زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆی سەڵاحەدین (کۆڕبەندی متمانە و کوالیتی دەستنیشان کردنی نەخۆشیەکان)یان رێکخست

رۆژی پێنج شەممە رێكه‌وتی 23ـی شوباتی 2023 له‌ هۆتێل شیڕاتۆن به‌ ئاماده‌بوونی سەرۆکی زانکۆ پ.د. ئیدریس محمد تاهیر هەرکی، پارێزگاری هه‌ولێر ئومێد خۆشناو، ڕاوێژكاری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان د.كارزان كریم ، ڕاوێژكاری وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا د.ئه‌میر چالی، سه‌رۆكی زانكۆی هه‌ولێری پزیشكی پ.ی.د.نورالدین وێردی و یاریده‌ده‌رانی سه‌رۆكی زانكۆی  پۆلیتەکنیکی هەولێر و سه‌لاحه‌دین- هه‌ولێر و ئەندامانی پەرلەمان کۆڕبەندی دیقه‌ت، متمانە و کوالیتی دەستنیشان کردنی نەخۆشیەکان بەڕێوەچوو.

ئەم کۆڕبەندە لە لایەن زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆی سەلاحەددین – هەولێر بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان و رێکخراوی ئێکۆ بۆ پەروەردە و تەندروستی کۆمەڵ ڕێکخرا.

کۆڕبەندەکە بە ساتێک وەستان و گوێکرتن بۆ سروودی نیشتمانی دەستیپێکرد پاشان سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر وتەیەکی پێشکەشکرد و تیایدا بەخێرهاتنی میوانان و بەرپرسانی حزبی و حکومی کرد و گووتی:

خۆشحاڵین ئەمڕۆ لەگەڵ زانکۆی سەڵاحەدین و وەزارەتی تەندروستی لە بەرنامەیەکی تری خزمەتگوزاری کۆمەڵگە لەم کۆڕبەندە پێکەوە کۆبووینەتەوە.

بەڕێزان وەکو لای هەموومان ئاشکرایە زانکۆ جگە لە کاری پێشکەشکردنی مەعریفە و توێژینەوەی زانستی کارێکی تریشی ئەوەیە کە بەردەوام خزمەتگوزاری پێشکەش بە کۆمەڵگە بکات، چ لەڕێگەی کەرتی تایبەت یاخود کەرتی گشتی، چ بە هاوبەشی بێت لەگەڵ رێکخراو و زانکۆکان، خۆشبەختانە ئێمە لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لەماوەی ئەمساڵدا چەندین بەرنامەی لەم شێوەیەمان ئەنجامداوە بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگە چ بە هاوبەشی لەگەڵ رێکخراوەکان چ لەگەڵ زانکۆکان.

بەڕێزان زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پێکدێت لە شەش کۆلێژ و شەش پەیمانگە و زیاتر لە 42 پرۆگرامی خوێندن لە 132 بەشی زانستی پێشکەش دەکات کە نزیکەی 41 بەشیان تایبەتن بە تەندروستی و پزیشکی، لەو ژمارەیەش 11 بەشیان لە ئێواران و بەیانیان تایبەتن بە شیکاری نەخۆشییەکان.

بەرێزان ئەم بابەتە بابەتێکی گرنگە بۆ هەموو تاکێکی کۆمەڵگە، چونکە هەموو تاکێک پێویستی بە پشکنیکی نەخۆشی هەیە، پێمانوایە ئەوەی پەیوەستە بەم بابەتەوە سێ خاڵی گرنگن ئەوانیش چۆنیەتی پێگەیاندنی کادری تاقیگەکان، کوالیتی ئامێرەکان کە لەدەرەوە هاوردە دەکرێن، پێداویستیەکانی تاقیکاری وەک ئەو دەرمان و ماددە کیمیاوییانەی کە لە شیکارییەکاندا بەکاردێن، بۆیە دەبێت ئەم کۆربەندە فۆکس بخاتە سەر ئەم خاڵانە.

ئەوەی پەیوەستە بە زانکۆ و کۆلێژ و پەیمانگەکانەوە چۆنیەتی پێگەیاندنی ئەو کادیرانەیە، دەبێت ئێمە لە زانکۆکان رژد بین لەسەر ئەوەی چۆن ئەو کادیرانە پێدەگەیەنین، هەروەها چۆن بەهاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی راهێنان بەو قوتابیانە دەکەین، بە خۆشحاڵییەوە لە ئێستادا لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی بەهاوبەشی ئەم کارە ئەنجام دەدەین ، ئێمە وەک زانکۆ گرنگی تایبەتمان پێداوە و بەرنامەی تایبتیشمان بۆی داناوە.

لە کۆتاییدا دەمەوێت سوپاسی سپۆنسەر و ئەندامانی لێژنەی سەرپەرشتی ئەم کۆڕبەندە بکەم هیوادارین ئەنجامی کۆڕبەندەکە ببێتە هۆکارێکی تر بۆ باشترکردنی کوالیتی دەرچووان و باشترکردنی بەڕێوەچوونی هەموو ئەو پشکنینانەی کە لە تاقیگەکاندا ئەنجام دەدرێت و تاکو بۆ هەموو لایەکمان سوودبەخش بێت و هەموو لایەکیشمان تەندروست باش بین، دووبارە سوپاس و زۆر بەخێربێن. پاشان دەستکرا بە پرۆگرامی کۆڕبەندەکە بە پێشکەشکردنی پرێزنتەیشن و پانێڵەکان.