Author Archives: Hallo Majed

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و رێکخراوی سپارک وۆرکشۆپێکی سێ رۆژە رێکدەخەن

رۆژی چوارشەممە رێکەوتی 14ـی حوزەیرانی 2023 بە ئامادەبوونی پ.د. ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و د. نجیب تۆما یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی، بەڕێوبەرایەتی سەنتەری گەشەپێدان بۆ کار وۆرکشۆپێکی 3 رۆژەی لەژێر ناونیشانی (Innovation Hub Lab) بۆ ژمارەیەک قوتابی رێکخست.
وۆرکشۆپەکە لە لایەن رێکخراوی دۆینک بۆ راوێژکاری بازرگانی جێبەجێدەکرێت و رێکخراوی سپارک پاڵپشتی دارایی دەکات و لە لایەن 7 قوتابی زانکۆمانەوە پێشکەش دەکرێت کە لە ماوەی رابردوودا بوون بە راهێنەر، بەشداربووانی وۆرکشۆپەکە بریتین لە 30 قوتابی کە راهێنانیان پێدەکرێت لەسەر چۆنیەتی چارەسەرکردنی کێشەی هەردوو کۆمپانیای (Kesk و Emomegifts).

لە دەستپێکی وۆرکشۆپەکەدا سەرۆکی زانکۆ وتەیەکی کورتی پێشکەش کرد و تیایدا دەستخۆشی لە رێکخەر و سەرپەرشتیارانی وۆرکشۆپەکە کرد و گوتی: ئەم جۆرە وۆرکشۆپ و خولانە گرنگی تایبەتیان هەیە بۆ قوتابیان و ئامانجی ئێمەش وەک ئەنجومەن و سەرۆکایەتی زانکۆ ئەوەیە قوتابیانمان بەشێوەیەک پێبگەیەنین کە بتوانن لە داهاتوو ببنە سەرکردە لەبوارەکەی خۆیاندا و بەشێوەیەک لێهاتوو بن کە وەڵامدەرەوەی بازاڕی کار بن، و بۆ ئەمەش پاڵپشتی تەواویان دەکەین و بەردەوام دەبین لەسەر ئەو بەرنامە ستراتیژیەی کە دامانڕشتووە بۆ بەرەوپێشبردن و بەرزتر کردنەوەی ئاستی قوتابیان، هەروەها لێرەشەوە دەمەوێت زۆر سوپاس رێکخراوی سپارک و دۆینک بکەم کە هاوئاهەنگن لەگەڵ زانکۆمان بۆ رێکخستنی ئەم وۆرکشۆپە.


ئەم وۆرکشۆپە دەرفەتێکە بۆ قوتابیان لەرووی پێگەیاندنی کارامەیی و ئاشناکردنیان بە بازاڕی کارو چۆنیەتی چارەسەرکردنی ئەوکێشانەی کە رووبەڕووی کۆمپانیاکان دەبنەوە، وە بەهێزکردنی سکیڵی پەیوەندی کردن و بڕوابەخۆبوون.

شیاوی باسە ئەم وۆرکشۆپە چاڵنجێکە لە نێوان زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، موسڵ و تەکنیکی باکوور.

سەرۆکى زانکۆ پێشوازی لە کونسوڵى گشتى رووسیا لە هەولێر و شاندی یاوەری دەکات

رۆژى چوارشەمە 14ـى حوزەیرانى 2023 پرۆفیسۆر د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی سەرۆکى زانکۆی پۆلیتەکنیکى هەولێر پێشوازی کرد لە ماکسیم رۆبن کونسوڵى گشتى ڕووسیا لە هەولێر و شاندى یاوەرى.

لەدیدارێکدا کە هەریەکە لە د. ديميتری بێسپالۆڤ سەرۆکى زانکۆی باکوورى قەوقاس و پ.ی.د. نجیب توما یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى زانستى و پ.ى.د. رەنج سیروان عبداللە ئامادەیبوون ، د.ئیدریس هەرکى سەرۆکى زانکۆ، کورتە باسێکى دەربارەى زانکۆمان بۆ شاندى میوان خستەڕوو ، دواتر سەرۆکى زانکۆى قەوقاس کورتەیەکی دەربارەى زانکۆى ناوبراو خستەروو و خۆشحاڵى خۆیان دەربڕى بە دروستکردنى پەیوەندى لەگەڵ زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر.

