێویستی بەو زانستە هەیە کە لەلای مامۆستایانی زانکۆیە بۆ ئەوەی گوێبیستی بن و لە ژیاندا سوودی لێوەرگرن ، بەتایبەتیش لەبابەتی تەندروستی بەگشی جا چ بابەتی بینایی چاو بێت یا بابەتی دەرمان و لەدایک بوون بێت کە زۆر پێویستە خانمانمان لێی ئاگاداربکرێنەوە ، ڕۆژی جیهانی ئافرەتان کارێکی باشتان ئەنجامدا، پێم باشە ئەو چالاکییانە بەردەوام بن بەتایبەت وۆرک شۆپ و سیمینارەکان ، تێکەڵاوی هەبێت هەم کۆمەڵگا دەبینین ، بۆنموونە بچینە گەرەکێکی دەوروبەری هەولێرو لەوێ سیمینار پێشکەش بکەین بۆ ئەو خەڵکەی ئەوێ جا سەبارەت بەهەر بابەتێکی تەندروستی بێت، زۆر پێخۆشحاڵم بەو جۆرە کارو چالاکییانەی لەپەیمانگا ئەنجام دەدرێت ، ئومێدەوارم فراوانتری بکەن ، دووبارە دەسخۆشی لەبەشی پشکنیکی چاو و ڕاگرایەتی پەیمانگە دەکەیین بۆ ئەنجامدانی ئەو وۆرک شۆپە .

دواتر پ.ی.د. مراد امیر احمد لەژێر ناوی ڕۆژی جیهانی بینایی سیمینارێکی تایبەتی پێشکەش کرد ، دواتر لەهەریەک بەڕێزان د.سامی جلال عبدالصمد ، د.دیار عبدالقادر ابراهیم ، د.بێریوان عبدالقادر علی سیمیناری تایبەتی تەندروستی خۆیان پێشکەش کرد، کە تیایدا بەباتەکانی وۆرکشۆپەکە بەوردی بۆ ئامادەبووان روونکرایەوە.

دواتر دەرگای پرسیارو گفتوگۆ بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکان دەربارەی بابەتەکان بەرووی ئامادەبووان کرایەوەو لەلایەن دکتۆرانی پسپۆر وەڵامیان درایەوە.

پێش‌ کۆتایی هاتنی وۆرک شۆپەکە لەلایەن سەرۆکی زانکۆ پێشکەشکارانی وۆرک شۆپ بڕوانامەی ڕێزلێنانیان پێبەخشرا.

 

سەرۆکی زانکۆ پێشوازی لە شاندێکی دامەزراوەی ئەلوارث بۆ خوێندنی تەکنیکی لە عێراق دەکات

رۆژی دووشەممە 16ـی ئۆکتۆبەری 2023، پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پێشوازی لە شاندێکی (مؤسسة الوارث للتعلیم التقنی) سەر بەعەتەبەی حوسەینی لەکەربەلا کرد.

لە دیدارێکدا کە یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا ئامادەیبوو، سەرۆکی زانکۆ بەخێرهاتنی شاندی میوانی کرد و کورتە باسێکی دەربارەی زانکۆ و کۆلێژ و پەیمانگاکان هەروەها ژمارەی قوتابیان و مامۆستایان و جۆری بڕوانامە و پسپۆرییان کرد.

لە بەرامبەردا شاندی میوان خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بە سەردانەکەیان و دروستکردنی پەیوەندی لەنێوان هەردوولادا هەروەها داوایان کرد کە لە داهاتوودا رێککەوتننامەی لێکتێگەیشتن لە نێوان زانکۆمان و دامەزراوەی ناوبراو واژوو بکرێت بە مەبەستی ئەنجامدانی کاری پێکەوەیی و هاوکاریکردنی یەکتر.