زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی کار(ئای.ئێڵ.ئۆ) وۆرکشۆپی کارخوازان لەسەر ڕێنمایی پیشەیی رێکدەخات

رۆژی پێنج شەممە رێکەوتی 23ـی شوباتی 2023 بە ئـامادەبوونی یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ ژمارەیەک ئەندامی ئەنجومەنی زانکۆ و بەڕێوبەرانی سەرۆکایەتی زانکۆ و سەرۆک بەشەکانی کۆلێژ و پەیمانگەکان، وۆرکشۆپی بۆ کارخوازان لە سەنتەری رۆشنبیری زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەڕێوەچوو.

ئەم وۆرکشۆپە لە لایەن رێکخراوی (ئای. ئێڵ. ئۆ) سەرپەرشتی دەکرێت و لە لایەن زریان جمال خضر/بەرپرسی باڵای پرۆژە لە هەرێمی کوردستان/ڕێکخراوی (ILO) و هێمن هادی پیرداود/ ڕاهێنەر پێشکەش دەکرێت، و ئامانج لێی روونکردنەوەی چۆنیەتی پێشکەشکردنە بۆ دۆزینەوەی هەلیکار لەسەر ڕێنمایی پیشەیی ڕێکخراوی کار بۆ کارخوازان، هەروەها سوودمەندبوونی قوتابیانە لە باشترکردنی کوالیتی و بەردەستبوونی خزمەتگوزارییەکانی دامەزراندن.

وۆرکشۆپەکە یارمەتی قوتابیان دەدات لە بازاڕی کار تێبگەن، ئامانجەکانیان دیاری بکەن، ئامرازەکانی پەیوەندیکردن و میدیاکانیان دروست بکەن، ئینتەرنێت بەکاربهێنن و لە کۆتاییدا، بە سەرکەوتوویی تێکەڵ بە کۆمپانیا نوێیەکە ببن.

شیاوی باسە ئەم وۆرکشۆپە لە لایەن رێکخراوی کار (ئای. ئێڵ. ئۆ) بۆ قوتابیانی زانکۆکانی عێراق و هەرێمی کوردستان رێکخراوە لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بە بەشداری زیاتر لە 600 قوتابی لە قوناغەکانی دوو و چوار بەڕێوەچوو.