سەرۆکی زانکۆ بەشداریی لە کۆبوونەوەی بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا لەگەڵ سەرۆکى زانکۆى (Dundee)ی بەریتانى دەکات

سەرۆکی زانکۆ بەشداریی لە کۆبوونەوەی بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا لەگەڵ سەرۆکى زانکۆى (Dundee)ی بەریتانى دەکات

پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەشداریی لە کۆبوونەوەی بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەی زانستیی لەگەڵ سەرۆکى زانکۆى (Dundee)ی بەریتانى کرد.

بەمەبەستى پەرەپێدانى بوارى زانستى و ئەکادیمى و ئاڵوگۆرى مامۆستایان و قوتابیان و خوێندکاران، وەفدێکى زانکۆى (Dundee) دەندى بەریتانى سەردانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کردو لەگەڵ ستافى وەزارەت کۆبۆوە.

پ.د. عبدالفتاح عبدالرزاق، بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پێشوازی کرد لە پ.ئییەن گیلیپسى، سەرۆکى زانکۆى (Dundee) دەندى بەریتانى و شاندێکی یاوەرى کە پێکهاتبوون لە پرۆفیسۆر محەمەد ئەلئوزرى، سەرۆکى ئەنجوومەنى عێراقى – بەریتانى بۆ کار، د. جەیسن نۆریس، بەرپرسى پارتنەر لە زانکۆى دەندى بەریتانى کە بەمەبەستى ئەنجامدانى چەند پرۆژەیەکى هاوبەشى زانستى لەگەڵ چەند زانکۆیەک لە هەرێمى کوردستانن.

لە دیدارێکدا کە سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و ژمارەیەک لە سەرۆک زانکۆکانى کوردستان و ڕاوێژکارى وەزیر و بەڕێوەبەرانى گشتى ئامادەیبوون، سەرۆکی زانکۆى دەندى بەریتانیا خۆشحاڵى خۆى نیشاندا بۆ سەردانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و باسى لە ئەرک و کارى هاوبەشى زانکۆکەى کرد لەگەڵ زانکۆ و دامەزراوەکانى هەرێمى کوردستان.

لە وتەیەکیشدا بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى باسى لە پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان لەگەڵ وڵاتى بەریتانیا کرد، بۆ ئەمەش گوتى: وەزارەتەکەمان لە ڕابردودا زۆرترین پڕۆژەى زانستی هاوبەشى لەگەڵ زانکۆ و دامەزراوەکانى وڵاتى بەریتانیا هەبوە و زۆرترین وەبەرهێنانی زانستی لە بوارەکانی پەرەپێدانی تواناکان و توێژینەوەی هاوبەش و ئاڵوگۆری ئەکادیمی لەگەڵ زانکۆکانتان هەبووە بۆیە خوازیارین ئەم پەیوەندییە زانستییانە فراوانتر بن و بوارەجیاجیاکانی تایبەت بەگەشەپێدانی کەرتی خوێندنی باڵا لەخۆ بگرێت.

بۆ ئەمەش گوتى: بەشێکى گرنگ و ستراتیژى کارى ئێمە بریتیە لە فراوانکردنى پانتایى خوێندنى تەکنیکى و پیشەیى لە هەرێمى کوردستان، لەو چوارچێوەیەشدا بەپێویستى دەزانین کەناڵێکى ڕاستەوخۆ و باشتر لەگەڵ بازارى کارى کوردستان ئەنجام بدەین، بۆ جێبەجێکردنى ئەم ئامانجانە پێویستمان بە شارەزایى و لێهاتوویى و توانا زانستییەکانتان هەیە، بۆ ئەوەى سوود لە ئەزموون و تواناى ئەو وڵاتە وەربگرین. هەروەها بریکارى وەزارەت باسی لە پلانی وەزارەت بۆ ڕیفۆرم و چاکسازى و پێداچوونەوە بە پرۆگرامى خوێندنى سەرجەم بەشەکانى زانکۆکانى کوردستان کردو گوتى بەشداری و هەماهەنگی شارەزایانی بەریتانیا زۆر یارمەتیدەر دەبێت لە سەرخستنی ئەم پرۆژەیە.

لە کۆتایی کۆبونەوەکەدا چەند بابەتێکى زانستى و ئەکادیمى بۆ پەرەپێدانی زیاترى پەیوەندییەکان لەنێوان هەردوولا ئاڵوگۆڕکرا.