Daily Archives: ئازار 8, 2023

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کۆتایی بە خولێکی تۆپی پێی بچووککراوە هێنا

رۆژی چوارشەممە رێکەوتی 8ـی ئاداری 2023 بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆ پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی و یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ و بەڕێوبەرانی سەرۆکایەتی زانکۆ و مامۆستایان و قوتابیان، کۆتایی بە خولێکی تۆپی پێی بچووککراوە هات کە بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران کرابوویەوە.

لە درێژەی کاروچالاکییەکانی بەڕێوبەرایەتی چالاکییەکانی سەرۆکایەتی زانکۆ، کۆتایی بە خولێکی تۆپی پێی بچووککراوە هات کە لەسەر ئاستی زانکۆ بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران کرابووەوە، لە یاری کۆتاییدا تیپی مامۆستایان و فەرمانبەرانی کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر بە ئەنجامی 5 گۆڵ بەرامبەر بە 4 گۆڵ لە تیپی مامۆستایان و فەرمانبەرانی سەرۆکایەتیی زانکۆی بردەوە و بوونە پاڵەوانی خولەکە.

پاشان لە لایەن سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆوە خەڵات بەسەر سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەرانی خولەکە و پاڵەوان و باشترینەکاندا دابەشکرا، کە بەم شێوەیە بوو باشترین یاریزان و گۆڵکاری خولەکە ئاکار عەبدولستار، باشترین گۆڵپارێز ئاکۆ حسین.

بەبۆنەی رۆژی جیهانی ئافرەتانەوە لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر چەند چالاکییەک ئەنجامدرا

رۆژی چوار شەممە رێکەوتی 8ـی ئاداری 2023 بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆ پ.د. ئیدریس محمەدتاهیر هەرکی و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ بە بۆنەی رۆژی جیهانی ئافرەتانەوە لە کۆلێژ و پەیمانگەکانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر چەند چالاکییەک ئەنجامدرا.

سەرەتا لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی سەرۆکایەتی زانکۆ بەشی لەدایکبوون و ئافرەتان لە پەیمانگەی تەکنیکی پزیشکی هەولێر چالاکییەکیان رێکخست و لە دەستپێکدا سەرۆکی زانکۆ وتەیەکی پێشکەش کرد، دوای بەخێرهاتنی ئامادەبووان، پیرۆزبایی ئەم رۆژە جیهانییەی لە سەرجەم ئافرەتانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و کوردستان و جیهان کرد و وتی:

“هەموومان کەیفخۆشین بەم رۆژە و ٨ـی مارس لە هەموو لایەک پیرۆز بێت، بەڕێزان ئەگەر کورتەیەک لەسەر دیاریکردنی ئەمڕۆژە باس بکەین کە چۆن و بۆچی ئەم رۆژە دیاریکراوە، مێژووەکەی دەگەرێتەوە بۆ ساڵی 1857 کە لە ئەمریکا بۆ یەکەمجار ژمارەیەک ئافرەت کە لە کارگەیەکی دوورینی جلوبەرگ کاریان دەکرد، هەستیان بە ستەمێک کردبوو ئەویش جیاوازیکردن بوو لەنێوان پیاو و ئافرەت لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا خۆپیشاندانێکیان ئەنجامدا و ناڕەزاییان دەربڕی و داوای مافی خۆیان کرد.

دوای ئەو رێکەوتەش دووبارە لە ئەمریکا لە ساڵانی 1907 و 1908 لە 8ـی مارسدا یادی ئەو نارەزاییە کراوەتەوە و خۆپیشاندان ئەنجامدراوە، پاشان لە ئەوروپاش لە ساڵی 1911 بە خۆپیشاندان و ناڕەزایی یادی ئەو رۆژە کراوەتەوە و ئافرەتان داوای مافی خۆیان کردووە، دواتر لە کاتی جەنگی جیهانی یەکەمدا لە ساڵی 1913 و 1914 دووبارە لە یادی 8ـی مارسدا ئافرەتان خۆپیشاندانیان ئەنجامداوە، ئەمجارە حیزبی کۆمۆنیستی رووسیاش پشتگیری داواکانی کردوون ئیتر بەمشێوەیە ساڵانە لەم شوێن و لەو شوێن بەردەوام بووە تا ساڵی 1975 بەفەرمی لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دان بەو رۆژەدا نراوە و بووەتە رۆژی جیهانی ئافرەتان.

بەڕێزان ناکرێ رۆژی ئافرەتان بەس بۆ کەیف و بۆ خۆشی بەڕێ بکەین، پێویستە ئافرەتان سوود لەم رۆژە وەربگرن و بیکەنە رۆژی هاندانی خۆیان بۆ بیروباوەڕیان بەخۆیان و مافەکانیان و هەوڵ بدەن ئەو بیروباوەڕە زیاتر بچەسپێت لە عەقڵیەت و بیرکردنەوەیان و بەردەوام هەوڵ بدەن بۆ ئەوەی زیاتر مافەکانیان بەدەست بهێنن.

خۆشبەختانە لە هەرێمی کوردستان تا رادەیەکی زۆرباش لە چاو ئەو وڵاتانەی کە لە دەوروپشتی خۆشمانن پرسی ئافرەت و مافەکانی ئافرەت بەرەوپێشچووە، بەڵام هیوامان ئەوەیە کە زۆر زیاتر لەمەی کە هەیە بەرەوپێش بچێت، دووبارە ئەم رۆژەتان  پیرۆزبێت”.

دواتر لە لایەن سەرۆک بەشی لەدایک بوون و ئافرەتان مامۆستایانی بەشەکەوە سێ سیمنار پێشکەشکرا لەسەر رۆڵ و گرنگی ئەرک و لەخۆبووردوویی ئافرەتان لە سەرجەم کایەکانی ژیان چ لە دەرەوە کارکردن وەک مامۆستا و فەرمانبەر ئەرک هەڵگرتنی بەرپرسیاریەتی و راپەڕاندنی کارەکان و چ لە ماڵەوە وەک پەروەردەکردنی منداڵ و کۆمەڵگە.

پاشان رێزلێنان بەخشرایە مامۆستایانی بەشەکە.

چالاکی دووەم لە بەشی ژمێریاریی کۆلێژی تەکنیکی کارگێری هەولێر بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆ و یاریدەدەرانی و راگری کۆلێژی ناوبراو د. ئازاد بەرێز ئەمین لاجانی بەرپرسی لێژنەی ناوچەی ئایندەی پارتی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی رۆژی 8ـی مارس رۆژی جیهانی ئافرەتانەوە بەڕێوەچوو، کە تیایدا بڕوانامەی رێزلێنان بەخشرایە مامۆستایان و فەرمانەبەران و قوتابیانی ئافرەت، سەرۆکی زانکۆ پیرۆزبایی ئەم ڕۆژەی لێکردن و هیوای یەرکەوتن و بەردەوامی بۆ خواستن و رۆڵی ئافرەتانی لە زانکۆ بەگرنگ وەسف کرد.