Monthly Archives: كانونی دووه‌م 2023

سەرۆکی زانکۆ پێشوازی لە سەرۆکی یەکێتی زانکۆکانی جیهان دەکات

رۆژی دووشەممە رێکەوتی 15ـی کانونی دووەمی 2023 سەرۆکی زانکۆ پ.د. ئیدریس محمدطاهر هەرکی لە ئۆفیسی خۆی پێشوازی لە دکتۆر ئۆرهان حیکمەت ئۆغلۆ سەرۆکی یەکێتی زانکۆکانی جیهان کرد.

لە دیدارێکدا کە سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەددین پ.ی.د. کامەران یونس محمدئەمین، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سەڵاحددین بۆ کاروباری زانستی د. مصطفی، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بۆ کاروباری زانستی د. نجیب تۆما و ژمارەیەک بەڕێوبەرانی سەرۆکایەتی زانکۆ ئامادەیبوون، سەرۆکی یەکێتیی زانکۆکانی جیهان د. ئۆرهان پیرۆزبایی لە د. ئیدریس کرد بەبۆنەی دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، هەروەها لەلای خۆیەوە سەرۆکی زانکۆ زۆر سوپاسی بەڕێزیانی کرد.

هەر لەو دیدارەدا باس لە کارەکانی یەکێتیی زانکۆکانی جیهانی لە تورکیا کرا و جەخت کرایەوە لەسەر پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر وەک ئەندامی یەکێتییەکە لەگەڵ زانکۆکانی جیهانی بەمەبەستی سوود وەرگرتن لە ئەزموونی یەکدی وەک سوود وەرگرتن لە توانا مرۆیی و زانستییەکان و ئەنجامدانی چالاکی زانستی.

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر ژمارەیەک پێداویستی وەرزشی بۆ کۆلێژ و پەیمانگە تەکنیکیەکان دابین دەکات

لە ژێر چاودێری سەرۆکی زانکۆ پ.د. ئیدریس محمەدتاهیر هەرکی و بە ئامادەبوونی یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێڕی و قوتابییان، بەڕێوبەرایەتی چالاکییەکانی سەرۆکایەتی زانکۆ ژمارەیەک پێداویستی وەرزشیی بۆ سەرجەم کۆلێژ و پەیمانگە تەکنیکییەکان دابین کرد.

پێداویستییەکان پێکهاتبوون لە مێزی تایبەت بە یاری تۆپی سەرمێز و رێکت و تۆپ کە لەلایەن سەرۆکایەتی زانکۆوە بۆ کۆلێژ و پەیمانگە تەکنیکییەکان دابین کرابوو و بەسەرپەرشتی بەڕێوبەرایەتی چالاکییەکانی سەرۆکایەتی زانکۆ دابەش کرا.

هەر بۆ زیاتر گرنگیدان و بەرەوپێش بردنی بواری وەرزشی لە زانکۆمان و لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی زانکۆ بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا یاریگای تۆپی پێی بچووککراوە بەشێوەیەکی مۆدێرنانە لە سەرجەم کۆلێژ و پەیمانگە تەکنیکییەکان دروست بکرێت.

سەرۆکی زانکۆ سەردانی زانکۆی سەڵاحەددین دەکات

پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەمەبەستی گەیاندنی پیرۆزبایی زانکۆ بۆ زانکۆی سەڵاحەددین-هەولێر بەبۆنەی بەدەستهێنانی پلەی یەکەم لەسەر ئاستی زانکۆکانی عێراق لە ئەنجامی گوگڵ سایتەشتن، سەردانی زانکۆی سەڵاحەددینی کرد و لەلایەن پ.ی.د.كامه‌ران یونس محەمەدئه‌مین، سه‌رۆكی زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین-هه‌ولێر پێشوازیی لێکرا.

لەسەرەتای دیدارەکەدا سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی، هاوکات پیرۆزبایی خۆی و ئەنجوومەنی زانکۆی ئاراستەی سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەددین-هەولێر کرد بەبۆنەی یەکەمبوونی زانکۆکە لەسەر ئاستی زانکۆکانی عێڕاق و هەرێمی کوردستان کە لە دواترین بڵاوکراوەکانی ماڵپەڕی کلاریڤێتدا رایگەیەندرا بۆ جاری دووەم زانکۆی سەڵاحەددین لە ریزبەندی یەکەمی سەرجەم زانکۆ حکوومی و ناحکوومییەکانی عێراقە لە راپۆرتی

(InCite-WoS).

لای خۆیەوە سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین-هەولێر وێڕای بەخێرهێنانیی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، هاوکات خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەم سەردان و بەسەرکردنەوەیە دەربڕی و هیوای خواست لەگەڵ زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەماهەنگی و پەیوەندییەکانیان زیاتر و بەردەوام بێت و باشترین خزمەت پێشکەش بە قوتابییان و فەرمانبەران و مامۆستایان بکەن و پێکەوە ئاستی زانستی لە کوردستاندا بەرەوپێشتر ببەن.

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و رێکخراوی (دەبلیو ئێف پی) دەستیان بە جێبەجێکردنی پرۆژەی ئیمپاکت کرد

رۆژی چوارشەممە رێکەوتی 4ـی کانونی دووەمی 2023 لە سەنتەری رۆشنبیری زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بە ئامادەبوونی یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی د. نجیب تۆما بتو پرۆسەی تۆمارکردنی بەشداربووانی پرۆژەی ئیمپاکت دەستی پێکرد.

پرۆژەی ئیمپاکت بە چاودێری رێکخراوی خۆراکی جیهانی (دەبلیو ئێف پی) لە لایەن زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر  – بەرێوەبەرایەتی سەنتەری پەرەپێدان بۆ کارەوە جێ بەجێ دەکرێت، و لە لایەن حکومەتی ئەڵمانیا و بالیۆزخانەی ئەڵمانیا لە عێراق پاڵپشتی دارایی دەکرێت.

پرۆژەکە بە مەبەستی هاوکاری کردنی گەنجانی پەنابەری سوری و ئاوارەی ناوخۆی عێراق و گەنجانی سنوری پارێزگای هەولێر و دەوروبەری جێبەجێ دەکرێت بۆ بنیادنانی داهاتوویەکی پرشنگدار، وە دەستەبەرکردنی ژینگەیەکی زانستی کە لە ئاست خواستی دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگەکان بێت. لە رێگەی کردنەوەی خولی بەهێزکردنی تواناکانی بەشداربووان لە بوارەکانی (زمانی ئینگلیزی و زانستی کۆمپیوتەر) بۆ ماوەی 10 مانگ.

ئەم پرۆژەیە دەبێتە هاندانێک بۆ ئامادەکردنی دەرچووان بۆ بەدەست هێنانی هەلی کار لە ئێستا و لە داهاتوودا، وە دابینکردنی پێداویستییە زانستی و ڕۆشنبیری و مادییەکان.

شیاوی باسە پرۆژەی ناوبراو لە لایەن مامۆستایانی شارەزا و لێهاتووی زانکۆمانەوە بەشێوەی ئۆنلاین بەڕێوەدەچێت بۆ 150 دەرچووی کۆلێژ و پەیمانگەکان.