زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کۆتایی بە خولی تۆپی سەرمێز بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران و قوتابیان دەهێنێت

رۆژی یەکشەممە رێکەوتی 22ـی کانونی دووەمی 2023 بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆ پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی و یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری قوتابیان پ.ی.د. یوسف مصطفى رسول و ژمارەیەک لە راگری کۆلێژ و پەیمانگەکان، بەرێوبەرایەتی چالاکییەکانی سەرۆکایەتی زانکۆ، خولی تێنسی سەرمێزی بەجیا بۆ هەریەکە لە مامۆستایان و فەرمانبەران و قوتابییان (کچ، کوڕ)ـی سەرجەم کۆلێژ و پەیمانگە تەکنییەکانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کردەوە کە بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام بوو.

بەر دەستپێکی یارییەکانی خولەکە سەرۆکی زانکۆ وتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا دەستخۆشی لە بەرێوبەرایەتی چالاکییەکانی سەرۆکایەتی و سەرپەرشتیارانی خولەکە کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ بەشداربووان خواست، هەروەها پاڵپشتی خۆی بۆ ئەنجامدانی چالاکییە وەرزشییەکان دووپاتکردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە بڕیاریان داوە چەند پرۆژەیەکی وەرزشی لە کۆلێژ و پەیمانگەکان دروست بکرێت کە خزمەت بە قوتابیان دەکات.

شیاوی باسە لە رۆژی یەکەمی خولەکەدا چەند یارییەک بەڕێوەچوون، لە رۆژی دووەم رێکەوتی 23ـی کانونی دووەم یارییەکانی کۆتایی هەرسێ ئاستەکە بەڕێوەچوو کە ئەنجامەکان بەم شێوەیە بوون:

لەسەر ئاستی مامۆستایان و فەرمانبەران:

  1. بلند محمد عزیز فەمانبەر/ لە کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر.
  2. نبیل حمدی مصطفى/ فەرمانبەر لە سەرۆکایەتی زانکۆ

لەسەر ئاستی قوتابییان (کوڕان):

  1. إبراهیم حسن/ قوتابی کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر
  2. أحمد قادر/ قوتابی پەیمانگەی تەکنیکی کارگێڕی هەولێر

لەسەر ئاستی قوتابییان (کچان):

  1. بنار إسماعیل کریم/ قوتابی کۆلێژی تەکنیکی تەندروستی و پزیشکی
  2. رۆنیا سەردار محمد/ قوتابی پەیمانگەی تەکنیکی کارگێڕی هەولێر

لە کۆتاییدا لە لایەن راگری پەیمانگەی تەکنیکی کارگێڕی هەولێرو ياريدەدەری راگری کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر سەرۆک بەشەکان خەڵات بەسەر سەرپەرشتیار و ناوبژیوان و پاڵەوانانی خولەکەدا دابەشکرا.