زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر وۆرکشۆپی (گەرانی داهێنەرانە بەدوای کار و دروستکردنی تۆری پەیوەندی و پێشکەشکردنی کار)ـی رێکخست

رۆژانی 2- 4ـی ئایار 2023 لە سەنتەری توێژینەوەی زانستی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، بەرێوەبەرایەتی سەنتەری گەشەپێدان بۆکار بەهاوکاری رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆواتر وۆرکشۆپی راهێنانی راهێنەران و گەرانی داهێنەرانە بەدوای کار و دروستکردنی تۆری پەیوەندی و پێشکەشکردنی کار ئەنجامدا.

وۆرکشۆپەکە بە ئامادەبوونی یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی، بەرێوەبەری سەنتەری گەشەپێدان بۆ کار، بۆ ژمارەیەک لە مامۆستایانی کۆلێژ و پەیمانگە تەکنیکییەکان رێکخرابوو بۆ ماوەی ٣ رۆژ بە مەبەستی ئامادەکردنی راهێنەران بۆ ئاشنا کردنی قوتابیان بە چۆنیەتی گەران بەدوای کاردا و هەنگاوەکانی ئامادەکاری بۆ دۆزینەوەی هەلی کار.

پاشان شارەزایانی نێودەوڵەتی لە بواری پێشانگای هەلی کار و گەرانی داهێنەرانە بەدوای کاردا، بەرێزان مارک و ڤیکتۆر ئید بابەتێکیان پێشکەش کرد و تیایدا بە پێی ستانداردە جیهانیەکان، دەرچووانی زانکۆ سوودمەندی یەکەم دەبن بۆ دەست خستنی کار لە بازاڕی کاری هەرێمی کوردستان. هەروەها مامۆستایانی بەشداربوو ئاشنابوون بە نوێ ترین رێگاکانی دۆزینەوەی هەلی کاری سەردەمیانە و ئامادەکردنی قوتابیانی دەرچوو بۆ بازاری کار، لە ماوەی سێ رۆژدا راهێنانیان وەرگرت.

ئەمڕۆ پێنج شەممە رێکەوتی 4ـی ئایاری 2023 کۆتایی بە وۆرکشۆپەکە هات و لە لایەن سەرۆکی زانکۆ پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی بروانامە بەسەر مامۆستایانی بەشداربوودا دابەشکرا.

 

وۆرکشۆپەکە لە چوارچێوەی پرۆژەیەکی هاوبەشە لەلایەن دامەزراوەی (کۆواتەر ئینتەرناشناڵ) و (جی.ئای. زی)ـی ئەڵمانی جێبەجێ دەکرێت و لە لایەن یەکێتی ئەوروپاوە کۆمەکی دارایی دەکرێت.

پرۆژەکە بۆ ماوەی سێ ساڵ بەردەوام دەبێت کە دوو بواری سەرەکی لەخۆدەگرێت کە ئەوانیش: پەرەپێدان و پێشخستنی پرۆگرامەکانی خوێندنی بەشی ڤێتێرنەری لە کۆلێژی تەکنیکی شەقڵاوە ناردنی ستافی ئەکادیمی بەشی ناوبراو بۆ زانکۆیەکانی یەکێتی ئەوروپا بەتایبەتی بۆ وڵاتی بەلجیکا و هۆڵەندا بەمەبەستی ئاشناکردنیان بە نوێترین شێوازی تەکنیکی بەشی ڤیتێرنەری و چۆنیەتی ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی سەردەمییانە و چارەسەرکردنی کەمکردنەوەی کێشە کشتوکاڵیەکان و زیاترکردنی بەرهەم.

لایەنی دووەمی جێبەجێکردنی پرۆژەکە گرنگی دانە بە ستافی کارگێری بەرێوەبەرایەتی گەشەپێدان بۆ کار لە سەرۆکایەتی زانکۆ، ئەنجامدانی چەند وۆرکشۆپ لە بواری پەرەپێدانی تواناکان و دروست کردنی پەیوەندی نێوان زانکۆ و بازاری کار.