زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و زانکۆی نێودەوڵەتیی تیشک کۆتایی بە خولێکی دیکەی راهێنان دەهێنن

رۆژی چوار شەممە ٣١ـی ئایاری ٢٠٢٣ لە شاری دهۆک بە ئامادەبوونی وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان دانا عەبدولکەریم و نوێنەری سەرۆکی زانکۆ پ.ی.د. بۆتان مەجید ئاسنگەر، رێورەسمی کۆتاییهاتنی خولێکی ئەندازیاریی تایبەت بە رەوشی رێگاوبان و پرد لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی رێگاوبانی دھۆک بەڕێوەچوو.


هەر لە رێورەسمەکەدا کە بریکارانی وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و ژمارەیەک لە راوێژکاران و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەت و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکومی سنورەکە ئامادەیبوون، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن وتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەئامادەبوونی لەو رێورەسمەدا و رایگەیاند؛ خۆشحاڵم لەم شارە خۆشەویستە لەگەڵ ئەندازیاران و مامۆستایان و تیمی وەزارەت کۆبووینەتەوە بۆ بەخشینی بڕوانامە بە ئەندزیارانی بەشداربوو، بێگومان کردنەوەی ئەم جۆرە خولانە رۆڵ و کاریگەری گرنگی دەبێت لە پەرەپێدان و ئەنجامدانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان.

خولەکە بە سەرپەرشتی هەردوو زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆی نێودەوڵەتیی تیشک بەرێوەچوو کە٤٠ ئەندازیاری وەزارەتی ناوبراو بەگشتی بەشداربوون، و وانەکان لە لایەن مامۆستایانی هەردوو زانکۆ پێشکەش دەکران. لەکۆتایی رێورەسمەکەدا بڕوانامەی دەرچوون بەخشرایە ئەندازیاران و بڕوانامەی رێزلێنان بە مامۆستایان بەخشرا.

جێی ئاماژەیە، پێشتر بە سەرپەرشتی هەردوو زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆی نێودەوڵەتیی تیشک خولێکی سێ مانگە بۆ ٧٠ ئەندازیاری دیکەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان لە هەولێر کرایەوە و وانەکان لە لایەن ١٠ مامۆستای هەردوو زانکۆ گوترانەوە.