پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر ئەو پڕۆژانەی زانکۆی بەسەرکردەوە کە لە قۆناغی جێبەجێکردندان.
بەمەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە چۆنییەتی بەڕێوەچوونی ئەو پڕۆژانە زانکۆی بەسەرکردەوە کە لە قۆناغی جێبەجێکردندان، پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی پرۆژەی دروستکردنی باڵەخانەی تاقیگەکانی لە کۆلیژی تەکنەلۆجی هەولێر بەسەرکردەوە و لە نزیکەوە گفتوگۆی لەگەڵ ئەندازیارانی سەرپەرشتیار و بەڵێندەری پڕۆژەکە کرد.
هەر لەمیانی بەداواداچوونەکانیدا، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر باڵەخانەی سەنتەری چالاکی قوتابیانی بەسەرکردەوە کە لە قۆناغی کۆتاییدایە و سەردانی بەشەکانی باڵەخانەکەی کرد. هەروەها سەردانی پڕۆژەی دروستکردنی باخچەی مودێرنی ناو کەمپی ژمارە ١ی زانکۆی کرد و لەنزیکەوە بەدواداچوونی بۆ کارەکان کرد و رێنوێنی بە ئەندازیاران دا و داوایان لێکرا بۆ خۆئامادەکردن بۆ قوناغی دووەمی پڕۆژەکە.
جێی ئاماژەیە، لە دوای دەستبەکاربوونی پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی وەک سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا چەندین پڕۆژەی گرنگ کە بەشێکە لە پلانی بنیاتنانی ژێرخانی زانکۆ، خراونەتە بواری جێبەجێکردن و بەشێکیشیان تەواوبوون و خراونەتە خزمەتی زانکۆوە.








