زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر مەراسیمێک بۆ رێزلێنان لە هەڵگرانی نازناوی زانستی پرۆفیسۆر و پرۆفیسۆرە یاریدەدەرەکان رێکدەخات

رۆژی پێنج شەممە رێکەوتی 19ـی کانونی دووەمی 2023 بە ئامادەبوونی بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی د. عبدالفتاح عبدالرزاق، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پ.د. ئیدریس محمد تاهیر هەرکی بڕوانامە و مەدالیای رێزلێنانی بەخشییە هەڵگرانی نازناوی زانستی پرۆفیسۆر و پرۆفیسۆرە یاریدەدەری سەر بە میلاکی کۆلێژ و پەیمانگە تەکنیکییەکانی زانکۆمان.

لە مەراسیمەکەدا هەریەک لە راوێژکاری وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی د. ئەمیر چالی، راوێژکاری وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینی د.دیار جەباری، بەرپرسی لێژنەی ناوچەی ئاسۆ کاک لاوەند دزەیی، بەرپرسی ناوچەی ئایندە کاک ئەمین لاجانی، ژمارەیەک لە راگری کۆلێژ و پەیمانگەتەکنیکییەکان و مامۆستایانی زانکۆ ئامادەبوون.

لەسەرەتای مەراسیمەکەدا سەرۆکی زانکۆ پ.د. ئیدریس هەرکی وتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا بەخێرهاتنی میوانان و مامۆستایان و ئامادەبووانی کرد، هەروەها پیرۆزبایی لە هەڵگرانی نازناوی زانستی پرۆفیسۆر و پرۆفیسۆرە یاریدەدەرەکان کرد بەبۆنەی بەرزکردنەوەی پلەی زانستییان و وتی: “بەرێزان ئەو رێزلێنانە تەنها بریتی نیە لە مەدالیایەک یاخود بڕوانامەیەک بەڵکو رێزلێنانە لە شەونخونی بەرێزتان و لەو توێژینەوانەی بڵاوتان کردووەتەوە، رێزلێنانە لەو هەموو خزمەتەی زانکۆیی کە کردووتانە کە بەهۆیەوە گەیشتوون بەم رۆژە و بەخۆشحاڵییەوە زێزتان لێدەنرێت.

لە بەشێکی دیکەی وتەکەیدا سەرۆکی زانکۆ وتی: دەمانەوێت لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر زیاتر پەرە بە پلەی زانستی بدەین و ژمارەی پرۆفیسۆر و پرۆفیسۆری یاریدەدەر بگاتە ئاستێکی دڵخۆشکەر، ئەوەی ئێستا هەیە هەم لە ژمارەی مامۆستا و هەم لە ژمارەی ئەو بەرێزانەی کە پلەی زانستییان پرۆفیسۆر و پرۆفیسۆری یاریدەدەرە لەچاو ناوی گەورەی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە ئاستی پێویستدا نیە، بۆیە ئێمە هیوادارین کە بەرێزتان هەوڵبدەن توێژینەوەی زیاتر ئەنجامبدەن، ئەوانەی نەگەیشتوونەتە ئاستی پلەکەی ئێوە بەتایبەتی مامۆستا و مامۆستای یاریدەدر دەستیان بگرن و هانیان بدەن بۆ ئەوەی ئەوانیش بتوانن ئەو پلە زانستییە بەدەست بهێنن.

لەکۆتاییدا دووبارە پیرۆزباییتان لێدەکەم و بەڵێنتان پێدەدەم کە ئێمە بەردەوام دەبین لەسەر هاندان و پشتگیری کردنتان بۆ ئەوەی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێریش وەک زانکۆکانی دیکەی عێراق و کوردستان بگاتە ئاستێکی زۆر بەرزتر”.
پاشان دەستکرا بە دابەشکردنی خەڵاتەکان لە لایەن سەرۆکی زانکۆ و میوانان و راگری کۆلێژ و پەیمانگە تەکنیکییەکانەوە.