Author Archives: Hallo Majed

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و دەزگای ڕوانگە جەخت لە پێویستی هەماهەنگیی نێوانیان دەکەنەوە

پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و عەبدولسەلام مەدەنی، بەڕێوەبەری گشتی دەزگای ڕوانگە جەختيان لە پێویستی هەماهەنگی نێوان زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و دەزگای ڕوانگە و ئەنجامدانی کاری هاوبەش کردەوە.

 

رۆژی پێنجشەممە 6ـی نیسانی 2023، پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و عەبدولسەلام مەدەنی، بەڕێوەبەری گشتی دەزگای ڕوانگە کۆبوونەوە.

 

لە دیدارەکەدا کە  پ.ی.د.نەجیب تۆما، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا و پ.ی.د.رەنج سیروان، بەڕێوەبەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و سەرمەند بەرزنجی، بەڕێوەبەری کارگێڕی زانکۆ و گۆڤار حارس، به‌ڕێوه‌به‌ری ڕاگه‌یاندن و میدیای ده‌زگای ڕوانگه‌ ئامادەی بوون، پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی خۆشحاڵی خۆی نیشاندا بە دیدارەکە و باسی لە پێکهاتەی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێری کرد کە جگە لە سەنتەری شاری هەولێر کۆلێژ و پەیمانگای لە قەزاکانی دەرەوەی شاری هەولێر هەیە هەروەها چەندین بوار و بەشی جیاجیا لەخۆدەگرێت، ئەمەش دەرفەتی پێکەوە کارکردن و هەماهەنگیی نێوان هەردوولا زیاتر دەکات.

 

لای خۆیەوە،  عەبدولسەلام مەدەنی، بەڕێوەبەری گشتی دەزگای ڕوانگە سوپاسی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و شاندي یاوەری کرد بۆ سەردانەکەیان و ئامادەیی دەزگاکەی بۆ هەماهەنگیی و کاری پێکەوەیی نیشاندا.

 

ئەنجامدانی ئەو پرۆژانەی کە دەبنە هۆی رەخساندنی هەلی کاری زیاتر بۆ گەنجان بە گشتیی و دەرچووانی زانکۆمان بە تایبەتی تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوو، بۆ ئەمەش هەردوولا هاوڕان بوون کە لە داهاتوودا دیدار و کۆبوونەوەی زیاتر ئەنجام بدەن و بەرنامەیەکی گشتگیر بۆ ئەم بابەتە دابنێن.

 

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کۆرسی هاوینە لە وڵاتی پۆڵەندا رادەگەیەنێت

لە چوارچێوەی ستراتیژیەتی بەنێودەوڵەتی کردنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەرێوبەرایەتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی بۆ جاری دووەم زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بە هەماهەنگی لەگەڵ زانکۆی (LODZ)ـی پۆڵەندی دەرفەتی ئەنجامدانی خولی هاوینە دەدات بە 35 قوتابی لە کۆلێژی تەکنیکی کارگێڕی و ئەندازیاری هەولێر، پێکهاتووە لە چەند پرۆگرامێکی جیاواز لە 26/6/2023 دەست پێدەکات تا  7/7/2023 بەردەوام دەبێت.

بۆ ئەو مەبەستە هەر قوتابییەک ئارەزووی بەشدارکردنی لەم پرۆگرامە هەیە و مەرجەکان دەیگرێتەوە، پێویستە سەردانی ئەو لینکەی خوارەوە بکات و فۆرمی بەشداریکردن پربکاتەوە.

تێبینی: خەرجی مانەوە و خواردن و هاتووچۆی ناو پۆڵەندا لەسەر زانکۆی ناوبراو دەبێت، بەڵام خەرجی ڤیزا و بلیت و فڕۆکە لەسەر قوتابییە.

قوتابی یەکێک لە کۆلێژەکانی تەکنیکی کارگێڕی، ئەندازیاری هەولێر بێت

دەبێت قوتابی قۆناغی دووەم یان سێیەمی کۆلێژەکانی ناوبراو بێت

مەرجە قوتابی زمانی ئینگلیزی بەباشی بزانێت.

دوا کات بۆ خۆتۆمارکردن بەمەبەستی بەشداری کردن 10/4/2023 ـە.

لێـــــــــــــــــــــــــرە کلیک بکە بۆ خۆتۆمارکردن.

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر خولێکی راهێنانی تایبەت بە وزە نوێبووەوەکان بۆ مامۆستایان بەڕێوەدەبات

رۆژی دووشەممە رێکەوتی 3ـی نیسانی 2023، بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆ پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، خولی راهێنانی قۆناغی دووەمی دامەزراندنی تاقیگەی وزە نوێبووەوەکان لە سەنتەری توێژینەوەی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەڕێوەچوو، کە بۆ ماوەی پێنج رۆژ بەردەوام دەبێت.

