زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و دەزگای خێرخوازی بارزانی جەخت لە گرنگی هەماهەنگی نێوانیان دەکەنەوە

پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەیاوەری پ.ی.د.نەجیب تۆما پتۆ یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا و پ.ی.د.یوسف مستەفا یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری قوتابیان سەردانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی کرد و لەلایەن موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگاکەوە پێشوازییان لێکرا.

لە دیدارەکەدا کە سەرۆکی بەشی بازاڕگەری لە کۆلێژی تەکنۆلۆجی کارگێری هەولێر، د.شێرزاد مەهدی ئامادەیی بوو، باس لە گرنگی خوێندنی تەکنیکی لە هەرێمی کوردستان کرا و هەردوولا کۆکبوون لەسەر بایەخدان بە کۆلێژ و بەشەکانی زانکۆ تەکنیکییەکان بەگشتی و زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەتایبەت بەو پێیەی دەچووانی وەک کادری ناوەندی خزمەت دەکەن.

هەر لە دیدارەکەدا وێڕای پەرەپێدان بە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا، هاوکات باس لە پێویستی ئەنجامدانی پڕۆژەی هاوبەش لەنێوان هەردوولادا کرا و لەمبارەیەوە جەخت لە بەشداربوونی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە چالاکییەکانی زانکۆمان و سوود وەرگرتنی دەزگاکە لە ئەزموونی دەرچووانی زانکۆمان کرایەوە کە دەبێتە هۆی رەخساندنی دەرفەتی کار بۆ دەرچووان.

لە کۆتایی دیدارەکەدا هەردوولا رێکەوتن لەسەر بەردەوامی و پەرەپێدانی زیاتر بە پەیوەندییەکان کە دەبێتە هەنگاوێک بۆ خزمەتکردنی زیاتری قوتابیان و دەرچووانی زانکۆمان.