بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆ بڕوانامە بەسەر بەشداربووانی خولێک لە بواری گەشتیاری و بیناسازیی دابەشکرا

بە ئامادەبووانی پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، لە ڕێوڕەسمێکدا بڕوانامە بەسەر بەشداربوونی خولێک لە بواری گەشتیاری و بیناسازیی دابەشکرا.

لە رێوڕەسمەکەدا کە لە قەڵای هەولێر بەڕێوەچوو و هەریەک لە نوێنەری یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق، و بەڕێوەبەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، پ.ی.د.رەنج سیروان عەبدوڵڵا و ژمارەیەکی دیکە لە میوانان ئامادەی بوون، سەرۆکی زانکۆ گوتارێکی پێشکەش کرد.

لە گوتارەکەیدا، پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سوپاسی لایەنی جێبەجێکاری خوڵەکەی کرد کە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێریان دەستنیشان کردووە وەک لایەنێک بۆ جێبەجێکردنی خولی پەرەپێدان بە تواناکانی گەنجان بۆ دەرچووانی زانکۆ و کۆمەڵێک لە گەنجانی خەڵکی شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و لاوانی رۆژئاوای کوردستان کە لەم رێگەیەوە دەرفەتی کاریان بۆ رەخساوە.

پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی ئاماژەی بە رۆڵی زانکۆ کرد کە جگە لەوەی وەک ناوەندێکی زانستی و ئەکادیمی خزمەت دەکات لە هەمانکاتدا رۆڵێکی گەورەی دەبینێت لە خزمەتکردنی کۆمەڵگا، هاوکات خۆشحاڵی خۆی نیشاندا بەوەی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە دوو رێگەوە خزمەت بە قەڵای هەولێر دەکات کە یەکیان برتییە لەوەی ژمارەیەک لە مامۆستایان زانکۆکە وەک وانەبێژ بەشداربوون لە خولی پەرەپێدان بە تواناکانی گەنجان و لەلایەکی دیکەیشەوە ژمارەیەک لە دەرچووانی زانکۆکە بەشداربووانی خولەکە بوون.

دواتر بڕوانامە بەسەر بەشداربووانی خولەکە دابەشکرا.

جێی ئاماژەیە، لەم خولەدا کە ٤٠ کەس بەشداربوون، لە ماوەی ٢٠ رۆژدا راهێنانیان پێکرا لەبواری گەشتوگوزار و شوێنەوار و دواتر هەلیکاریان بۆ رەخسێندرا کە بەشداربن لە پرۆسەی نوژەنکردنەوەی قەڵای هەولێر کە لە لیستی شوێنەوارە مێژوویەکانی رێکخراوی یونسکۆدایە.

کردنەوەی ئەم خولی راهێنان و رەخساندنی هەلی کارە بۆ ژمارەیەک گەنج، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی زانکۆمانە لەگەڵ رێکخراوی کریکاری نێودەوڵەتیی (ILO) بە پشتوانی دارایی یەکێتی ئەورووپا و یونسکۆ، لایەنی جێبەجێکاری بەرنامەکە بوو کە لە میانیدا بەشداربووانی ئاستی توانستیان لە بوارەکانی گەشتوگوزار و شوێنەوار بەرزکرایەوە.