بابەتەکانی خولەکە پێکهاتوون لە (Solar thermal energy ,Photovoltaic solar energy ,Wind energy)، کە ستافی بەشی میکانیک و وزە لە هەردوو کۆلیژی تەکنیکی ئەندازیاری و تەکنەلۆجی هەولێر بەشدارن و هەروەها ستافی بەشی فیزیای کۆلێژی ئەندازیاری زانکۆی سەڵاحەددین کە وەک میوان ئامادەن و لە لایەن (Dr. Baker Farangi) لە زانکۆی ناوبراو دەگووترێتەوە.

شیاوی باسە خولەکە گرنگییەکی تایبەتی هەیە بۆ داهاتووی وزە نوێبووەوەکان لە هەرێمی کوردستان بەو پێیەی کە بەشداربووانی خولەکە لە داهاتوودا وانە پراکتیکییەکان لەم تاقیگەیە بە قوتابییان دەڵێنەوە، کە ئەمەش دەبێتە هۆی ئامادەکردنی کادری بەتوانا لە بواری وزەی خاوێن کە لە ئێستادا هەموو جیهان رووی لە بەکارهێنانی وزەی خاوێن کردووە.

خولەکە لە چوارچێوەی پرۆژەی (Renewable Energy Laboratory) کە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆی (THM)ـی ئەڵمانی و بە پاڵپشتی دارایی رێکخراوی (DAAD) بە سێ قۆناغ بەڕێوەدەچێت، قۆناغی یەکەم مانگی نۆڤەمبەری ساڵی رابردوو بەڕێوەچوو، لە ئێستاشدا قۆناغی دووەمی بەڕێوەدەچێت و بڕیاریشە لە داهاتوودا شاندی زانکۆ ئەڵمانییەکە سەردانێکی دیکە بۆ زانکۆمان ئەنجام بدەن بۆ دەستپێکردنی قۆناغی سێیەم و کۆتایی پرۆژەکە.

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بە هەماهەنگی لەگەڵ زانکۆ (THM)ـی ئەڵمانی خولێکی راهێنان بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران ئەنجام دەدات

لە چوارچێوەی ستراتیژیەت و هەوڵەکانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بۆ پەرەپێدانی تواناکانی ستافی زانکۆ رۆژی دووشەممە رێکەوتی رێکەوتی 3ـی نیسانی 2023، بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆ پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، خولێکی راهێنان بۆ ژمارەیەک مامۆستا و فەرمانبەر بەڕێوەچوو کە بۆ ماوەی 4 رۆژ بەردەوام دەبێت.

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بە هەماهەنگی لەگەڵ زانکۆی (THM)ـی ئەڵمانی لە چوارچێوەی جێبەجێ کردنی پرۆژەی (Academic Education in the Field of renewable energies) کە لە رێگەی رێکخراوی (DAAD) پاڵپشتی دارایی دەکرێت، خولێکی راهێنانی لە ژێر ناونیشانی (project management, systematic Development solution) بۆ ستافی زانکۆ، لە سەنتەری توێژینەوە بەڕێوەبرد.

لە رێورەسمی کردنەوەی خولەکەدا سەرۆکی زانکۆ وتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا بەخێرهاتنی بەشداربووانی کرد و گووتی: “لە سەردەمی ئەمڕۆدا زانکۆکانی جیهان گۆرانکاری فراوان بەخۆیانەوە دەبینن و فەرهەنگی بەنێودەوڵەتیکردنی زانکۆ بۆتە ستراتیژییەتی کارکردنیان.

بۆ ئەوەی زانکۆیەکی هەرێمی یان دەوڵەتی ببێتە زانکۆیەکی نێودەوڵەتی یان جیهانی پێویستی بە گۆرانکاری ریشەیی هەیە لە فەلسەفە و ئاراستە جیاوازەکان و ستراتیجیەتی کارکردن.

بۆ ئەم کارەش میکانیزمی جیاواز لە گشت دام و دەزگاکانی زانکۆ پێویستن، هەر لەم چواچێوەیەدا ئەم جۆرە خولانە بە پێویست دەزانین کە چەند چەمکێکی جیاواز لە خۆ دەگرێت؛ لەوانە چۆنییەتی رێکخستنی کارگێری کار و چۆنییەتی چارەسەرکردنی کێشەکان و دروستکردنی کادر و چۆنییەتی دانانی پلانی کورت و درێژ مەودا، هەموو ئەو بابەتانەن کە لەو خولەدا پێشکەش دەکرێن”.

لە خولەکەدا 23 مامۆستا و فەرمانبەری کۆلێژ و پەیمانگە تەکنیکییەکان بەشدارن تیایدا و بۆ ماوەی 4 رۆژ بەردەوام دەبێت کە تیایدا لە لایەن (Prof. Dr. Klaus Behler) بابەتەکانی (Project management, Problems solutions, Systematic Development) بەشێوەیەکی چڕوپڕ بۆ بەشداربووان روون دەکرێتەوە.