هەر لەکۆبوونەوەکەدا هەردوولا رەزامەندییان دەربڕى لەسەر ئەنجامدانى کارى پێکەوەیی بە هەماهەنگى و هاوکارى کونسوڵخانەى گشتى ڕووسیا لە هەولێر، بۆ ئەم مەبەستە بڕیاردرا لەداهاتوودا یاداشتنامەیەکى لێکتێگەیشتن لەنێوانیان واژووبکرێ کە خۆی دەبینێتەوە لە ئەنجامدان و بەشداریکردن لەکۆنفرانسى زانستى، کردنەوەى خولى راهێنان و زمانى رووسی، ئالوگۆڕی قوتابیان و دابینکردنى سکۆلەرشیپ بۆ دەرچووانی بەشە گەشتوگوزارییەکانی زانکۆمان.

لە لای خۆیەوە کونسوڵی رووسیاش ئامادەیی نیشاندا بۆ هاوکاریکردن و هەماهەنگی کردن بۆ زیاتری پتەوکردنی پەیوەندی نێوان زانکۆمان و زانکۆکانی دیکەی وڵاتەکەی.

شیاوى باسە زانکۆی باکوورى قەوقاس پێکهاتووە لە 40 کۆلیژ و 156 بەشى زانستى جۆراوجۆر کەتێیدا 24 هەزار قوتابی لە پسپۆرى جیاواز دەخوێنن.

 

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و کۆنسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا جەخت لە پێویستی هەماهەنگیی نێوانیان دەکەنەوە

پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پێشوازی لە ئێرڤن هیکس،کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر و شاندێکی یاوەری کرد.

لە سەرەتای دیدارەکەدا، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان، هاوکات کورتەیەکی لەسەر پێکهاتەی زانکۆ لەسەر ئاستی کۆلیژ و پەیمانگا و بەشەکانی کرد.

پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی هاوکات باسی لە گرنگی زانکۆ پۆلیتەکنیکییەکان بەشێوەیەکی گشتیی و زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێری بەتایبەتی کرد بۆ پێگەیاندنی دەرچووانی وەک کادری ناوەندی بۆ سوود گەیاندن بە کەرتی گشتیی و تایبەت.

سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بە ئاماژەدان بە بایەخدانی زانکۆ بەو بەشانەی کە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان زۆرترین هەلیکاریان لە کەرتی تایبەتدا بۆ دەڕخسێت، هاوکات باسی لە پلانی زانکۆ کرد بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ پێویستی بازاڕی کار کرد.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی باسی لەو بەرنامە هاوبەشانە کرد کە لەنێوان رێکخراوەکانی ئەمریکا و زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بۆ زیاتر خزمەتکردنی کۆمەڵگا بەهاوبەشی ئەنجامدراون و بۆ ئەمەش داوای بەردەوامی پشتیوانییەکانی ئەمریکای کرد.

لای خۆیەوە، ئێرڤن هیکس،کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر سوپاسی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێری کرد بۆ پێشوازیی و رەخساندنی دەرفەت بۆ دیداریان لە ناوەندی زانکۆدا.

کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر بە گرنگییەوە باسی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر وەک ناوەندێکی ئەکادیمی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان کرد و خۆشحاڵی خۆی نیشاندا بەوەی زانکۆ بایەخ بە بەش و پڕۆگرامەکانی خوێندن دەدات بە خۆگونجاندن لەگەڵ پێشکەوتنەکانی سەردەم و بازاڕی کار.

 ئێرڤن هیکس پشتیوانی خۆی بۆ کاری پێکەویی لەنێوان زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و کۆنسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر دووپات کردەوە و لەمبارەیەوە هەردوولا هاوڕابوون کە لە پەیوەندی بەردەوامدابن بۆ ئەنجامدانی کاری پێکەویی بە ئامانجی خزمەتکردنی زیاتری کۆمەڵگا و رەخساندنی هەلیکار بۆ دەرچووانی زانکۆمان.

سەرۆکی زانکۆ و نوێنەری وەزارەتی خوێندنی باڵا هۆڵی تاقیکردنەوەکانی توانستی زانستییان بەسەرکردەوە

رۆژی دووشەممە رێکەوتی 12ـی حوزەیرانی 2023 پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و د. ژاڵە سعید خطاط بەرێوەبەری گشتی فەرمانگەی توێژینەوە و پەرەپێدان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و شاندی یاوەری، هۆڵی تاقیکردنەوەکانی توانستی زانستییان لە کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری هەولێر بەسەرکردەوە.

سەرۆکی زانکۆ و نوێنەری وەزارەتی خوێندنی باڵا لە نزیکەوە چاودێری چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی تاقیکردنەوەکانی توانستی زانستی تایبەت بە خوێندنی باڵا (دبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا)ـی هەرسێ کۆلێژی تەکنیکی تەندروستی و پزیشکی، کارگێڕی و ئەندازیاری هەولێریان کرد و هیوای سەرکەوتنیان بۆ پێشکەشکاران خواست.