شاندێکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەشداری لە سمینارێکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان کرد

پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بە یاوەری یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا و بەرێوەبەری سەنتەری توێژینەوە و بەرێوەبەری هەردوو سەنتەری زمان و سەنتەری پێداگۆجی، بەشداربوون لە سمیناری مامۆستا ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بە ناونیشانی ( هەڵمەتی جیهانیی بۆ پەروەردەیەکی یەکسان و دادپەروەر).

سمینارەکە کە رۆژی دووشەممە 6ـی شوباتی 2023 لە بارەگای یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بەڕێوەچوو، لە چوارچێوەی هەڵمەتی جیهانی بۆ فێربووندا بوو کە رێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ پەروەردە پێی هەڵدەستێت.

لەو سمینارەدا گفتووگۆ لەسەر ئەو لایەنانە کرا کە پێویستە کاری لەسەر بکرێت لەو هەڵمەتەدا بەتایبەت ئەوەی پەیوەندی بە چۆنییەتی ئامادەکردنی مامۆستا و چۆنیەتی پتەوکردنی پەیوەندی نێوان هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، هەروەها باس لە کێشە و گیروگرفتەکانی بەردەم پەروەردە و فێرکردن لە هەرێمی کوردستان کرا.

باسکردن لە چۆنییەتی هاوکاربوونی کەرتی تایبەت لە پرۆسەی پەروەردە، هەروەها بژێوی مامۆستا لە قوتابخانەکان و کەرەستەکانی خوێندن تەوەرێکی دیکەی سمینارەکە بوو.

بە شێوەیەکی گشتی لە سمینارەکەدا باس لە هەموو ئەو فاکتەرانە کرا کە پەیوەستن بە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن.