بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆ فێستیڤاڵی ساڵانەی قوتابیانی کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر بەڕێوەچوو

لەژێر چاودێری و ئامادەبوونی پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، پێنجەمین فێستیڤاڵی ساڵانەی قوتابیانی قۆناغی دووەمی کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر لەژێر ناوی ( تەکنەلۆجیا و داهێنان) بەرێوەچوو.

دوای کردنەوەی فێستیڤاڵەکە کە هەریەک لە پ.ی.د.نەجیب توما بتو، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا و راگرانی کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر و پەیمانگەی تەکنیکی کارگێڕی هەولێر و پەیمانگەی تەکنیکی پزیشکی هەولێر و بەرپرسی لیژنەی ناوچەی ئایندە و ژمارەیەک لە مامۆستایان و فەرمانبەران و قوتابیان ئامادەی بوون، بەشەکانی فێستیڤاڵەکە بەسەرکرایەوە و کار و چالاکییە نمایشکراوەکان نیشانی ئامادەبووان درا.

لای خۆیەوە سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر دەستخۆشی لە رێکخەر و سەرپەرشتیاران و قوتابیانی بەشداربوونی فێستیڤاڵەکە کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن.

پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە بەرهەم و کارە دەستییەکانی قوتابیان رەنگدانەوی لەناو کۆلیژ و زانکۆکان هەبێت و بۆ ئەمەش قوتابیانی بەشداربووی هاندا کە بەشێک لە کارە دروستکراوەکانیان وەک دیاریی ئامادەبکرێن بۆ پێشکەش بە ئەو شاند و میوانانەی دێنە زانکۆ و لایەنە پەیوەندارەکان بکەن تاوەکو ئاشنای کارەکانیان ببن.